

لەسەر دیارنەمانی ٥٠٠ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی ھەرێم، جێگری سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی پەرلەمان روونکردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت"ئەو زانیاریانە ھیچ بنەمایەکی نییە".
دڵشاد شەعبان جێگری سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی پارتی رایگەیاند:ئەو زانیاریانەی کە لەسەر ھەناردەی نەوتی ھەرێم بڵاودەکرێتەوە، ھیچ بنەمایەکی نییە و بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر داتاو داھاتی نەوتی ھەرێم پشت بە پەیمانگای رەسمی پسپۆر لە بواری نەوتی دەبەسترێت.
ئاماژەی بەوەشدا ئەو کەسانەی زانیاری لەسەر ھەناردەی نەوت و داھاتەکەی دەدەن سەردانی کێڵگە نەوتیەکان یاخود بەندەری جەیھانیان نەکردووە.
وتیشی: بۆ قسەکردن لەسەر ئەو پرسە پشت بەو راپۆرتانە دەبەسترێت کەفەرمین و لەلایەن حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە بڵاودەکرێتەوە، بۆیە ئەوەی دەوترێت ھەناردەی نەوتی ھەرێم بۆ نزیکەی ملیۆنێک بەرمیلی رۆژانە زیادیکردوە و نزیکەی ٥٠٠ھەزار بەرمیلی بەشاراوە ماوەتەوە ھیچ بنەمایەکی نییە.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی روونیشکردەوە"بەدواداچوون بۆ پرۆسەی داھات و نەوت و ووردبینیکردنی کارێکی ئاسان نییەو پێوستە دامەزراوەی رەسمی پسپۆر ئەو کارانە ئەنجام بدات نەک لایەنی دیکە".