

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەرپرسی رێكخستنەكانی دەرەوەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایدەگەیەنێت”بەپەڕەسێلكەشدا بێت بەردی حەلان بۆ ئاوەدانكردنەوەی كۆبانێ دەنێرین”.
لەساڵڕۆژی جیهانی كۆبانیدا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەرپرسی رێكخستنەكانی دەرەوەی یەكێتی لەوتارێكدا ریدەگەیەنێت”تاوەكو هەندێك لەدڵسۆزانی یەكێتیە راسەقینەكەتان لەپشت بێت بەپەڕەسێلكەشدا بێت بەردی حەلان بۆ ئاوەدانكردنەوەی كۆبانێ دەنێرین”.
لەبەشێكی نوسینەكەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد هاتوە”وامزانی هەموان كۆبانی وەك پایتەختی بەرەنگاربونەوە و بەرخودان دەناسێنن و كوچە و كۆڵانەكانی بەمەرمەری وڵاتەكانیان دەنەخشێنن و دەیكەنە دەستەخوشكی گشت پایتەختە بەناوبانگەكانی جیهان!”.
هەروەها هاتوە”بەڵام داخەكەم، نەمزانی تەنانەت جەنابی باشورەكەی خۆشم خەندەقە پڕ لەشەرمەزارییەكەی نێوانمان پڕ ناكاتەوە”.
دەقی وتارەكەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد:
لەساڵرۆژی جیهانی كۆبانێدا سەری رێز بۆ یەكە بە یەكەی شەهیدانت، بۆ ناوت، بۆ بست بە بستی خاكی بە گیان رزگاركراوت، بۆ تاك بە تاكی شەڕڤانانت، بۆ ئازایەتی و خۆنەویستی خەڵكی رۆژئاڤا و كۆبانێ دائەنەوێنم..
زۆر بوون ئەوانەی كە لە سەرتاسەری جیهاندا رۆژانە لە میدیاكانیانەوە ووێنە و دیمەنی ئازایەتی و بەرخۆدانیتیان بڵاو دەكردوە، زۆرتر بوون ئەوانەی بەڵێنی هاوكاری و پاڵپشتیان پێ ئەدای، زۆر زیاتر بوون ئەوانەی كە بە دروشمی بریقەدار بەهاریان لە چلەی زستاندا بۆ دەهێنانە چۆكان. وامزانی پاش ئەو هەموو لێدوان و بڵاوكردنەوەی ریپۆرت و فیلم و ووێنەیە هەمووان كۆبانی وەك پایتەختی بەرنگار بوونەوە و بەرخودان دەناسێنن و كوچە و كۆڵانەكانی بە مەرمەری وولاتەكانیان دەنەخشێنن و دەیكەنە دەستە خوشكی گشت پایتەختە بەناوبانگەكانی جیهان! بەڵام داخەكەم،نەمزانی تەنانەت جەنابی باشورەكەی خۆشم خەندەقە پڕلە شەرمەزارییەكەی نێوانمان پڕ ناكاتەوە، نەمزانی هەندێك رێگە نادەن یەك پاكت حەبی ئازار شكێنیشتان پێ بگەیێنین، دەستی شكاوم نەمزانی كە دونیا هەر تەنیا وەك فیلمێكی هولیود تەماشای كۆبانی دەكرد و هیچیتر!! و لە كۆتایی فیلمەكەدا لە پشتەوە خەنجەرتان لێ دەدەن، بەڵام كێشە نیە تاوەكو هەندێك لە دڵسۆزانی یەكێتیە راسەقینەكەتان لە پشت بێت بە پەڕەسێلكەشدا بێت بەردی حەلان بۆ ئاوەدانكردنەوەی كۆبانێ دەنێرین، بە پەپولە پایزەشدا بێت ئازار شكێن دەنێرین، بە تیشكی خۆری ئاسمانیشدا بێت هاوكاریتان بۆ دەنێرین، بە رەشەبای سلێمانیشدا بێت پەیامی خۆشەویستیمان هەر دەگەیێنین.
هەزاران هەزار سلاو لە گیانی پاكی شەهیدانی نەمری كۆبانێ و رێگای رزگاری كوردو كوردستان.
سەربەرزی و سەركەوتن بۆ پارێزەرانی كوردستان ئاوەدان بێت كۆبانی.
شەرمەزار بن ئەوانەی كە لە كاتی تەنگانەدا پشتتان تێ دەكەن.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد