
وڵات_ هەولێر
ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان پرسی بەستنی كۆنگرەی ئەو حزبە تاوتوێ دەكات و داواكاریشە پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم.
لە ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان ئاماژە بەوە کراوە، رۆژی یەكشەممە كۆبوونەوەیەك لە شاری هەولێر بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی بەستنی كۆنگرەی چوارەمەوە بەڕێوەچووە، كە بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆبوونەوەی نا ئاسایی ئەنجومەنی سەركردایەتیی بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام بدرێ.
هاوکات لەبارەی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، "كۆمەڵ وەكو بنەمای كاری سیاسیی خۆی دوور لە پێگەو بوون و نەبوونی خۆی لەكابینەی داهاتوودا، تەئكیدی لەسەر پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، كە حكومەتی خزمەتكردنی هاوڵاتییان بێت و، بنەمای شەفافییەتو دژایەتییو بنبڕكردنی گەندەڵیی خاڵی سەرەكیی بەرنامەكەی بێ".