
مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و مەسعود بارزانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و باسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمیان كرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە دەڵێت "پۆمپیۆ سوپاسی سەرۆك بارزانی كردووە لە هەوڵەكانی بۆ باشتركردنی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا".
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە گرنگی زانیوە حكومەتی نوێ لە هەرێمی كوردستان پێكبێت و لە ئاست داواكاری خەڵكی هەرێمی كوردستاندا بێت.
هەردوو وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و بارزانی بەپێی راگەیەندراوەكە تاوتوێی دوایین پێشهاتەكان و هەڕەشەكانی داعشیان لە عێراق كردووە، پۆمپیۆ پابەندبوونی وڵاتەكەی بۆ كاركردن لەگەڵ عێراق لەو رووەوە دووپات كردووەتەوە، تاوەكو دڵنیا دەبن لە تێكشكاندنی یەكجارەكی داعش.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 5-3-2019 مایك پۆمپیۆ لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بارزانییەوە كرد.