
ئەبوبەکر بەغدادی، سەرکردەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش چەندین جار هەوڵی داوە لە ڕێگەی جیاوازەوە لە سوریاوە بەرەو عێراق ڕابکات.
بەگوێرەی هەواڵێکی سپۆتینگی ڕووسی، ئەبوبەکر بەغدادی، سەرۆکی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، چەندین جار شێوازی خۆی گۆڕیوە تا بە ڕووخسارێکی نوێوە لە سوریاوە بەرەو عێراق ڕابکات، بەڵام هەوڵەکانی شکستی هێناوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، بەغدادی لە ئێستادا لە دواین قەلەمڕەوی داعش لە باغۆز نیە.
ماڵپەڕە ڕووسیەکە ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە، رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو میدیا کوردییەکان باسیان لە ئازادکردنی سەرتاسەریی باغۆز کردووە و دواتر هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ئەو هەواڵەیان ڕەتکردووەتەوە.
وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانی لە باکوری سوریا ڕایگەیاندووە، بەغدادی لە باغۆز نیە، بەڵام چەندین جار پێش دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی باغۆز لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتیکی سوریا، چوەتە باغۆز.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، ناوبراو لە ناوچەیەکی سوریادا خۆی حەشارداوە و چەندین جار هەوڵی داوە تا بگەڕێتەوە عێراق.
سەرچاوە هەواڵییەکانی بەغدادیش ئەوە ئاشکرا دەکەن، بەغدادی بە ئۆتۆمبێلی ئاسایی و ناسەربازیی و تاکسی شوێنەکانی دەگۆڕێت، لەم دواییانەدا رایگەیاندووە کە حیمایەی ناوێت و جلوبەرگەکەی جلوبەرگی ئەفغانییەکانە کە کەمێک لە جلوبەرگی داعش جیاوازترە.
ئەوەش ئاشکراکراوە، ناوبراو لە ئێستادا رووخساری خۆی گۆڕیوە و ڕیشی کورت کردووەتەوە و رەنگی سووری کردووە.