تا دێت رێژەی سەرتاشخانە و ئارایشگاکانی ژنان بەرزدەبێتەوە و لە ئێستاشدا لە شاری هەولێر ٩٥٠ سەرتاشخانە و ٨٤٨ ئارایشگای ژنان و ٣٥ شوێنی مەساجکردن هەیە و لیژنەکانی تەندروستیش ئاماژە بەوە دەکەن کە بەردەوام پشکنین بۆ ئەو شوێنانە ئەنجام دەدرێت و لەماوەی چەند مانگی رابردووشدا بەهۆی پابەند نەبوون بە رێنماییەکانی تەندروستی چەند شوێنێک داخراون، ئاشکرایشی دەکەن کە کرێکاری بیانیی هەبووە دوای پشکنینی تەندروستی دەرچووە کە هەڵگری ڤایرۆسی ترسناک بووە و بەم هۆیەوەش لە رێگای نشینگەی هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی وڵاتەکەیان کردووەتەوە.
بەڕێوەبەری
چاودێری تەندروستی و سەلامەتی خۆراک لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، سامی
نەجمەدین سەعید، سەبارەت بە شێوازی پێدانی مۆڵەت بە سەرتاشخانە و ئارایشگاکانی
ژنان، دەڵێت: "رێنماییمان بۆ هەموو
شوێنەکانی وەک سەرتاشخانە و ئارایشگاکانی ژنان، بەپێی رێنمایی تەندروستی ژمارە ٨٩ی
ساڵی ١٩٨١ دەبێت کە خۆی دەبینێتەوە لە هەردوو ماددەی ٣٣ و ٣٤ تایبەت بە پێدانی مۆڵەت
بەم شوێنانە، ئەوانیش بریتیین لە پشکنین بۆ شوێنەکە کە نابێت لە ١٦ مەتر چوارگۆشە
کەمتر بێت، لە رووی پاک و خاوێنی ژینگە و کەلوپەلەکان پشکنینيان بۆ دەکرێت، کرێکارەکان
بە هەمانشێوە پشکنینی تەندروستییان بۆ دەکرێت وەکو جۆرەکانی ئایدز، سفلس و ڤایرۆسی
جگەر، ئەگەر ئەنجامەکان بێ کێشە بوون، ئەوا مۆڵەتییان پێ دەدرێت".
سامی
نەجمەدین سەعید وتیشی: "بابەتی تاتۆکردنی برۆ و لێو، رێنمایی تایبەتی هەیە کە
لە سەرتاشخانەکانی پیاوان ناکرێت و ئەگەریش لە ئارایشگاکان بکرێت ئەوا دەبێت ئەو کەسە
بڕوانامەیەکی نێودەوڵەتی هەبێت و لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە پشتڕاست کرابێتەوە
و ئینجا ئەو کەسە دەتوانێت کار بکات، بە هەمانشێوە بابەتی فیلەر و بۆتاکس دەبێت لە
سەنتەرەکانی جوانکاری بکرێت و مۆڵەتیش لە وەزارەتی تەندروستی وەربگرن".
بەگوێرى
ئامارەکانى دەستەى ئاماری هەرێمی کوردستان، رێژەی دانیشتووانی سەنتەری شاری هەولێر،
بریتییە لە ١ ملیۆن و هەزار و ١٦٣ کەس و هاوکات ئاماری گشتی سهرتاشخانهی پیاوان
و ئارایشگاکانی ژنانیش بۆ ئەمساڵ بریتییە لە هەزار و ٧٩٨ شوێن لە سەنتەری شاری هەولێر.
سەبارەت
بە ئامارەکانی سەرتاشخانەی پیاوان و ئارایشگاکانی ژنان لە هەولێر، سامی نەجمەدین سەعید
وتی: "لە سەنتەری شاری هەولێردا ٩٥٠ سەرتاشخانەی پیاوان و، ٨٤٨ ئارایشگای
ژنان هەیە و لە ماوەی چوار مانگی رابردووشدا دوو ئارایشگای ژنان و دوو سەرتاشخانەی
پیاوان بەهۆی پابەند نەبوون بە رێنماییەکانی تەندروستی، داخراون، هاوکات ساڵی
رابردووش ١٠ شوێن بەهۆی سەرپێچیکردنەوە داخراون و ١٠ شوێنی دیکەش بە بڕی جیاواز
سزای ماددی دراون".
ئارایشگاکانی ژنانیش بۆ ئەمساڵ بریتییە لە هەزار و ٧٩٨ شوێن لە سەنتەری شاری هەولێر.
لەبارەی
چاودێریکردن و سزادانی ئەو شوێنانەی کە سەرپێچی رێنماییەکان دەکەن، سامی نەجمەدین
سەعید گوتی :"چاودێری کەلوپەلی سەرتاشخانە و ئارایشگاکان دەکەین، پێویستە کرێکار
جلوبەرگی تایبەت بپۆشێت و لە حاڵەتی هەبوونی لادان لە رێنماییەکاندا، ئەوا لە جاری
یەکەم ئاگاداری دەکەینەوە و جاری دووەم سزای دەدەین کە ئەویش دوو جۆرە حاڵەت هەیە،
یان تا بڕی ٥٠٠ هەزار دەسەڵاتمان هەیە شوێنەکە سزا بدەین، یان شوێنەکە دادەخەین".
لە
پاڵ سەرتاشخانە و ئارايشگاکان، چەند شوێنێکی دیکە هەیە کە تایبەتە بە مەساجکردن کە
لە بەشێک لە هۆتێل و سەنتەرەکانی سپا ئەنجام دەدرێت و یاریدەدەری بەڕێوەبەری
پاراستنی تەندروستی هەولێر و سەرۆکی لیژنەی شوێنەکانی مەساج ئاماژە بەوە دەکات کە
٣٥ شوێنی مەساج لە سەنتەری شاری هەولێر هەیە و لەم شوێنانەش کرێکاری چەند وڵاتێکی
دیاریکراو کاری تێدا دەکەن و هەر سێ مانگ جارێکێش پشکنینی تەندروستی بۆ کرێکارەکان
ئەنجام دەدرێت.
یاریدەدەری
بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی هەولێر و سەرۆکی لیژنەی شوێنەکانی مەساج، جەمال ئەحمەد
محەمەدئەمین لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "شوێنی مەساجەکان دوو جۆرن،
یەکەمییان لە هۆتێلەکانی چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرە ئەنجام دەدرێن، دووەمیشیان لە
سەنتەرەکانی سپا، ئەوانەش رێنمایی تایبەتییان هەیە بۆ پێدانی مۆڵەتی کارکردن، چونکە
سەنتەرەکانی سپا پێویستە رووبەرەکەی ٣٠٠ مەتر چوارگۆشە کەمتر نەبێت و مەلەوانگە و
هۆڵی وەرزشی و ساونا و گەرماوی هەڵمیی تێدابێت".
لەبارەی
چۆنیەتی شێوازی ژوورەکانی مەساجیش، جەمال ئەحمەد محەمەدئەمین گوتی: "ژوورەکانی
مەساج رێنمایی تایبەتی هەیە، پێویستە سەریری تایبەت هەبێت و رووناکی ژوورەکانی دەبێت
سپی بێت و تینی هەبێت و رووناکی رەنگاوڕەنگ رێگاپێنەدراوە و، دەبێت دەرگاکانی ژووری
مەساج قوفڵی نەبێت و بۆ ئەوەی لە هەموو حاڵەتێکدا بتواندرێت بچیتە ژوورەوە، بەڵام
لە هۆتێلەکان مەرج نیيە هۆڵی وەرزشی و مەلەوانگەی هەبێت".
نزیکەی ٣٥ شوێنی مەساجکردن لەهەوڵیر هەیە
لەبارەی
ئاماری سەنتەرەکانی مەساج لە شاری هەولێر، جەمال ئەحمەد محەمەدئەمین وتی: "لە
ئێستادا نزیکەی ٣٥ شوێنی مەساجکردن هەیە کە ١٤ شوێنییان لە سەنتەرەکانی سپا و ٢٠
شوێنیش لە هۆتێلەکانن".
بە وتەی
سەرۆکی لیژنەی شوێنەکانی مەساج، تەنیا کرێکارانی ١٠ وڵات رێگاپێدراون لە هەرێمی
کوردستان کاری مەساجکردن بکەن و لەمبارەیەوە جەمال ئەحمەد محەمەدئەمین گوتی:
"کارکردنی کرێکارەکانی مەساج چەند مەرجێکیان هەیە و تەنیا کارمەندی ١٠ وڵات رێگاپێدراون
کە کاری مەساج ئەنجام بدەن، لەوانە وڵاتانی چین، تایلەند، تایوان، ئەلبانیا، مالیزیا،
ئەندنووسیا، فلیپین، کۆریای باشوور، ژاپۆن و عێراق، کە ئەوانەش پێویستە لە وڵاتی خۆیان
خاوەن بڕوانامەبن و لە باڵیۆزخانەی عێراق لە وڵاتەکانییان، کاروبارەکانییان دەست پێبکەن
و لێرەش رێکارە یاساییەکان تێپەڕێنن بۆ ئەوەی بڕوانامەکەیان پەسەند بکرێت و دوای ئەوەش
پشکنینیان بۆ دەکەین و دوای ئەنجامەکەش کارتی تەندروستییان بۆ دەکەین و هەر سێ
مانگ جارێک پشکنینیان بۆ دەکەینەوە".
لەبارەی
ژمارەی کرێکارەکان کە لەو شوێنانە کاری مەساجکردن دەکەن، جەمال ئەحمەد محەمەدئەمین
گوتی: "کرێکارەکان ژمارەیان ٦٠ کەسە و زیاترینیشیان هاووڵاتییانی وڵاتی چین و
تایلەندن".
ناوبراو
گوتیشی: "ساڵی رابردوو کۆمەڵێک شوێن داواکارییان هەبووە بۆ مۆڵەتپێدان کە
ژمارەیان ٨ داواکاری بووە و لەو ژمارەیەش دوو شوێن مۆڵەتیان وەرگرتووە و شەشیان مۆڵەتیان
پێنەدراوە چونکە مەرجە تەندروستییەکانییان جێبەجێ نەکردووە".
لەبارەی
هەبوونی نەخۆشی و ڤایرۆسی ترسناک لەمیانی پشکنین بۆ کرێکارەکاندا، جەمال ئەحمەد محەمەدئەمین
وتی: "کرێکار هەبووە ناردوومانە بۆ پشکنین و ئەنجامەکەی خراپ بووە و، نشینگەمان
لێ ئاگادارکردووەتەوە و، دواتر رەوانەی وڵاتەکەی خۆی کراوەتەوە".



