میدیا یەکەم ڕوگەو ڕێـبەری گەشتیاری لە هەرێم
ئیسماعیل حاجی زەڵمی
ئاماری هاتنی گەشتیاران پێمان دەڵێن هەرێمی کوردستان لەڕووی ئاو هەواو هەڵکەوتەی جوگرافیەوە شوێنێکی گونجاو لەبارە
تابکرێتە یەکێک لەسەرچاوە سەرەکیەکانی داهات و گەشەندنی ئابووری.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئاماری گەشتیارانی وەزارەتی گەشتوگوزاری هەرێمە کەوەک ژمارەیەکی بیرکارییانەی نەگۆڕ ساڵانەو لەوەرزو بۆنە جیاوازەکاندا دەیخەنەڕوو کەلەدەوری چەند ژمارەیەکی دیاریکراو دەخولێتەوە وەک بڵێیت بژمێری ئەو وەزارەتە تەنها ئەو ژمارانەی لەسەر نووسراوە کە هەندێک جار ئەو ژمارانە بەپێی میزاج و بارگۆڕانی ئابووری لەهەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.
مەبەستی سەرەکی لێرەدا تەنها ژمارەکان نین بەڵکو هۆکارەکانن کەوا دەکەن چۆن ئەو ژمارانە زیاد بکرێن. سەرەکیترین هۆکاری زیادبوونی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێم و سەردانیکردنی شوێنە گەشتیارییەکان بریتیە لە میدیاو ئامرازەکانی ڕاگەیاندن چونکە کاریگەری ڕاستەوخۆیان دەبێت لەسەر بەرەو پێشبردنی کەرتی گەشتیاری چونکە میدیا ڕوگەی
یەکەم و ڕێبەری سەرەکی دەستنیشانکردنی شوێنە گەشتیارییەکانە میدیا پێمان دەڵێت کەش و هەوای ناوچەکان چۆنە شوێنی مانەوەو حەسانەوە لەکوێیە؟ میدیا ئارامی و ئاسایشی ناوچە گەشتیارییەکان و سیفات و تایـبەتمەندی کۆمەڵایەتی و کلتوری و فەرهەنگی و مێژوویی ناوچەکانمان پێ ئاشنا دەکات
بۆیە میدیا دەبێتە ڕوگەی یەکەمی گەشتیاران پێش سەردانکردنیان
بۆیە گرنگە کەرتی گەشتیاری وەک کەرتی وزە بە نیشتمانی بکرێت و بەوجۆرە تەماشا بکرێت چونکە هاتنی گەشتیاران تەنها خاوەنی شوێنە گەشتیارییەکان لێی سودمەند نابن بەتایبەت ئەگەر گەشتیاری بیانی بن ئەوا پارەیەکی بێ شومار لە ڕێگەی ئەوانەوە دێتە بازاڕ و جوڵەی ئابووری دروست دەبێت پاشان لەڕێگەی هاتنی گەشتیارەوە بوژانەوەی ئابووری دروست دەبێت و چەندین
.هەلی کار بۆ گەنجان دەرەخسێ
لەوڵاتان بەشێوەیەکی مەبەستدار لەڕێگەی وەزارەتی تایبەتمەندەوە میدیاکان ئاراستە دەکرێن کە بەشێک لەکاتەکانیان تەرخان بکەن چ بەشێوەیەکی راستەوخۆ وەک ریکلام و نیشاندانی شوێنە گەشتیارییەکان و جوانی و دڵڕفێنی سروشت و نیشاندانی لایەنی پۆزەتیڤی وەک ئارامی و ئاسایشی ناوچە و خۆشخوڵکی و بەدەمەوە هاتنی دانیشتوانی ناوچە گەشتیارییەکان هەروەها کارئاسانیکردنی بۆ گەشتکردن یاخود بە ناڕاستەوخۆ لەڕێگەی فیلم و دراماو بەرنامەی تەلەفزیۆنی و گۆرانی و کلیپە جۆر بەجۆرەکانەوە وادەکەن ویست و ئارەزووی گەشتکردن لای گەشتیارانی ناوخۆی و بیانی بۆ ئەوناوچانە دروست ببێت. بۆیە گرنگە میدیا وەک یەکەم ڕوگەو ڕێبەری راستەقینەی گەشتیاری تەماشا بکرێت کەرتی گەشتیاری وەک یەکێک لەسەرچاوەکانی دەستهاتی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
