
وڵات
راپۆرتێكی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان چەندین گەندەڵی گەورەو لادانی دارایی لە سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی ئاشكرا دەكات، لە خەرجكردنی دەرماڵەوە تا پرۆژەكانی زانكۆی گرتووەتەوە.
راپۆرتەكەی دیوان وردبینی كردووە بۆ خەرجیو داهاتی سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی، كە لێكۆلێینەوە بووە لە بەشەكانی خەرجی، كارگێڕی، دۆسیەی كەسیو پرۆژەكان.
بەشی یەكەمی راپۆرتەكە لەلایەن تیمەكەی دیوانی چاودێری داراییەوە وردبینی كراوە بۆ خەرجی سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی، بەگوێرەی راپۆرتەكە لەم بڕگەیەدا سەرۆكایەتی زانكۆ لەدەرەوەی رێنماییەكان بەشێوەی دەرماڵە جۆربەجۆرەكان پارەیەكی زۆریان بەهەدەر داوە كە 911 ملیۆنو 725 هەزار دینار.
بەگوێرەی راپۆرتەكە ئەو بڕە پارەیە زیاتر لە 663 ملیۆن دیناری پێچەوانەی رێنماییی وەزارەتی داراییو ئابووری بۆ دەرماڵەی نیشتەجێبوونو تایبەت بۆ مامۆستایانی زانكۆ بەزیاد خەرجكراوە، هاوكات زیاتر لە 49 ملیۆن دینار بە زیادە بۆ دەرماڵەی جوگرافی خەرجكراوە.
زیاتر لە 663 ملیۆن دیناری پێچەوانەی رێنماییی وەزارەتی داراییو ئابووری بۆ دەرماڵەی نیشتەجێبوونو تایبەت بۆ مامۆستایانی زانكۆ بەزیاد خەرجكراوە، هاوكات زیاتر لە 49 ملیۆن دینار بە زیادە بۆ دەرماڵەی جوگرافی خەرجكراوە
هەر بەگوێرەی راپۆرتەكە، ژمارەیەك فەرمانبەری لێپرسراوی بەشە كارگێڕییەكان دەرماڵەی پایەیان بەڕێژەی 25% بۆ خەرجكراوە پێچەوانەی رێنماییەكی وەزارەتی دارایی، ئەمەش بووتە هۆی بەهەدەردانی زیاتر لە 14 ملیۆنو 500 هەزار دینار، هاوتای ئەوەش سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی ژمارەیەك مامۆستای موڵەتی خوێندنیان هەبووە، بەڵام موچەی تەواویان بەدەرماڵەكانەوە بۆ خەرجكراوە لەكاتێكدا دەبوو نیوەی موچەكانیان بۆ خەرجبكرێت ئەمەش بووتە هۆی بەهەدەردانی زیاتر لە 198 ملیۆن دینار، ئەمە جگە لەخەرجكردنی (نزیكەی 6 ملیۆن) دینار دەرماڵەی خۆتەرخانكردن بۆ یەك فەرمانبەری كۆلێژی ڤێتەرنەری كە موڵەتی خوێندنی كردووە.
ئەمە جگە لەوەی بەگوێرەی فەرمانێكی زانكۆی داواكراوە (290) فەرمانبەر دەرماڵەی خۆتەرخانكردنیان لە 100% بۆ بكرێت 75%، هەرچەندە وەزارەتی خوێندنی باڵا داوای كردووە بەفەرمانێك ئەو كاری كەمكردنەوەیە بكرێت، بەڵام پێچەوانەی فەرمانەكە، سەرۆكایەتی زانكۆ فەرمانەكەی سەروی خۆی فەرامۆشكردووە.
دیوانی چاودێری دارایی فەرمانێكی دەركردووە بۆ سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی داوا دەكات، پێویستە ئەو پارانە كە نزیك دەبێتەوە لە یەك ملیار دینار بەشێوەی زیادە بۆ فەرمانبەران خەرج كراو بگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت بەجۆرێك هەمووی وەربگیرێتەوە لەو فەرمانبەرانە.
دیوانی چاودێری دارایی: پێویستە ئەو پارانە كە نزیك دەبێتەوە لە یەك ملیار بگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت
راپۆرتەكەی دیوانی چاودێری دارایی فۆكەس دەخاتە سەر بڕی 100 ملیۆن دیناری دیاری سەرۆكایەتی كۆماری عێراق كە بۆ كڕینی داتاشۆ تەرخانكرابوو، بەڵام دواتر ئەو پارەیە ماوەی چەكەكەی بەسەرچووەو نەدراوە بەزانكۆ.
بەگوێرەی ووتەی بەڕێوەبەری ژمێریاری زانكۆی سلێمانی، لەسەرەتاوە بانكی ناوەندی هەرێم هەستاوە بە وەرگرتنی چەكی ئاماژە بۆكراو، دواتر بەهۆی بەسەرچوونی ماوەی یاسایی چەكەكەوە بانكی رافیدەین لەبەغداد بڕی چەكەكەی نەگەڕاندوەتەوە بۆ بانكی هەرێم بەو هۆیەوە بانكی ناوەندی هەرێم پارەكەی لەزانكۆی سلێمانی وەرگرتووەتەوە، هەرچەندە پێشتر پارەكەی پێدابوو.
بەشی دووەمی راپۆرتەی دیوانی چاودێری دارایی تایبەتە یەكەی گارگێریو دۆسیەی كەسی فەرمانبەران كە بەگوێرەی راپۆرتی ئاماژە بۆكراو ژمارەیان (4 هەزارو 379) فەرمانبەرو مامۆستایە.
بەگوێرەی راپۆرتەكە یەكەی كارگێڕی كەمتەرخەمبوون لەتۆماركردنی بەرواری بڕوانامەی نوێی فەرمانبەرانو مامۆستایان بەجۆرێك بەروارەكە بەرواری سەرەموچەو پلەبەرزكردنەوە بێت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی پلەبەرزكردنەوەو سەرەموچە بەشێوەی سروشتی نەڕوات بەڵكو پێش بكەوێت.
د.عیزەت سابیر ئیسماعیل، پەرلەمانتاری خولی پێشوی پەرلەمانی كوردستانو كاندیدی وەزیری كشتوكاڵە ساڵی 2004 خزمەتی پێشمەرگایەتی هێناوەتەوە بریتی بووە لە پێنج ساڵو25 رۆژ بەوپێیەش ئەو كاتەی پێشمەرگەبووە تەمەنی 12 ساڵان بووە
راپۆرتەكە لەوبارەیەوە دۆسیەی پەرلەمانتاری خولی پێشوی پەرلەمانی كوردستان (د.عیزەت سابیر ئیسماعیل) هەڵدەداتەوە كە ئیستا كاندیدی وەزیری كشتوكاڵە لەكابینەی نۆهەمی حكومەتی هەرێم، پێش ئەوەی پەرلەمانتاربێت فەرمانبەری كۆلێژی كارگیڕیو ئابووری زانكۆی سلێمانی بووە، ئەو فەرمانبەرە ساڵی 2004 خزمەتی پێشمەرگایەتی هێناوە بریتی بووە لە (5) ساڵو (25) رۆژ بەوپێیەش ئەو لە ساڵی (1986 وە تاوەكو 1991) پێشمەرگەبوو لەكاتێكدا ئەو لەدایكبووی ساڵی (1973) واتە ئەو كاتەی پێشمەرگەبووە تەمەنی (12) ساڵان بووە ئەوەش پێچەوانەی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانە كە راژەی خزمەتی پێشمەرگایەتی لە 16 ساڵیەوە ئەژمار دەكرێت، سەرباری ئەوەش ئەوكاتە خوێندكاربووە.
![]() |
عیزەت سابیر پەرلەمانتارى پێشوو |
جگە لە پەرلەمانتارەكە، هاوكات ناوی چەندین فەرمانبەری دیكە هاتووە، كە پێچەوانەی یاسا خزمەتی حزبیان بۆ حسابكراوە.
بەشی سێهەمی راپۆرتەكەی دیوانی چاودێری دارایی باس لە بەهەدەرادانی چەندین ملیۆن دۆلار دەكات كە بەزیادە بۆ پرۆژەكانی زانكۆ خەرجكراوە.
لە بڕگەی یەكەمی بەشەكەدا باسی پرۆژەی دروستكردنی كەمپی زانكۆی سلێمانی دەكات كە كۆی گشتی پارەی ئەماناتی دیزاینو دروستكردنی پرۆژەكە پێكهاتووە لە (7 ملیۆنو 368 هەزار 341) دۆلار، بەڵام لەكاتی گواستنەوەی پرۆژەكە لەسەرۆكایەتی زانكۆوە بۆ دەستەی سەرپەرشتیاری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن بڕی (14 ملیۆنو 200 هەزارو 614 دۆلار) گوازراوەتەوە بۆ دەستەی سەرپەرشتیاری پرۆژەی كۆمپانیاكە، بەوپێیەش زیاتر لە (6 ملیۆنو 832 هەزار دۆلار) بەزیادە بۆ پرۆژەكە بەزیاد خەرجكراوە.
لەلایەكی دیكەشەوە زیاتر لە 4 ملیۆن دۆلار لەپڕۆژەی دروستكردنی (كۆلێژی پەروەردەی وەرزش لە قلیاسان) بەزیادە خەرجكراوە، بەپێی وربینی كۆتایی پرۆژەكە 207 ملیۆن دۆلار خەرجكراوە بۆ كۆمپانیای جێبەجێكراو، بەڵام كوژمەی بنەڕەتی پرۆژەكە 203 ملیۆن دۆلار بووە، ئەمە جگە لەبەهەدەردانی نزیكەی 31 ملیۆنو 500 هەزار دینار لەبری لایەنی جێبەجێكاری پرۆژەكان، كە دەبوو لایەنی جێبەجێكاری پرۆژەكان ئەو كارەی بكردایە.
بەشی سێهەمی تایبەتە بەكاروباری یاسای، تیمەكەی دیوان چەندین هەڵەو كەموكوڕی لەوبارەیەوە ئاماژە پێدەكەن لەوانەش (وەرنەگرتنی سزای یاسایی لەكۆمپانیایەك بەبڕی 10 ملیۆنو 50 هەزار) دینار لەكاتی خۆیدا نەیتوانیوە پرۆژەكە جێبەجێ بكات كە كڕینی داتاشۆ بووە.
دیوانی چاودێری دارایی سەرۆكایەتی زانكۆ بە كەمتەرخەم دەزانێت لە چاودێریكردنی موڵكەكانیو پێی وایە "بەشی یاسا كاری لەسەر تۆماری چاودێری موڵكەكانی نەكردووە".
بەشی كۆتایی راپۆرتەكەش تایبەتكراوە بە ئۆتۆمبێلەكانی زانكۆی سلێمانیو بەشی گەنجینە، لەوبارەیەوە دیوان ئاماژە بەوەدەكات، 7 پاسی جۆری مارسیدس كە ئیستا لەسەرۆكایەتی زانكۆن لەكاتی یەكگرتنەوەی ئیدارەدا دراون بە زانكۆی سلێمانی، بەڵام تائیستا موڵكیەتیان لەسەر پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانیە.
زیاتر لە 4 ملیۆن دۆلار لەپڕۆژەی دروستكردنی كۆلێژی پەروەردەی وەرزش لە قلیاسان بەزیادە خەرجكراوە
هاوكات بەشێك لە ئۆتۆمبێلەكان، لەلایەن هەندێك راگری كۆلێژەكانەوە پێچەوانەوەی یاسا دوای دەوامی فەرمی ناگەڕێندرێنەوە بۆ شوێنی كارەكانیان.
لەبەشی گەنجینەشدا راپۆرتەكەی دیوانی چاودێری دارایی ئاماژە بە چەندین سەرپێچی دەكات، لەوانەش (دانانی كەسی نەشیاو لەشوێنی شیاو)و دەركەوتنی جیاوازی گەورە لەبەشی گەنجینە.