پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢٥ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی بەڕێزان جێگری سەرۆکی شارەوانی و لێپرسراوانی تیمەکانی فریاگوزاری، بەڕێز سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا.
کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی بارانبارین و ئامادەسازیی تەواو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو شەپۆلە بارانەی پێشبینی دەکرێت ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکات.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر ئامادەباشیی بەپەلەی سەرجەم تیمەکان کرایەوە تاوەکو لە کاتی بارانبارینی بەخوڕدا ڕووبەڕووی هەر ئەگەر و ڕووداوێکی نەخوازراو ببنەوە. هاوکات تاوتوێی دابینکردنی تەواوی پێداویستییە لۆجیستی و تەکنیکییەکان کرا، تاوەکو تیمەکان بە بەرزترین ئاستی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیانەوە، لە کاتی پێویستدا بە خێرایی بەدەنگ داواکاری و ئاگادارکردنەوەکانی هاووڵاتییانەوە بچن.
لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە کرا کە تیمەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە شێوەیەکی ڕۆژانە و بێپچڕان لە هەڵمەتێکی چڕ و بەردەوامدان بۆ پاککردنەوەی مەنهۆڵ و ئاوەڕۆ سەرەکی و لاوەکییەکانی سەرجەم شەقام و گەڕەکەکانی شاری سلێمانی؛ ئەمەش بە مەبەستی ڕێگریی لە کۆبوونەوەی ئاو، دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە شوێنە گشتییەکاندا.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی
٢٠٢٦/١٠/٢٥
