
بەرپرسێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هۆشداری دەدات لە قۆناغی دوای كۆتاییهاتنی شەڕی داعش و مەترسییەكانی ئەو قۆناغە، دەشڵێت "قۆناغی دوای داعش كۆتاییهاتنی كێشەكانی هەرێم و شەڕەكان نابێت، بەپێچەوانەوە دەیان شەڕی تر چاوەڕێیان دەكات".
مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و بەرپرسی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لە میانی بەشداریكردنی لە رێوڕەسمێكی تایبەتی هاوكاریكردنی كەسوكاری شەهیدانی دەستی داعش كە لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی لە شاری سلێمانی رێكخرابوو، لە وتەیەكدا داوای كرد پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵبدەن بۆ كەمكردنەوەی بارگرانی سەرشانی هاووڵاتیان كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە دروستبوە.
سەنگاوی وتیشی "ئومێد دەكەم پارتی و یەكێتی كە دەسەڵاتدارن، ئەو بارە قورسەی سەرشانی هاووڵاتیان كەمبكەنەوە، هەروەها هەوڵبدەن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانیش لەم سەردەمە چارەنووسسازەدا یەكبگرنەوە".
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی جەختیشیكردەوە، نابێت پێمانوابێت دوای شەڕی داعش ئیتر شەڕ نەماوە، دوای ئەو شەڕە دەیان شەڕی تر هەیە چاوەڕێمان دەكات، هەروەها دەیان لا هەیە پێیوایە ئەو ئازادییەی لە كوردستان هەیە زۆرە و پێیوایە كەمی بكاتەوە.