
وڵات _ ههولێر:
سبەی كاتژمێر 11 ی پێشنیوەڕۆ لە پیرمام هەردو شاندی دانوستانكاری یەكێتی پارتی كۆدەبنەوە>
وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، سەرەتای ئەم هەفتەیە شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە و گفتوگۆکانیان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم دەستپێدەکەنەوە، خەندان زانیویەتی، یەکێتی دو بژاردە بۆ مامەڵەکردن لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوانیان دەخاتە بەردەم شاندی پارتی.
لەتیف شێخ عومەر، بهمیدیاى یهكێتى ڕاگهیاندووه لەم هەفتەیەدا شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لە شاری هەولێر کۆدەبنەوە.ئاماژەی بەوەشکرد، شاندی یەکێتی بەسەرۆکایەتی عیماد ئەحمەد و هەریەکە لە رەفعەت عەبدوڵا، عەدنانی حەمەی مینا، لەتیف شێخ عومەر، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی ئەندامێتی دەکەن.١٩ی ئەم مانگە، شاندی پارتی و یەکێتی لە سلێمانی کۆبونەوە، دوای کۆبونەوەکە وتەبێی پارتی و یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا رایانگەیاند، "ئەم کۆبونەوەیە یەکێک بو لە کۆبونەوە هەر سەرەکەوتوەکان".
یەکێتی چاوەڕوانی وەڵامی پارتی دەکات
میدیایى سێبهرى یهكێتى لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتیەوە زانیویەتی، لە کۆبونەوەی رابردودا شاندی یەکێتی نزمترین ئاستی داواکاریەکانی خۆیانی داوەتە شاندی پارتی، ئەوەش دوای رەزامەندی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەو حزبە، بۆیە لە کۆبونەوەکانی داهاتودا یەکێتی چاوەڕوانی وەڵامی پارتی دەکات و قسەیەکی دیکەی نابێت.
خاڵێکی دیکەی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی زیادیکردوە، ئەوەش بەهۆی وروژاندنی پرسی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەبێ رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی و ئامادەنەبونی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان.
لە کۆبونەوەی رابردوی پارتی و یەکێتی کە لە سلێمانی بەڕێوەچو، شاندی یەکێتی بە پارتیان وتوە، ئەگەر بەبێ ئامادەبونی فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان یاسای سەرۆکایەتی هەرێم هەمواربکرێتەوە، ئەوا پەیوەندیەکانیان دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە و یەکێتی دانوستاندن لەسەر بنەمای دوای ئەو قۆناغە لەگەڵ پارتی دەکات و مەرج و داخوازیەکانی بەشداری حکومەتی گۆڕانکاری بەرچاوی بەسەردا دێت".
عیمان ئەحمەد، سەرۆکی شاندی یەکێتی لە کۆبونەوەکەدا وتویەتی، "با پارتی بزانێت داواکاریەکانی یەکێتی پێش هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم شتێکە و دوای هەموارکردنەوەش شتێکی دیکەیە"، بەڵام ئایا ئەو هۆشداریەی یەکێتی، پارتی ناچاردەکات بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی دەست بۆ دۆسیەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم نەبات؟.
شاندی یەکێتی هۆشداریان داوەتە پارتی، "هەنگاونان بۆ پەراوێخستنی یەکێتی و دوبارەکردنەوەی هەنگاوی هاوشێوەی کۆبونەوەی 18ی شوبات ئەنجامەکانی قورس دەبێت و بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆی پارتی دەبێت".
پارتی بە شاندی یەکێتی وتوە، "ناتوانین دەستکاری پشک و بەرکەوتەکانی گۆڕان بکەین"، لەوەڵامدا شاندی یەکێتی وتویەتی، "ئێمەش نەهاتوین باسی پشک و بەرکەوتەکانی گۆڕان بکەین، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمەتان داناوە شتێک نیە بژاردەی تێدابکەین، چونکە لەلایەک پشک و بەرکەوتەی گۆڕان بەرێککەوتنی نێوانتان بڕاوەتەوە و هێڵی سوریشتان بەسەر ئەو پشک و پۆستانەدا هێناوە، کە سیادین و وەکو بەرکەوتەی خۆتان هەژمارتان کردون، ئێمە بژاردە لە چی بکەین؟".
یەکێتی بەڕونی بە شاندی پارتی وتوە، ئەوان بەهیچ جۆرێک پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وەناگرن، هاوکات نیگەرانیشیان گەیاندوەتە شاندی پارتی بەهۆی ئەوە رایانگەیاندوە، کە سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتی دەبێت، لەکاتێکدا ئەوان نەیانوتوە ئەو پۆستە وەردەگرن.
شاندی یەکێتی داوای کردوە پۆستی سەرۆک ئەنجومەنی دادوەری بدرێتە یەکێتی، هەروەها داوای کردوە سەرۆک هەرێم دوو جێگری هەبێت و جێگری یەکەمی سەرۆکی هەرێم بۆ ئەوان بێت، هاوکات سەرۆکی حکومەت یەک جێگری و هەبێت و بدرێتە یەکێتی.
یەکێتی هەروەها داوای هەریەکە لە پۆستەکانی وەزیری ناوخۆ و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی و جێگری وەزیری سامانەسروشتیەکان و جێگری وەزیری شارەوانی و پەیوەندیەکانی دەرەوەی کردوە.
سەرەڕای ئەوەی پارتی و یەکێتی لە نیوەی رێگا گەیشتونەتە رێککەوتن، بەڵام هێشتا کێشەی بنەڕەتیان لەسهر دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی وەزیرو جێگر کۆتایی نەهاتوە، چونکە لەلایەک پارتی نایەوێت لە ڕێگەی پێدانی جێگر بە یەکێتی دەسەڵاتی وەزارەتە سیادیەکان لەگەڵ ئەو حزبە پەنجا بە پەنجا بەش بکات، لەلایەکی دیکەشەوە یەکێتی نایەوێت لە ڕێگەی پێدانی جێگرێکی رەمزی و لاوازەوە چیرۆکی هاوبەشی و هاوسەنگێتی خۆی لەگەڵ پارتی بێ دەسکەوتی مەلموس ببڕێنێتەوە، بەتایبەت کەئهو حزبه دەیەوێت ئەگەر وەکو هێزی یەکەمیش هەژمارنەکرێت پشکەکانی لە هێزی دووەم کەمتر نەبێت.