نوێترین

recent

07/10/2026

مێژوو" ئەمڕۆ ٤٣ساڵ بەسەر داستانی "شیرەمەڕ"دا تێپەڕی.

 







ئەمڕۆ چل و سێ ساڵ تێپەڕ دەبێ بەسەر داستانی گوندی شیرەمەڕ دا. بەندە دوو مانگ پێش ئەم داستانە برینداربووم و تازە لە چارەسەر گەڕابوومەوە بۆ ناو هەڤاڵەکانم.
مانگی ۱۰ی ١٩٨٣، لە گوندی شیرەمەڕ بووین. لە لایەن ڕێکخستنە نهێنییەکانی خۆمانەوە ئاگادار کراین جاش و سەربازێکی زۆر کۆکراونەتەوە لە مۆڵگەکانیان، بە نیازن بەیانی ئۆپراسیۆن ئەنجام بدەن دژمان. ئێمە بە هیچ شێوەیەک پێمان خۆش نەبوو لە گوندی شیرەمەڕ شەڕ بکەین چونکە تاکە وێستگە بوو بۆ پێشمەرگەکانی بەرەی جوود بۆ بینینی کەس و کارەکانیان. هەروەها بۆ دابینکردنی ئازووقە و پێداویستیەکانی تر بۆ بارەگاکان. بڕیارماندا شەو بچین لە چەمی زەڵم بخەوین. بەیانی زوو بچینە قەراخی ڕێگەکەی نێوان گوندی گێڵەک و گوندی گردی قازی، کە پێی دەڵێن ئاشە کۆنەکە، چونکە دوژمن هەموو کات ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دەمە و بەیانیاندا ئەنجام دەدا. بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنەی سەر گوندی شیرەمەڕ بە پێچەوانەوە بوو کاتژمێر نزیکی دە هاتن بۆ گوندەکە. ئێمەش بڕیارمان دابوو کە لە کاتی گەڕانەوەیاندا لێیان ڕابپەڕین و زیانێکی کوشندەیان پێ بگەیەنین. ئێمە لەوێ بووین، کە ڕۆژ بوویەوە و دنیا ڕووناک بوو، هیچ جم و جوڵێکی دوژمنمان نەبینی و ئەو پلانەی کە داماننابوو جێبەجێ نەکرا. کاتژمێر بوو بە حەوت و هەشت، هاتینە دەرەوە چووینە گوندی گێڵەک، نان و چامان خوارد و لەوێوە گەڕاینەوە بۆ گوندی شیرەمەڕ. ئەو هێزەی کە بەشداربوو لە شەڕەکەدا، سۆشیالست ٧٠ بۆ ٨٠ پێشمەرگە دەبووین. سێ مەفرەزەی تریش لە ناو گوندەکەدا بوون، مەفرەزەکان پارتی دیموکراتی کوردستان، پاسۆک و لەشکری ئیسلامی بوون. مەفرەزە ئیسلامییەکە بیکەیسیەکی نوێیان پێبوو بەڵام بە داخەوە هیچ دەورێکیان نەبوو.
ئەو پێشمەرگانەی لەگەڵ حاجی مەحمود گەورە دێیی بوون، کەسوکاریان هاتبوون بۆ لایان. لەو کاتە بەندە لەگەڵ مامۆستا جەمال حەمە سەعید، کە بە مامۆستا جەمالی پاسۆک ناوزەد دەکرا، بەیەکەوە پیاسەمان دەکرد. کچێکی دە دوانزە ساڵم بینی جووتێ پووزەوانەی جوانی لە پێدا بوو، کەسوکاری پێشمەرگە بوو، هاتبوو بۆ لای پێشمەرگە. منیش وتم بە مامۆستا جەمال ئەو پووزەوانە زۆر جوانە، وتی بۆ حەزی لێ دەکەی؟ وتم ئەرەوەڵا.
من خۆم ڕووم نەهات پێی بڵێم. مامۆستا جەمال پێی وت و کچەکەش زۆر مەردانە وتی: 'دەتانەوێت؟' وتمان: 'بەڵێ، بۆ ئێمە سوودی هەیە.' یەکسەر پووزەوانەکانی پێشکەش کردین. لەم سەر و بەندە بووین وتیان جاش و سەربازێکی زۆر بەرەو گوند دێن، کات نزیکی نۆ و نیو، چارەک بۆ دە بوو. ئیزنی هەموو خەڵکی گوندەکەمان دا کە گوندەکە چۆڵبکەن بۆ ئەوەی زیان بەر هاوڵاتیان نەکەوێت. جاری پێشووتر جاش و عەسکەرێ هاتبوون بۆ گوندی شیرەمەڕ، هەندێک لە هەڤاڵانی ئێمە و بەرەی جوود لەناو گوندەکە بوون، لەبەر سەلامەتی خەڵکی گوندەکە شەڕیان هەڵنەبژاردبوو، چووبوون بۆ چەمی زەڵم خۆیان حەشاردابوو. لە گەڕانەوەی دوژمن لە گوندەکە، هەڤاڵانی بەرەی جوودیش گەڕابوونەوە بۆ گوندی شیرەمەڕ، ئەو خەڵکانەی سەر بە لایەنی تر بوون بە هەڤاڵانی ئێمەیان وتبوو: 'ئەوە بۆ هەندێک کوزەڵەتان لەگەڵ خۆتان بۆ نەهێناینەوە؟' ئەوەش زیاتر کاریگەری لەسەر ئێمە هەبوو. فەرماندەکان هەموومان کۆبووینەوە و بڕیارمان دا شەڕ بکەین، دەبێت دوژمن بە سەر لاشەی ئێمەدا تێپەڕێت و بێتە ناو گوندەکەوە. شایەنی باسە، هێزەکانی بەرەی جوود کە لە بناری سوورێن بوون لە بارەگاکانی خۆیاندا، هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر شەڕەکە نەبوو، کە دوژمن شکا، هێزی بەرەی جوودیش لەگەڵ هاتنی خەڵکی ناوچەکە گەشتنە گوندەکە.
ئەم داستانە بە خوێنی شەهیدان مامۆستا دڵشاد و مامۆستا جەمال و حەمەی مامە سەعە و حەمیدی مەلا عەلی و عەلی مەلا عەبدوڵا و فایەق کەریم و فیداکاری بەرپرسەکان و پێشمەرگەکان تۆمارکرا.
ئەمەش ناوی ئەو پێشمەرگانەیە کە بەشداربوون لە داستانەکە:
1. ساڵحی مامە قالە
2. سەردار تەپی کەرەمی
3. سەلام کەڵوەڕانی
4. عەبدوڵا حاجی ئەحمەد
5. حەمە ڕەشید مرواری
6. مامۆستا جەمال حەمە سەعید
7. نوری حەمە عەلی
8. زیرەک خانەقینی
9. ئەحمەد شێخ عەلی
10. عەلی بچکۆل
11. شێخ تۆفیق
12. ئیبراهیم قاجری
13. نەجیم گردی شەریفی
14. مەحموود گردی شەریفی
15. حەمەی مامە سەعە
16. حەمید حەمە ئەمین ڕەباتی
17. مەحموود بێسەڵمێنی
18. فایەق کەریم
19. عەلی مەلا عبدوڵا
20. نوری زێڕەنگەر
21. مەلا نووری
22. تۆفیقی حەمە گوڵە
23. ئەحمەد حاجی عەزیز گەڵاڵی
24. جەمال برازای عوسمان گەرمیانی
25. سیروان سەعید جوقلی
26. سەردار سەعید جوقلی
27. حاجی مەحموود گەورە دێ
28. شەهید جەبار گاپێڵۆنی
29. سەلاحە سور
30. خەلیل بیاری
31. محەممەد ساڵح دەوڵەتیار
32. بەرزان کاکل
33. جەمال دۆڵە سوری
34. غەریب بیارەیی
35. زەردەشتی پاسۆک
36. جاسم بیارەیی
37. عەبدوڵڵا ساڵح میران
38. خاڵە نەجم
39. شێخ ئومێد
40. ڕەئووفە سور
41. سەرچڵ
42. شێخ جەلال
43. بلە بچکۆل
44. ئالان
45. حەمە تاڵ
46. فەرە قاز
47. ڕەفە باڵشکاو
48. شەماڵە سور
49. کەمالە سور
50. شۆڕشی حەپسە
51. حەمە غازی
52. ئاراسە ڕەش
53. بەکر موشکیلە
54. مامۆستا کەمال
55. شوانە لووتە
56. عومەر فەیزە
57. قالە سوور
58. حەمەجەزا قاجری
59. مامۆستا دڵشاد
60. حاجی سالار کەڵوڕانی
داوای لێبوردن لەو پێشمەرگانە دەکەم کە لە شەڕەکە بەشدار بوون و ناویانمان لە یاد نەماوە.
ئەمەش وێنەی دوو فەرماندەی داستانی شیرەمەڕە کە ساڵێک پێش شەڕەکە گیراوە، عەلی بچکۆل و بەندە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085