نوێترین

recent

17/06/2017

قوباد تاڵەبانی: حەق نییە ئەو مشەوشە لەسەر ڕیفراندۆم دروستکراوە



 جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بۆئەوەدەکات نە بۆ پارتێکی سیاسیە ، نە بۆ حکومەت، نە بۆ وڵاتێکی دیکە و نە لەدژی وڵاتێکی دیکەیە، ئەمە پرسێکە پەیوەندی بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە هەیە.

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رای گەلی کوردستان بە گرنگتر دادەنێت لە رای دۆست و نەیارەکان و رایدەگەیێنێت: " گشتپرسی نە بۆ پارتێکی سیاسیە ، نە بۆ حکومەت، نە بۆ وڵاتێکی دیکە و نە  لەدژی وڵاتێکی دیکەیە، ئەمە پرسێکە پەیوەندی بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە هەیە".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ ئەوروپا بە میدیاکانی نزیک لە پارتی وتووە"هاتنمان بۆ هۆڵەندا لە چوارچێوەی سەردانێکدابوو بۆ بەلجیکا، کە لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا و بەرپرسانی حکومەتی بەلجیکا کۆبووینەوە، کە لێرەشین لەلایەن حکومەتی هۆڵەندا بانگهێشتکرابووین، هەم باسی بارودۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستانمان کرد و هەم باسی بارودۆخی ئابووری هەرێمی کوردستانمان کرد، ئەم تەحەدیانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە و هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر باسی لەبارەوە کرا".

باسی لەوەشکردوە"بەرنامەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان پێشکەشی حکومەتی هۆڵەندا کرد، هۆڵەندا وڵاتێکی کاریگەر و بەهێزە، رۆڵی کاریگەری هەبووە چ لە عێراق و چ لە هەرێمی کوردستان، چ لە رێگای هاوکاری هێزی پێشمەرگەی کورستان و چ لە بەشداریکردنی پرۆسەی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان و هاوکاری کردنی مرۆیی بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و ئاوارەکانی کە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، هۆڵەندا رۆڵی کاریگەری هەبووە".

ئاماژەی بۆئەوەشکردوە"بۆیە لێرە کە بەرنامەی خۆمان پێشکەش کردن توانیمان بەرچاوروونییەکیان بدەینێ کە چۆن دەتوانن زیاتر هاوکارمان بن بۆ جێبەجێ کردنی بەرنامەکانی چاکسازیمان و بۆ گەشەپێدانی وڵاتەکەمان و بەهێزتر کردنی ژێرخانی هەرێمی کوردستان".

ئەوەیش وتووە"چەند داواکارییەکی روونمان هەبوو، لەڕووی سیاسییەوە پێمان گوتن هەموومان هاوپەیمانین لە شەڕی دژی داعش، ئەگەر تەنیا لەڕووی سەربازییەوە سەیری ئەم شەڕە دەکەین سەرکەوتوو نابین، لەناوبردنی هێزێکی وا پێویستی بە هەماهەنگی سیاسی و گەشەپێدانی ئابووری و بەهێزکردنی توانای هێزەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانە، چ هێزی ئەمنیمان بێت یان هێزی سەربازی، بۆیە پێویستە لە چوارچێوەیەکی گشتگیرانەدا سەیری شەڕی دژی داعش بکەین نەک لە رووە سەربازییەکەوە. ئەمە داواکاری یەکەممان بوو".

ئەوەیشی وتووە"لەرووی ئابوورییەوە داوامان لە حکومەتەکانی هۆڵەندا، بەلجیکا و بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا کرد کە هاوکارمان بن لە جێبەجێکردنی چاکسازییەکانمان لە هەرێمی کوردستان. چاکسازییەکانمان لە هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی چاکسازییەکی فراوانە کە بە هاوکاری تیمی پسپۆڕانی وۆرلدبانک ئامادەکراون، کە لە چەند بەشێکی جیاواز پێکهاتووە، لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و لە وەزارەتی پێشمەرگە و نوێکردنەوەی هێزەکانمانەوە و لە بەردەوام بوونی شەفافیەت لە کەرتی نەوت و گاز و تەدقیقی پرۆسەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان".

باسی لەوەشکردوە"چۆنێتی بەشداریکردنی ژنان و ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان لە گەشەپێدانی ئابووریمان، ئەمە هەمووی بەشێکن لە سیاسەتی چاکسازی هەرێمی کوردستان. ئەمانەمان زۆر بەڕوونی پێشکەشی ئەو وڵاتانە کرد کە بەشداربن لە جێبەجێکردنی ئەم چاکسازیانە. چ لەڕووی هاوکاری دارایی و چ لەڕووی هاوکاری فەنییەوە لە ناردنی کەسانی پسپۆڕ لە بواری کشتوکاڵ و لەبواری وزە، کە بوارێکن حکومەتی هۆڵەندا زۆر ئەزمووندار و چالاکن تێیدا، لە بوارەکانی دیکەش وەک وەبەرهێنان یان بازرگانی لە هەرێمی کوردستاندا، داواکارییەکانمان زۆر ئاشکرابوون و پێموایە بینیویشیانە کە ئێمە چەندە جیددین لە ئیشکردن و ئاسانترە بۆیان بێنە پێشەوە و هاوکارمان بن".

ئەوەیشی وتووە" زۆر سەرسام بوون بەو ئیشانەی کردوومانە لەو جەوە قورسەی لە هەرێمی کوردستان کە هەمان بووە. وەک دەزانن بەهۆی شەڕ و ئاوارە و قەیرانی دارایی و کێشە سیاسییەکاندا لە ژینگەیەکی ناتەندروست، بۆیە ئەنجامدانی کارەکانمان بەلای بەرپرسانی حکومەتی بەلجیکا و هۆڵەندا و بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا مایەی سەرسامیان بوو، بە دڵنیاییەوە لەو کەشەدا ئێمە بتوانین هەندێک هەنگاو بڕۆینە پێشەوە بۆ ئەوان ئاسانترە بتوانن هاوکارمان بن لە جێبەجێکردنی بەشەکانی بەرنامەی چاکسازیمان کە تاوەکوئێستا جێبەجێمان نەکردووە".

باسی لەوەشکردوە"بەڵینیانداوە هانی کۆمپانیاکانیان بدەن هاوکاربن لەگەشەپێدانی هەرێمی کوردستان.  بەڵینیانداوە لە جێبەجێکردنی بەرنامەی چاکسازیمان لە هەرێمی کوردستان هاوکارمان بن. چ لە باشتر سەرفکردنی ئەو بڕە پارانەی هۆڵەندا خۆی تەرخانی کردووە بۆ عێراق و چ لە رێگای ناردنی کەسانی پسپۆڕ و لەو بوارانەی کە ئاماژەم پێدا، بۆیە پێموابێت سەردانێکی سەرکەوتوو بووە و ئینشائەڵڵا دەبێتە مایەی خێریش بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هاوکارێکیشمان دەبێت لە بەردەوامبوونمان لە جێبەجێکردنی بەرنامەی چاکسازیمان".

لەبارەی تێڕوانینی وڵاتانەوە بۆ ڕیفراندۆم ئەوەی وتووە"من وتەبێژی ئەو وڵاتانە نیم و ناتوانم لەجیاتی ئەوان قسە بکەم، بەڵام دەڵێم ئەگەر لە هەموو کۆبوونەوەکانیش نەبێت، بەڵام لە 90%ی کۆبووەنەوەکان باسی سەربەخۆیی و ڕاپرسییەکەی هەرێمی کوردستان کرا، بۆمان روونکردنەوە گشتپرسییەکە چییە و چی نییە، ڕاپرسییەکەی هەنگاوێکی گرنگە لە پرۆسەی بەرەو سەربەخۆبوونی هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکیشە کە راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان نییە، ئەنجامدانی گشتپرسی زانینی رای میللەتی خۆتە لەسەر ئەو پرسە. بۆیە بۆمان روونکردنەوە ئەنجامدانی گشتپرسییەکە وەکو ئەوەی بەریتانیا نییە کاتێک ڕاپرسییەکە ئەنجام بدەن بڕگەیەک لە دەستووردا کارا ببێت، کە بۆ بەیانی ئاڵای عێراق دابگرین و ئاڵای کوردستان بهێڵینەوە، ئەمە پرۆسەیەکی تەندروست و دیموکراتییە، حەق نییە ئەو مشەوەشیەی لەسەر دروست ببێت کە تەنیا وەرگرتنی رای نەتەوەکەتە لەسەر پرسێکی چارەنووسساز، کاتێک بۆیان روون دەکەیتەوە تێدەگەن کە پرۆسەکە چییە و چی نییە".

ئەوەیشی وتووە"ئێمە هەندێک قسەمان کرد، ئەوانیش هەندێک پرسیاریان هەبوو، لەسەر کاتەکەی و چۆنێتی رێکخستنەکەی و لەکوێ و چۆن دەکرێت و پرسیارەکە چییە و چی نییە؟ پرسیاریان کرد".

باسی لەوەشکردوە"ئەمە دەرفەتێک بوو وەکو دوو دۆست کە بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە چ لە عێراق و چ لە جیهان و چ لەناوچەکە کە تاوتوێی ئەم بابەتانە بکەین، توانیمان وەڵامی هەموو پرسیارەکانیان بدەینەوە و پێشموایە خۆشت لە دیمانەکەت لەگەڵ وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا باسی لەوەکرد کە پرسیار کراوە و وەڵام دراوەتەوە و گفتوگۆ کراوە، هەندێک تێبینی و هەندێک پرسیاریان هەبوو، ئێمە بەپێی توانا توانیمان وەڵامی پرسیارەکان بدەینەوە".

ئاماژەی بۆئەوەشکردوە"پێش ئەوەی رای وڵاتان لەسەر ئەم پرسە وەربگرین رای میللەتی خۆمان لە هەموو شتێک گرنگترە. چونکە ئەمە بۆ میللەتی خۆمانی دەکەین، نە بۆ پارتێکی سیاسی و نە بۆ حکومەتە، نە بۆ وڵاتێکی دیکە و نە  لەدژی وڵاتێکی دیکەش دەیکەین، بەڵکو ئەمە پرسێکە پەیوەندی بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەموو پارتە سیاسییەکانی کوردستان و هەموو دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بۆیە وەرگرتنی رای میللەتەکەی خۆمان لە وەرگرتنی رای دۆست و نەیارانمان گرنگترە".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085