نوێترین

recent

22/03/2019

سێكسی ماوەی دووگیانی پەیوەندی ژن و مێرد بەهێز دەكات


بەشێكی خانمان كاتێك دووگیان دەبن لە سێكس دووردەكەونەوە، چونكە پێیانوایە جووتبوون زیان بە كۆرپەكەیان دەگەیێنێت، پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا جووتبوون لە كاتی دووگیانی رێگەپێدراوە؟ 

د.باربێرا هایس پزیشكی پسپۆڕی خانمان و منداڵبوون لە زانكۆی كالیفۆرنیا وەڵامی ئەم پرسیارەی خانمانی دووگیان دەداتەوە. د.باربێرا چەندین توێژینەوە و بابەتی سەبارەت بە سێكس لەماوەی دووگیانیدا بڵاوكردووەتەوە.

پزیشكە پسپۆڕەكەی خانمان و منداڵبوون دەڵێت، كاتێك خانمەكە دووگیانییەكی سەلامەتی هەبێت، واتە هەم دایك و هەم كۆرپەكە هیچ گرفتێكی تەندروستییان نەبێت، سێكس لەماوەی دووگیانی رێگەپێدراوە و سەلامەتە، بگرە سوودی تەندروستیشی هەن.

د.باربێرا هایس روونیدەكاتەوە، زۆربەی خانمانی دووگیان نیگەرانی ئەوەن كە سێكس زیان بە كۆرپەكەیان بگەیێنێت و ببێتە هۆی لەبارچوون، بەڵام ماسولكەكانی منداڵدان كۆرپە دەپارێزن، بەمەش هیچ زیانێك بە منداڵەكە ناگات، تەنانەت لەكاتی گەیشتنە ئۆرگازم كاتێك ماسولكەكانی منداڵدان گرژ دەبن، گرژبوونەكە زۆر كەمە و ناگاتە ئەو راددەیەی هانی پرۆسەی منداڵبوون بدات، بەڵام گرنگە خانمانی دووگیان لە هەفتەكانی كۆتایی دووگیانییەكەیان بۆ سێكس راوێژ بە پزیشكی تایبەتی خۆیان بكەن.

پسپۆڕەكەی خانمان و منداڵبوون لە زانكۆ ئەمریكییەكە دەشڵێت، ئارەزووی سێكس لەماوەی دووگیانیدا لە خانمێكەوە بۆ خانمێكی دیكە جیاوازە، بەشێكیان لەماوەی دووگیانیدا ئارەزووی سێكسیان دەگاتە لوتكە، بەڵام بەشێكی دیكەیان بەتایبەت لە سێ مانگی یەكەمی دووگیانی ئارەزووی سێكسیان لاوازە، ئەمەش بەهۆی لێكەوتەكانی ماوەی دووگیانی وەك رشانەوە و بێهێزی، بەڵام تاوەكو دووگیانییەكە زیاتر بڕواتە پێش، بەهۆی ئەوەی سكی خانمەكە گەورەتر دەبێت، ناڕەحەتییەك بۆ خانمەكە و بۆ هاوژینەكەشی دروستدەكات، بۆیە دەبێت شێوازی سێسكردنەكە بەجۆرێك بێت كە گوشار  نەخرێتە سەر سكی خانمەكە.

ئەو پزیشكە دەڵێت، كاتێك خانمەكە لە مەترسیی منداڵبوونی پێشوەختە، لەبارچوون یان منداڵەكەی دووانە یاخود سیانەیە باشترە لە سێكس دووربكەوێتەوە و راوێژ بە پزیشكەكەی بكات، هەروەها لەكاتی سێكسدا ئەگەر خانمەكە تووشی خوێنبەربوونی زێ و ئازارێكی زۆری خوارەوەی سك بێت ، دەبێت خێرا پزیشكەكەی ئاگادار بكاتەوە.

د.باربێرا رێنمایی دەداتە خانمانی دووگیان بەوەی بەردەوام راوێژ بە پزیشكەكەیان بكەن، ئەگەر پزیشك لە تەندروستی خانمەكە و كۆرپەكەی دڵنیابوو، خانمەكە دەتوانێت سكێس بكات. سەبارەت بە سوودەكانی سێكس لەكاتی دووگیانیدا د.باربێرا ئاماژە بەوە دەكات كە پەیوەندی نێوان هەردوو هاوژینەكە بەهێز دەكات، مەترسیی تووشبوون بە بەرزەپەستانی خوێن كەمدەكاتەوە، سیستەمی بەرگری بەهێز دەكات و ئازار لادەبات.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085