
وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ژمارە 1ی تابلۆی هەڵەبجە بە هەر كەسێك بێت دەبێتە فەخر و شانازی بۆی، بۆیە پێویستە ژمارە (1)ی تابلۆی ئۆتۆمبێلی پارێزگای هەڵەبجە لە 100 هەزار دۆلارەوە بخرێـتە كێبڕكێوە بۆ ئەوەی پڕۆژەكانی پارێزگای هەڵەبجەی پێ جێبەجێ بكرێت.
یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لە میانی بەشداری لە كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەڵەبجە ڕایگەیاندووە، تا بلۆی شارەكانی دیكەی هەرێم لە ئێستادا نرخیان گەیشتۆتە نزیكەی 1 ملیۆن دۆلار، ئەمە دەرفەتێكە بۆ ئەوەی ژمارە 1ی تابلۆی هەڵەبجە بە پێی یاسا ڕێكبخرێت و لەكاتی كردنەوەی موزایەدەكەی لە 100 هەزار دۆلارەوە دەست پێ بكات.
وتیشی، “من ڕەنگە زۆر مەبەستم ئەوە نەبێت ببمە خاوەنی ئەو ژمارەیە، بەڵام ئەمە هەلێكە بۆ هەڵەبجە لەو ڕێگەیەوە برێك پارە بگاتە دەست بەڕێوەبەرایەتی و بخرێتە خزمەت پڕۆژەكانی هەڵەبجە”.
ڕاشیگەیاند، ئەو ژمارە تابلۆیەی هەڵەبجە لای هەر كەسێك بێت بۆ ئەو دەبێتە شەرەفێكی گەورە، چونكە هەڵەبجە مێژوویەكی تایبەتی هەیە لای هەموومان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەگەر كاری جدی لەسەر بكرێت لە ژمارە سەرەتاكانی تابلۆی هەڵەبجە نزیكەی 200 ملیۆن دۆلار كۆدەكرێتەوە بەمەش پڕۆژەكانی پارێزگای هەڵەبجەی پێ جێبەجێ دەكرێت.
ئاشكراشیكرد، ئامادەیە نرخی تابلۆی ژمارە یەك تا 500 هەزار دۆلار، كە دەكاتە (50 دەفتەر) بەرزبكەنەوە