
وڵات - تایبه‌ت
له گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانیدا،"قادرى حاجى عه‌لى" سیاسه‌تمه‌دار‌و كه‌سایه‌تى دیارى گۆڕه‌پانى سیاسى هه‌رێمى كوردستان، ڕۆشنایى ده‌خاته سه‌ر دوایین پێشهاته سیاسیه‌كانى هه‌رێم‌و نیگه‌رانى‌و نائومێدى خه‌ڵك له‌حزبه‌كان به‌گشتى، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك پرسى تر‌ى تایبه‌ت به‌هۆكاره‌كانى چاره‌سه‌ر نه‌كردنى پرسى موچه‌و پاشه‌كشێى به‌رده‌وامى ژیان‌و گوزه‌رانى خه‌ڵكى كوردستان له‌سایه‌ى ئه‌م مۆدیله له‌ئیداره‌و حوكمڕانى.
پ/ باسه‌ره‌تا به‌م پرسیاره ده‌ست پێبكه‌ین، ناونیشانى ئێستاى سیاسى ئێوه چییه؟
"من له‌مڕۆدا وه‌ك سیاسییه‌كى سه‌ربه‌خۆ ده‌ژیم‌و سه‌ر به هیچ ئۆرگانێكى حیزبى نیم"
و/من له‌مڕۆدا وه‌ك سیاسییه‌كى سه‌ربه‌خۆ ده‌ژیم‌و سه‌ر به هیچ ئۆرگانێكى حیزبى نیم. گه‌رچى زۆربه‌ى ژیانى خۆم له خه‌بات‌و كارى سیاسیی‌دا به‌سه‌ر بردووه، به‌ڵام هه‌رگیز سیاسه‌تكردن بۆ من نه‌بۆته پیشه، به‌ڵكو كه‌ره‌سیه‌ك بووه بۆ ئه‌وه‌ى له‌ڕێگایه‌وه ژیانى گه‌له‌كه‌مانى پێخۆش‌و باش بكه‌م. هه‌روه‌كو چۆن له‌گه‌ڵ هاوڕێكانمدا كاتێك له‌شاخ خه‌باتى چه‌كداریمان ده‌كرد، له‌پێناو چه‌ند پرنسیپێكدا تێده‌كۆشاین‌و ئه‌وه‌نده‌ى بیرمان له شه‌هید بوون ده‌كرده‌وه هێنده بیرمان نه‌ده‌كرده‌وه ڕۆژێك له ڕۆژان ببین به سه‌رۆكى حكومه‌ت‌و سه‌رۆكى په‌رله‌مان‌و وه‌زیر، ئاوهاش كه بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانمان دامه‌زراند بیرمان له‌ده‌ستكه‌وتى شه‌خسى‌و به‌رژه‌وه‌ندى خێزانى نه‌ده‌كرده‌وه. ئێستاش ئه‌وه‌ى به‌رده‌وامى به ژیانى من له سیاسه‌تدا ده‌دات ڕاستگۆیبوونه به‌رامبه‌ر به‌و ئایدیا‌و پرنسیپانه‌ى كه كاتى خۆى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانمان له‌پێناویدا دامه‌زراند.
پ/ ئه‌م قۆناغه كه هه‌ندێك به قۆناغى تاریك‌و نائومێدكه‌ر ناوى ده‌بات، ئێوه ناوى ده‌نێن چى؟
و/ له‌مێژوى نزیكى ڕاپه‌ڕین‌و شۆڕشه‌كانى كورددا شكستى كاتى‌و سه‌ركه‌وتنى كاتیش تۆمار كراوه. كاتێك له 1975 دا شۆڕش بڵاوه‌ى پێكرا، هه‌ندێك به ئاشبه‌تاڵ، هه‌ندێكى تر به نسكۆ له‌قه‌ڵه‌میان ده‌دا. ئه‌م دۆخه‌ش سه‌ره‌نجام تێكشكان‌و بێئومێدییه‌كى گه‌وره‌ى له‌ناو كۆمه‌ڵگاى ئێمه‌دا دروستكرد. چونكه هه‌م شكستێكى سیاسى‌و هه‌م شكستێكى چه‌كدارى بوو. له‌ساڵى 1988یشدا پاش پرۆسه‌ى ئه‌نفال، جارێكى تر رووبه‌ڕوى كاره‌ساتێكى مرۆیى‌و سیاسى گه‌وره‌تر بوینه‌وه، كه هه‌ندێ كه‌س به‌ئاشبه‌تاڵى چه‌كدارى ناویان ناوه، به‌ڵام چونكه ئیراده هه‌بوو، هێزى به‌رگرى‌و شۆڕش له هه‌ردوو جاره‌كه‌دا هه‌ستایه‌وه‌و ئه‌م ئه‌زمونه‌ى دروستكرد كه ئێستا له‌به‌رده‌ستماندایه. له‌دواى فه‌شه‌لى حوكمڕانى یه‌كێتى‌و پارتى‌و نائومێدبوونى هاونیشتمانیان له‌م دوو ده‌سه‌ڵاته، كۆمه‌ڵگاى ئێمه هێزى به‌رگرى نوێى دروستكرد كه له ڕووه سیاسیه‌كه‌یه‌وه له بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا به‌رجه‌سته بوو. بێگومان له‌م قۆناغه‌شدا پاشه‌كشێى سیاسى گۆڕان نائومێدیه‌كى گه‌وره‌ى دروستكردوه، به‌ڵام بڕواى ته‌واوه‌تیمان به‌وه‌یه كه ئه‌مه‌ش دوا قۆناغى مێژووى خه‌بات‌و به‌رگرى كۆمه‌ڵگاى ئێمه نابێت بۆ ئازادى‌و دادپه‌روه‌رى.
به‌ڕاى من ئه‌م قۆناغه‌ى ئێستا تیایدا ده‌ژین نسكۆیه‌كى سیاسى‌و ئیدارى‌و ئه‌خلاقیشه. له باشترین حاڵه‌تدا ده‌توانیین بڵێین پاشه‌كشێیه‌كى ته‌واوه له دیموكراسى، گومان خستنه بۆ سه‌ر خه‌باتى په‌رله‌مانى بۆ دامه‌زراندنى سیستمێكى دیموكراسى، وه سه‌ركێشانێكه بۆ ناو قۆناغى سیستمێكى بنه‌ماڵه‌یى سوڵتانى.
ئه‌وه‌ى هه‌ستى پێده‌كرێت دیارده‌ى نه‌مانى جیاوازییه له گوتارى سیاسى حیزبه‌كاندا. لاوازبوونى بڕوا‌و متمانه‌ى خه‌ڵكه به هه‌ڵبژاردن‌و ده‌ره‌نجامه‌كانى.
جێگاگرتنه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كانه به‌ده‌ستكه‌وتى شه‌خسى‌و پۆست‌و پایه بۆ خێزانه سیاسییه‌كان‌و منداڵ‌و خزم‌و كه‌س‌و كاریان، وه بێئه‌رزشكردنى گرنگترین ده‌زگاى سیستمى دیموكراسییه كه په‌رله‌مانه له‌ڕوى چۆنایه‌تى و چه‌ندایه‌تى‌و هه‌یبه‌ت‌و توانایه‌وه. وێرانكردنى ئینتیماى هاوڵاتیانه بۆ نیشتیمانه‌كه‌یان. ڕۆچونى ڤایرۆسى گه‌نده‌ڵیه بۆ هه‌ناوى هه‌موو دامه‌زراوه‌كان له‌سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه. زۆر شتى تریش.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م نه‌هامه‌تیانه‌دا هه‌ست ده‌كه‌م خه‌ڵك وه‌ك شكسته‌كانى پێشوو ئیراده‌ى هه‌ستانه‌وه‌ى هه‌یه. بایكۆت‌و سزادانى حزبه‌كان له‌هه‌ڵبژاردندا ئه‌م ڕاستیه ده‌رده‌خه‌ن كه ئه‌مڕۆ به بایكۆتى ده‌نگ، سبه‌ینێش به‌یاسا یان به‌هه‌ر ئامرازێكى تر‌ى مه‌ده‌نى سزایان ده‌ده‌ن.
پ/ به‌به‌شدارى به‌شێك له‌هێزه سیاسیه‌كان له حكومه‌تدا، ئاینده‌ى حوكمڕانى له‌كوردستاندا چۆن ده‌بینیت؟
و/ ئاساییه له‌وڵاتێكى دیموكراسیدا به‌توانا‌و به‌ركه‌وته‌یى ده‌نگى خۆت وه‌به‌جێگیركردنى به‌رنامه‌كه‌ت یان به‌شێكى به‌رنامه‌كه‌ت له‌حكومه‌تدا به‌شدارى بكه‌یت. به‌تایبه‌ت كه به‌رنامه‌ى حكومه‌تى نوێ له‌گه‌ڵ پرنسیپى حزبه‌كه‌ت‌و دروشمه‌كانى به‌رنامه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌تدا بگونجێ وه هه‌موو حزبێك كه ده‌چێته پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه به‌نیازى ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتى هه‌بێت‌و پرۆژه‌كه‌ى یان به‌شێكى جێبه‌جێ بكات، ده‌نا ده‌بێته ئۆپۆزسێۆن.
ئه‌مه له‌كاتێكدا ئاساییه‌و دروسته كه پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن دوور له ساخته‌كارى به‌ڕێوه بچێت‌و سه‌ره‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كه لاى هه‌موان په‌سه‌ند بكرێت.
ئه‌وه‌ى ئاسایى نییه له‌كوردستاندا هه‌ڵبژاردن جێگه‌ى ته‌واوى گومان بێت‌و سه‌رله‌به‌رى پرۆسه‌كه به‌ساخته‌كارى‌و خۆسه‌پاندن به‌هێز بزانیت‌و پاشان له‌به‌ر ده‌ستكه‌وت‌و پله‌و پۆست ڕ‌ازى كردنى نوخبه‌یه‌ك له‌كادرى هه‌لپه‌رست‌و بێ ئیش گومان له‌سه‌ر ناڕه‌وایى پرۆسه‌كه هه‌ڵبگریت‌و ببیته شه‌ریكى ئه‌و حزبانه‌ى كه‌ده‌نگه‌كانیان خواردویت‌و هه‌زارو یه‌ك ڕه‌خنه‌ت لێیان هه‌بووه.
ئه‌وه نائاساییه بانگه‌شه‌ى دامه‌زراندنى سیستمى دیموكراسى په‌رله‌مانى بكه‌یت، كه‌چى ده‌نگ بۆ سیستمێكى سه‌رۆكایه‌تى بده‌یت.
بانگه‌شه‌ى به‌دامه‌زراوه‌یى كردنى ده‌وڵه‌ت بكه‌یت، به‌ڵام له‌ناو ماڵه‌كه‌ى خۆتدا به‌هایه‌ك بۆ دامه‌زراوه‌كانت نه‌هێڵیته‌وه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌وان بازنه‌ى بڕیارى سیاسى دروست بكه‌یت.
ئه‌وه نائاساییه كه ئه‌زمونێكى زۆر تاڵ‌و تفتت له‌كابینه‌ى پێشودا له‌گه‌ڵ هه‌مان حزبدا هه‌بێت‌و به‌ناشرینترین شێوه له‌حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان وه‌ده‌رى نابیت، به‌ڵام خاوه‌ن ماڵێتیان قبوڵ بكه‌یت.
ڕێكخه‌ره گشتیه‌كه‌ت به تۆمه‌تى تیرۆر تا ئێستا له‌دادگا داوا كرا‌و بێت، تۆش بچیته‌وه سه‌ر هه‌مان دام‌و ده‌زگاى ئه‌و حكومه‌ته.
خه‌ڵكه‌كه‌ى خۆت سزاى قورست بدات‌و ده‌نگت نه‌داتێ، به‌ڵام یه‌ك كه‌س ته‌حه‌مولى ئه‌م شكسته نه‌كات‌و ده‌ست له‌كار نه‌كێشێته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌نگه ڕه‌خنه‌ییه ڕاسته‌قینه‌كان‌و ناڕازیه‌كانى خۆت سزا بده‌یت.
ئه‌وه نائاساییه كه سوور بزانیت موجامه‌له‌و پێدانى پۆست زیاد له‌قه‌باره‌و ئیستیحقاقى خۆت جۆرێكه له به‌رتیلى سیاسى بۆ پێ خزاندن، به‌ڵام بچیته ژێر بارى داواكاریه قه‌به‌كانى ده‌سه‌ڵاته‌وه.
پ/ گۆڕان له كوێى ئه‌م هاوكێشانه‌ى ئێستادایه، قسه‌تان له‌سه‌ر شوناسى سیاسى‌و وه‌زیفه‌ى مێژوویى چیه؟
و/ گۆڕان ئێستا به‌شێكه له‌و ده‌سه‌ڵاته، ئه‌وه‌ى گۆڕان له‌پێناویدا دامه‌زرا‌و خه‌ڵكێكى زۆریش قوربانى بۆدا چاككردنى بارودۆخى سیاسى‌و ئابورى‌و كۆمه‌ڵایه‌تى بوو، نه‌ك پله‌و پۆست‌و ئیمتیاز دۆزینه‌وه، ئێمه ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌مان دروست نه‌كردوه بۆ ئه‌وه‌ى چه‌واشه‌ى خه‌ڵك بكات، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه بوو ڕاستگۆیانه خه‌ڵك له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت ئاشت بكاته‌وه، ببێته زمان حاڵى زوڵم لێكراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان. ئه‌مه‌ى ئێستا ڕوو ده‌دات پشتكردنه له‌ده‌نگده‌رانى گۆڕان‌و خه‌ڵكى ئه‌م هه‌رێمه، له‌وه‌ى كه گۆڕان هه‌وڵێك بێت بۆ گۆڕانكارى ڕیشه‌یى ئێستا ڕێگره له گۆڕانكاریه‌كان.
"گۆڕان ئێستا به‌شێكه له‌و ده‌سه‌ڵاته، ئه‌وه‌ى گۆڕان له‌پێناویدا دامه‌زرا‌و خه‌ڵكێكى زۆریش قوربانى بۆدا چاككردنى بارودۆخى سیاسى‌و ئابورى‌و كۆمه‌ڵایه‌تى بوو، نه‌ك پله‌و پۆست‌و ئیمتیاز دۆزینه‌وه"
پ/ ناكۆكیه جه‌وهه‌ریه‌كان له‌گۆڕاندا چین، ده‌كرا بزوتنه‌وه‌ك به‌م دۆخه‌ى ئێستا نه‌گه‌یشتایه؟
و/ به‌گشتى ناكۆكى له‌سه‌ر جۆرى ئیداره‌دان‌و دیارى كردنى سیاسه‌تى بزووتنه‌وه‌كه‌و ناڕوونى له‌جۆرى دروستكردنى بڕیارداندا له بزووتنه‌وه‌كه‌دا. كه‌موكوڕى له‌ده‌ستورى ناوخۆى بزوتنه‌وه‌كه‌یه.
وازنه‌هێنان له‌ته‌كه‌تول‌و سه‌ركردن به‌یه‌كدا، سیاسه‌ت كردن بۆ سیاسه‌ت نه‌ك بۆ گۆڕانكارى، دروستكردنى هه‌ندێ كه‌سى بێ ئیراده‌و ڕیاكه‌ر له‌ده‌ورى سه‌ركرده‌كان.
كاتى دامه‌زراندنى كۆمپانیاى وشه‌و پاشان بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ڕه‌نگه هه‌ندێك جیاوازى لاوه‌كى له‌بۆچونمان هه‌بوبێت له‌گه‌ڵ خوا لێخۆش‌بوو كاك نه‌وشیرواندا، به‌ڵام دوو مه‌سه‌له‌ى زۆر گرنگ هه‌بوو كه هه‌موومان له‌سه‌رى كۆك بووین هه‌میشه به‌ڕێزى دووپاتى ده‌كرده‌وه كه خه‌باتى بۆ بكه‌ین: یه‌كه‌میان دژایه‌تى گه‌نده‌ڵى له‌كوردستاندا، دووه‌میان ڕێگه نه‌دان به‌بنه‌ماڵه‌و به‌خێزان بوونى سیستم‌و سیاسه‌ت به‌گشتى له‌كوردستاندا، زۆر به‌داخه‌وه كه‌ئێستا له‌هه‌موو حزبێك زیاتر ئه‌م دیاردانه به‌گۆڕانه‌وه دیاره. ئه‌مه‌ش ناكۆكى جه‌وهه‌ریمانه له‌گه‌ڵ گۆڕ‌انى ئێستا.
له‌كۆتایشدا ڕێككه‌وتنى ژێربه ژێرى ده‌سته‌یه‌كى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان‌و پارتى بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌و یاسا‌و بڕیارانه‌ى له‌به‌رژه‌وه‌ندى ده‌سه‌ڵاتدارانه بۆ زیاتر خۆسه‌پاندن، نه‌ك بۆ دژایه‌تى گه‌نده‌ڵى‌و دروستكردنى حكومه‌تى هاوڵاتیان، جگه له‌وه‌ى ده‌ستكه‌وتى ئابورى نوخبه‌یه‌كى به‌رژه‌وه‌ندى خوازى ناو گۆڕانه بۆ به‌رجه‌سته‌كردنى پایه‌كانى ته‌وریسى سیاسى. ئه‌مه هه‌موى دوور له‌ئیراده‌و بڕیارى جڤاته‌كانى گشتى‌و نیشتیمانى‌و هه‌تا خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندنیش كراوه.
پ/ كێشه‌ى موچه بۆچى چاره‌سه‌ر ناكرێت، له‌كاتێكدا ئومێدێكى گه‌وره له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌ڵچنرا بوو دواى ناردنى پاره له به‌غداوه كۆتایى به‌م كێشه‌یه بێت؟
و/ وا چاوه‌ڕوان ده‌كرا كه ئه‌و پاره‌یه‌ى له بودجه‌ى عێراق ته‌رخانكرابوو بۆ هه‌رێمى كوردستان كێشه‌ى موچه چاره‌سه‌ر بكات، دیاره به هیمه‌تى زۆرى په‌رله‌مانتارانى كورد له به‌غدا توانرا كه ئه‌و به‌شه بودجه‌یه له‌یاساى به‌دجه‌ى ئه‌مساڵى عێراقدا جێگیر بكرێت له‌به‌رامبه‌ر ڕاده‌ست كردنى نه‌وتدا، كه‌له ڕاستیدا حكومه‌تى عێراق ته‌نها داواى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى له ڕۆژێكدا كردوه، له‌كاتێكدا ئه‌وان له ئێمه باشتر ئه‌زانن كه به‌رهه‌م هێنان له‌كوردستاندا به‌ئاشكرا‌و دزیه‌كانه‌وه زۆر له‌وه زیاتره.
له‌سه‌ره‌تاى ساڵه‌وه به‌غداد باپه‌ند بوونى خۆى به‌ناردنى به‌شه بودجه‌ى كوردستان جێبه‌جێ كردوه، به‌ڵام لێره حكومه‌ت نه‌ده‌توانێ موچه خوراوه‌كان قه‌ره بوو بكاته‌وه، نه‌چاره‌نوسى پاشه‌كه‌وته‌كانیش دیارى ده‌كات، به‌ڵكو ئه‌و پاره‌یه‌ى كه دێت وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ده‌درێته‌وه به‌قه‌رزى كۆمپانیا‌و وڵاته‌كان.
به بۆچونى من خه‌له‌له‌كه ئا لێره‌دایه، هه‌رگیز نه ئێمه‌ى خه‌ڵكى هه‌رێم نه حزبه‌كانیش نه به‌غدادیش نازانیین ئه‌م هه‌موو قه‌رزه چییه كه ده‌بێت تا چه‌ندین ساڵى تریش گیرۆده‌ى دانه‌وه‌ى به‌ین، لێتان ناشارمه‌وه وه پێشتریش له‌چاوپێكه‌وتنێكدا پار ساڵ گوتومه گومانى ته‌واوم هه‌یه كه ئه‌و قه‌رزانه‌ى باس ده‌كرێت كه‌گوایه له‌و وڵات‌و كۆمپانیایا‌و بانكانه كراوه، نه‌ك هه‌ر ناشه‌فاف‌و ناڕونه‌و دوور له‌هه‌موو چاودێریه‌كى په‌رله‌مان كراوه، به‌ڵكو ئه‌مڕۆش هیچ به‌رهه‌مێكى دیار نییه كه بۆ خزمه‌تى هاووڵاتیانى كوردستان به‌كار برابێت، ته‌نها خۆیان‌و خوا ده‌زانێ كه چونه‌ته حسابى كێ‌و له‌چ كه‌ناڵێكى تاریكدا وونكراوه، ئێستا ئێمه وه‌ك هاونیشتیمانیانى ئه‌م هه‌رێمه ده‌بێت ئه‌و قه‌رزه بده‌ینه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه هه‌تا ئه‌م قه‌رزه نادیاره ته‌واو نه‌بێت‌و پڕنه‌كرێته‌وه نه‌پاره‌ى هه‌رێم‌و نه هى عێراقیش ناچێته خزمه‌تى هاوڵاتیانه‌وه.
جگه له‌وه‌ى 250 هه‌زار به‌رمیله‌كه‌ش نانێرن، جگه له‌ناشه‌فافى هه‌موو داهاته‌كانى تریش، جگه له‌هه‌موو مه‌سره‌فه قورسه‌كانى لێپرسراوان‌و ده‌زگاكان، جگه له ته‌خشان‌و په‌خشان كردن بۆ حزب‌و میدیا زه‌به‌لاح‌و دامه‌زراوه‌كانى تر‌ى، جگه له مه‌سره‌فى حیمایه‌و میوان‌و سه‌فه‌ر كه‌مانگانه ملیۆنه‌ها دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت. كه‌واته چۆن موچه‌و خزمه‌تگوزارى دابین ده‌كرێت ؟!!
پ/ كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم‌و به‌غداد بۆچى وه‌ك نه‌خۆشیه‌كى درێژخایه‌نى لێهاتوه‌و چاره‌سه‌ر ناكرێت؟
و/كێشه‌كانى هه‌رێم‌و به‌غداد زۆرن كه‌بێ چاره‌سه‌ر ماونه‌ته‌وه، به‌ڵام گرنگترینیان ساغكردنه‌وه‌ى كێشه‌ى ناوچه دابڕێنراوه‌كانه، به‌تایبه‌تى كه‌ركوك، ئاشكرایه كه‌سیاسه‌تى حكومه‌ته‌كانى عێراق پێش پرۆسه‌ى ئازادى ساسه‌تێكى نه‌ته‌وه په‌رستانه بووه ، ئه‌وه‌ى پێیان كرا كردیان بۆ گۆٍینى دیمۆگرافى كه‌كوك، به‌ڵام دواى 2004 بارودۆخێكى وا هاته پێش كه‌ده‌كرا له‌هه‌ندێ قۆناغدا چاره‌سه‌ر بكرێت یان تا ڕاده‌یه‌كى باش ناكۆكیه‌كان كه‌م بكرێته‌وه، وه‌ك له‌كاتى نوسینه‌وه‌ى ده‌ستور‌و دامه‌زراندنه‌وه‌ى حكومه‌تى عێراق كه كورد باڵاده‌ست بوو خاوه‌ن پشتیوانیه‌كى نێونه‌ته‌وه‌یى گه‌وره بوو، یان له‌كاتى ده‌ركردنى داعش‌و كه‌وتنه ده‌ستى ئه‌و ناوچانه بۆ ژێر كۆنترۆڵى پێشمه‌رگه.
له‌حاڵه‌تى یه‌كه‌مدا به‌شێوه دبلۆماسیه‌كه‌ى ده‌توانرا له‌ڕێگا یاساییه‌كه‌یه‌وه فشار بكرێت كه به‌ماده‌ى 140 له‌ده‌ستوردا دیارى كرابوو. له‌حاڵه‌تى دووه‌میشدا به بوونى سیاسه‌تێكى ته‌ندروستى هه‌رێم له‌و ناوچانه كه وابكات نه‌ك ته‌نها كورد به‌رگرى له‌ده‌سكه‌وتنه‌كانى بكات، به‌ڵكو عه‌ره‌ب‌و توركمان‌و كلدانى‌و ئاشورى هه‌موو پێكهاته ناڕازیه‌كانى تر به‌موڵكى خۆیان بزانیایه‌و به‌رگریان لێبكردایه، نه‌ك ته‌نها موڵكى پارتى‌و یه‌كێتى بێت. به‌ڵام له‌هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا ناكۆكى نێوان هه‌ردوو حزبه فه‌رمانڕه‌واكه‌ى كوردستان له‌سه‌ر نفوز‌و ده‌سه‌ڵات‌و نه‌وت له‌كه‌ركوك‌و ناوچه‌كانى تر نه‌ك ته‌نها پێگه‌ى هه‌رێمیان لاواز‌و بێبه‌ها كرد به‌ڵكو دانیشتوانى ئتنى‌و ئاینى جیاوازى ئه‌و ناوچانه‌شیان له‌سیاسه‌تى ئه‌م دوو حزبه نا‌ئومێد كرد، كه وه‌ك سیاسه‌تى كورد ته‌ماشایان ده‌كرد.
ڕاستیه‌ك هه‌یه ده‌مه‌وێت زۆر به ڕاشكاوانه بیڵێم كێشه‌ى كه‌ركوك دواى پرۆسه‌ى ئازادى ئه‌وه‌نده‌ى كێشه‌ى نێوان پێكهاته سیاسیه‌كانى كورد خۆیه‌تى، هێنده كێشه‌ى هه‌رێم‌و پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى‌و ئاینیه‌كان نییه، هێنده كێشه‌ى ململانێى پارتى‌و یه‌كێتیه بۆ به‌تاڵان بردنى سامان‌و داهات هێنده كێشه‌ى سیاسى هه‌رێم‌و به‌غداد نییه، دڵنیام گه‌ر ڕۆژێك پارتى‌و یه‌كێتى به‌یه‌كگرتویى‌و یه‌ك ده‌نگى داواى چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌یان بكردایه، زۆر باش ده‌یانتوانى له‌گه‌ڵ به‌غدادا یه‌كلاى بكه‌نه‌وه، تا ئێستا كه‌له‌ڕوى سه‌ربازیه‌وه له‌ده‌ستیشمان داوه شه‌ڕ له‌سه‌ر ده‌سكه‌وتێكى ئاینده‌یى وه‌همى‌و خه‌یاڵى ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا هه‌موو جومگه‌كانى ئه‌و ناوچانه به‌ده‌ست به‌غدادایه كه‌چى شه‌ڕ له‌سه‌ر دانانى پارێزگاره كه خوا ده‌زانێت ئه‌گه‌ر داشبنرێت له‌م بار‌و دۆخه‌دا ده‌توانێ پارێزگارى شاره‌كه بێت یان نا.
بێ دوو دڵى ده‌ڵێم كێشه‌ى ئه‌و ناوچانه ده‌ره‌نجامى نه‌بوونى مۆدێلێكى سیاسى‌و ئابورى‌و كلتورى ئه‌م دوو حزبه بوو بۆ بنیادنانى پێكه‌وه ژیانێكى دادپه‌روه‌رانه له‌نێوان پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى‌و ئاینه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر، كه هیچ پێكهاته‌یه‌ك هه‌ست به‌خۆكه‌مبینى چه‌وسانه‌وه‌و غوبن نه‌كات. بۆیه كێشه‌ى نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ى كه‌ركوك‌و ئه‌و ناوچانه به‌رهه‌مى ئه‌م شكسته سیاسى‌و ئیدارى‌و سه‌ربازیه‌یه كه‌له‌پاش ریفراندۆم قوڵتر بۆته‌وه، نه‌ك ته‌نها كێشه‌ى ڕگه‌زپه‌رستى‌و تایفى، بێگومان هه‌ر ئه‌م ئیفلیجى‌و شكسته سیاسیه‌و ئیداریه‌ى یه‌كێتى‌و پارتى بوون كه‌وایكرد وڵاتانى دراوسێ زیاتر بێنه ناو كێشه‌ى كه‌ركوكه‌وه وه ببن به هۆكارێكى تێكدان‌و چاره‌سه‌ر نه‌كردن.
پ/ چ ئومێدێك ده‌بینن له‌و نائومێدیه‌ى ئێستا باڵى كێشاوه به‌سه‌ر بارودۆخى هه‌رێمدا؟
و/ ڕاسته نائومێدیه‌ك باڵى كێشاوه به‌سه‌ر بارودۆخى هه‌رێمدا، خه‌ڵكى متمانه‌یان به هه‌ڵبژاردن، په‌رله‌مان، حكومه‌ت، دادگاكان، حزبه‌كان.....هتد، زۆر لاواز بوه، وا هه‌شت مانگ تێپه‌ڕى كه‌چى له‌به‌ر ململانێى حزبى‌و ته‌كه‌تولاتى ناو حزبه‌كان خۆشیان له‌سه‌ر دابه‌شكردنى پۆست‌و ئیمتیازات ئه‌م حكومه‌ته دانامه‌زرێت. ئه‌گه‌ر له 28 ساڵى ڕابردوشدا ده‌سكه‌وتێك له‌ڕوى سیاسیه‌وه به‌دیهاتبێت وه‌چه‌ند هه‌نگاوێك به‌ره‌و دیموكراسیه‌ت نرابێت، به‌ڵام ئێستا نه‌ك ته‌نها مه‌ترسى له‌ده‌ستدانى ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه هه‌یه، به‌ڵكو مه‌ترسى پایه‌داركردنى مۆدێلێكى نوێ به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌رایى بنه‌ماڵه‌یى‌و خێزانى له‌ئارادایه كه له نوسینه‌وه‌ى ده‌ستور یه‌كلا بكرێته‌وه.
"ڕاسته نائومێدیه‌ك باڵى كێشاوه به‌سه‌ر بارودۆخى هه‌رێمدا، خه‌ڵكى متمانه‌یان به هه‌ڵبژاردن، په‌رله‌مان، حكومه‌ت، دادگاكان، حزبه‌كان.....هتد، زۆر لاواز بوه"
هه‌ر چاودێرێكى سیاسى ڕخنه‌گر ته‌ماشاى مێژووى په‌رله‌مان بكات ئه‌و ڕاستیه ده‌بینێت كه خول به‌خول په‌رله‌مانى هه‌رێم به‌ره‌و لاوازكردن‌و له‌ده‌ستدانى هه‌یبه‌تى ده‌برێت، له‌كاتێكدا په‌رله‌مان دڵى زیندوى سیستمى دیموكراسیه.
سه‌یره له‌خولى یه‌كه‌مى په‌رله‌ماندا كه‌سانى زۆرى خاوه‌ن پسپۆرى یاسایى‌و ئابورى‌و هه‌تا سیاسى ده‌سه‌ڵاتدار له‌سه‌رۆك حزبه‌كان‌و مه‌كته‌ب سیاسیه‌كانى تێدا بوو، به‌ڵام ئێستا له‌گه‌ڵ هه‌موو ڕێزێكم بۆ ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتاران، له ئێستادا ده‌زگاى په‌رله‌مان بوه به جێگه‌ى دۆزینه‌وه‌ى هه‌لى كار بۆ بێئیشه‌كانى حزب كاتێك ئه‌مه ده‌ڵێم ئه‌و ڕاستیه‌ش ده‌زانم كه‌هه‌ندێكى كه‌میان شاره‌زایى باشیان هه‌یه‌و جێگه‌ى سوود‌و ڕێزن بۆ هه‌رێم..... زۆر شتى تر هه‌یه كه جێگه‌ى به‌راورد كردن نه‌ماوه.
به‌ڵام له‌هه‌موو ئه‌م كه‌م‌و كوڕیانه‌دا له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌م ده‌زگا‌و حزبانه‌دا، هه‌ست به ئیراده‌یه‌كى به‌هێز بۆ خه‌مخواردن له‌چاره‌نوسى ئه‌م هه‌رێمه. بایكۆتكردنى سه‌روو له 50% ى خه‌ڵك‌و ده‌نگ نه‌دانیان به‌و حزبانه دوو دیارده‌ى پۆزه‌تیڤى لێده‌خوێنرێته‌وه، یه‌كه‌م: به‌بێ جیاوازى له‌نێوان حزبه‌كانى ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزسێۆندا خه‌ڵك به‌ده‌نگنه‌دانیان سزاى هه‌موو حزبه‌كانیان دا، پێیان ووتن كه له‌ئێوه ناڕازین‌و حوكمى ئه‌م وڵاته‌تان پێ ناكرێت، دووه‌م: ئه‌وانه‌شى كه بایكۆتیان كرد سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه ده‌نگیان نه‌دا به‌حزبه‌كانى خۆیان ده‌نگیشیان بۆ حزبه‌كانى تر نه‌بوو، واتا ته‌واو بێزار‌و نائومێدن له‌هه‌موو سیاسه‌ت‌و سه‌ركرده‌كانى هه‌موو حزبه‌كان.
ئێمه خۆمان به به‌شێك له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه و ئه‌و بارودۆخه ده‌زانین، ئیراده‌ی ئه‌وه‌مان ماوه كۆمه‌ڵگاكه‌مان هه‌رشتێكی پێویست بێت بۆ گۆڕانكاری و باشكردن به دڵنیاییه‌وه ئه‌وه ده‌كه‌ین .
كۆى ئه‌مانه نیشانه‌ى ئه‌وه‌ن كه وشیارى ده‌نگده‌ر به‌ره‌و سه‌ره‌وه چوه‌و چیتر ده‌نگى خۆى ناداته‌وه به‌حزبێك كه نوێنه‌رایه‌تى نه‌كات‌و له‌گه‌ڵ پرنسیپ‌و دروشمه‌كانى خۆشی‌دا ڕاستگۆ نه‌بێت.، چیتر دروشمى بریقه‌دارو كوردایه‌تى موزه‌یه‌ف‌و قڕۆشتنه‌وه‌ى خه‌باتى شۆڕشگێڕى‌وقودسیه‌تى هیچ كه‌س‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ك نابێت ده‌نگده‌ر بگه‌مژێنێت‌و هه‌ڵخڵه‌تێنێ.
"بۆ من جێگه‌ى ئومێد‌و دڵخۆشیه كه ئیراده‌یه‌كى پۆزه‌تیڤ ماوه، یاخى بوون له‌پێناو حه‌ق ماوه، وشیاریه‌كى ڕه‌خنه‌گرانه له‌بره‌ودایه كه‌ده‌كرێت ئه‌مڕۆ بێت یان سبه‌ى ئه‌و خه‌ڵكه ئه‌ڵته‌رناتیڤێكى باشتر بدۆزێته‌وه‌و متمانه‌ى پێبكات "
خۆشبه‌ختانه هه‌م ویژدانى زیندوو له‌ناو هه‌موو چین‌و توێژه‌كان‌و هه‌تا له‌ناو حزب‌و ڕێكخراوه‌كانیشدا ماوه، هه‌روه‌ها ڕ‌ۆشنبیرى وشیارو به‌توانا‌و دڵسۆز ماوه كه ده‌توانن كاریگه‌ریه‌كى باشیان له‌سه‌ر زهنیه‌تى خه‌ڵك هه‌بێت‌و ببنه به‌شێكى گرنگ له‌مانه‌وه‌ى ڕوحى به‌رگرى‌و گۆڕانكاریدا.