
سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لەم دوو ڕۆژەدا پارەی وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان دەگاتە دارایی و بەهۆی ئەوەی ڕۆژی 5ی مانگ دەكەوێتە هەینی هەوڵدەدرێت دابەشكردنی مووچە ڕۆژێك پێش بخرێت.
سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، حكومەت پابەندە بە دابەشكردنی مووچە و هەموو 30 ڕۆژ جارێك وەك هەشت مانگی ڕابردوو و بەوشێوەیەش بۆ داهاتوو بەردەوام دەبێت.
وتیشی، “بەهۆی ئەوەی ڕۆژی 5ی ئەم مانگە دەكەوێتە هەینی، بۆیە هەوڵدەدرێت دابەشكردنی مووچە لە 4ی نیسان-ەوە دەست پێ بكات و بەپێی خشتەی دیاریكراو دەست بەدابەشكردنی مووچە دەكرێت”.
ڕاشیگەیاند، ِڕەنگە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا پارەی داهاتی وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان، كە بڕەكەی 378 ملیار دینارە بۆ دابەشكردنی مووچە بگاتە وەزارەتی دارایی بۆ دەست كردن بە دابەشكردنی مووچە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، عیراق بۆ ئەم مانگە تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەكی ڕەوانە نەكردووە، ڕەنگە لە دوای 10ی مانگەوە ئەو بڕە پارەیە ڕەوانەی هەرێم بكرێت.
پێشتر لە هەندێك لە میدیاكانەوە دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە، كە لە 3ی نیسان-ەوە دابەشكردنی مووچە بە وەزارەتی پێشمەرگە و لیواكان و هێزەكانی 70 و 80 دەستپێدەكات و ڕۆژی 4ی نیسان، كە دەكاتە ڕۆژی پێنج شەممە مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەش بكرێت.