
مەسعود بارزانی رایدەگەیەنێت، بە حەیدەر عەبادی سەرۆکی حکومەتی عێراقم وتوە " گشتپرسیی مافێکی یاسایی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، دوای ئەنجامدانی گشتپرسییەکەش دەمانەوێت بە ئاشتیانە لەسەر ئەنجامەکەی دانوستاندنتان لەگەڵ بکەین"
مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە ویلایەتەکەى جێی ناکۆکی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمە، لە دیدارێکیدا لەگەڵ فۆرین پۆلیسی لەبارەی گشتپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە "گشتپرسییەکە بۆ سەربەخۆییە" پرسیاری سەربەخۆبوون لە خەڵک دەکرێت و خەڵک بریار لەو بارەوە دەدات".
بارزانی ئاماژەى بەوەشکردووە "پێشتر پرسی گشتپرسی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق باسکردووە و بۆ عەبادی روونکردووەتەوە کە "گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان شتێکی ئاساییە و هەروەها مافێکی یاسایی خەڵکی ئێمەیە، بۆیەش دەمانەوێت دوای ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە بە شێوەیەکی ئاشتیانە لە رێگەی دیالۆگەوە، لەسەر ئەنجامەکانی گشتپرسییەکە دانوستاندنتان لەگەڵ بکەین".
بارزانی ا لەبارەی بۆچوونی جیاوازی سیاسی لەسەر گشتپرسییەکە بەتایبەتی لەنێوخۆی هەرێمی کوردستان باسی لەوەکردووە "پرسی گشتپرسیی شتێکە پەیوەندی بە چارەنووسی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بۆیە ئەم پرسە گەورەترە لە پارت و هەروەها ناکۆکییە سیاسییەکانیش". جەختیشی لەوەکردووەتەوە کە "ئێستا زۆربەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ ئەنجامدانی گشتپرسییە".
ئەو وتوشیەتی "گشتپرسیی بۆ سەربەخۆییە و لە دانوستاندنەکاندا لەسەر ئەم خواستەی گەلی خۆیان کۆڵنادەن، بۆیەش دەبێت ئەنجامی گشتپرسییەکە جێبەجێبکرێت.
لەبارەی ئەوەش کە بۆچی ئێستا کاتی ئەنجامدانی ئەو گشتپرسییەیە بارزانی رایگەیاندووە ، پێشتر چەندین جاری دیکە ویستویانە گشتپرسی ئەنجامبدەن، بەڵام دۆخەکە گونجاونەبووە، بەڵام ئەگەر بێت و ئەم پرسە زیاتر لەمە دوابخەین لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان نابێت و هەروەها کاریگەری خراپی لەسەر چارەنووسی خەڵک دەبێت، بۆیە ئێستا باشترین کاتە بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی.