لیستی مووچەی مانگی 10 ئامادە دەبێت و دەنێردرێت بۆ دارایی فیدراڵ
شوان بەرزنجی
دوو سەرپەرشتیاری لیستی مووچە وردەكاریی ئامادەكردنی لیستی مووچەی مانگی 10 ئاشكرا دەكەن، لە هەولێر 90%ی تەواو كراوە و پەسند كراوە و لە سلێمانییش 40%ی وردبینی و پەسندكردنی ماوە.
جەخت دەكرێتەوە لە یەک دوو رۆژی داهاتوو لیست بەتەواوی ئامادە دەبێت.
فێنك حەسیب، بەرپرسی بایۆمەتریی هەولێر و سەرپەرشتیاری ئامادەكردنی لیستی مووچە بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "لیستی مووچەی مانگی 10 لە ڕێگەی سیستەمی (پەیرۆڵ) ئامادە كراوە و 90% لە گەنجینەكانیش پەسند كراوە."
جەختی كردەوە: "لە 329 یەكەی ژمێریاری لە هەولێر 90% لیستیان ئامادە كردووە و پەسندیش كراوە، ئەو چەند یەكە ژمێریارییەی ماون ئەوانیش ئەمڕۆ وردبینی دەكرێن و پەسند دەكرێن."
بەرپرسی بایۆمەتریی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا: "دواتر كە بەتەواوی ئامادە کرا، لیستەكە لەلایەن فەرمانگەی تەكنەلۆژیا و زانیاری دەدرێتە وەزارەتی دارایی".
لای خۆیەوە، یادگار جەبار، بەرپرسی بایۆمەتری لە سلێمانی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە 470 یەكەی ژمێریاریی سلیێمانی لیستی مووچەی مانگی 10 لە ڕێگەی سیستەمی (پەیرۆڵ) زیاتر لە 60%ی تەواو كراوە و 40% ماوە لە گەنجینەكان وردبینی بكرێن و پەسند بكرێن."
ئاماژەی بەوەش دا: "ئەو فەرمانگانەی ماون، ئەوانیش هەوڵ دەدرێت ئەمڕۆ یان سبەی ئامادە بكرێن و پەسند بكرێن.»
سەرپەرشتیارەكەی ئامادەكردنی لیستی مووچە ئاشكراشی كرد: "ئەم مانگە زووتر دەست بە ئامادەكردنی لیست كرا، هاوشێوەی مانگەكانی پێشوو لیستی مووچە لە رێگەی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا رەوانە دەكرێت."
بەپێی ئەو زانیارییانەی (باسنبوز) لە وەزارەتی دارایی دەستی كەوتووە، وەزارەتەكە هەوڵ دەدات هەفتەی داهاتوو لیستی مووچە و تەرازووی پێداچووونەوە بەتەواوی ئامادە بێت، بۆ ئەوەی بۆ بەغدا رەوانە بكرێت.
لیستی مووچەی مانگی نۆ رۆژی 5ی10ی2026 درایە ژمێركاریی دارایی فیدراڵ.
مانگانە لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە (میزان موراجەعە) لە لایەن تیمێكی تەكنیكیی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رادەستی ژمێركاریی دارایی فیدراڵ دەكرێت.
