دوای دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم لە بەیروتی پایتەختی لوبنان حكومەتی عێراقی یەكەمین كاردانەوەی خۆی راگەیاند.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند: لە 21 ی ئایاردا نوسینگەی ئینتەرپۆڵی عێراق نوسراوێكی ئاڕاستەی هاوتا لوبنانییەكەی كردووە سەبارەت بە دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم و پەیوەندی بەردەوامیش لەنێوانیاندا هەبووە بۆ ئەوەی درێژە بە دەسبەسەركردنی نەجمەدین كەریم بدرێت تا ئەوكاتەی دۆسیەكەی رەوانەی لوبنان دەكرێت.
ئەو وەزارەتەی حكومەتی عێراق ئەمڕۆ یەك شەممە دەشڵێت، ئەو بەڵگانە بەمەبەست رادەستكردنەوەی رەوانەی ئەو وڵاتە دەكرێت " ئەو تۆمەتانەشی كە ئاڕاستەی كراوە پەیوەندیدارە بە گەندەڵی دارایی و دوو فەرمانی دەستگیركردنی لەلایەن دادگای عێراقیەوە بۆ دەركراوە لە ساڵی 2018 دا".
وەزارەتی ناوخۆ راشیگەیاند "ئینتەرپۆڵی لوبنانی پێیانراگەیاندوون كە نەجمەدین كەریم بەپێی یاسای لوبنان بە كەفالەت ئازادكراوە و پاسپۆرتەكەشی لێوەرگیراوەتەوە و رێشی پێنادرێت گەشت بكات لەو وڵاتەوە".
ئەوەشی راگەیاندووە كە حكومەتی عێراقی بەردەوام بێت لە پەیوەندی لەگەڵ ئینتەرپۆڵی لوبنانی و دەسەڵاتی دادوەری لوبنان بۆ ئەوەی نەجمەدین كەریم رادەستی بە بەغدا بكرێتەوە و وەزارەتی ناوخۆش هەموو هەوڵەكانی دەخاتە گەر بۆ گێڕانەوەی.

