نوێترین

recent

23/11/2016

قوباد تاڵەبانی: تیرۆركردنی مامۆستا ئاینیەكەی هەولێر خاڵێكی ڕەشە



جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت "تیرۆر كردنی دكتۆر هوشیار ئیسماعیل مامۆستا و وتار بێژی مزگەوتی حاجی عومەر بندیان لە شاری هەولێر، بە توندی مەحكوم دەكەم".

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك لەسەر كوشتنی مامۆستای ئاینی و بانگخوازی شاری هەولێر و هەرێمی كوردستان دەڵێت "تیرۆر كردنی دكتۆر هوشیار ئیسماعیل مامۆستا و وتار بێژی مزگەوتی حاجی عومەر بندیان لە شاری هەولێر، بە توندی مەحكوم دەكەم". 

دەشڵێت "ئەم كردەووە قێزەونەش خاڵێكی ڕەشە كە مێژوو حاشاهەڵنەگرانە تۆماری دەكات. داواكارم بەزوترین كات تاوانباران ئاشكرا بكرێن و بەسزای یاسایی خۆیان بگەیەنرێن".

ئەمڕۆ چوار شەممە 23ی تشرینی دووەمی 2016 تەرمی د. هۆشیار ئیسماعیل، بانگخواز و مامۆستای ئاینی شاری هەولێر لە گوندەی كەونەباك لە قەزای بەردەڕەش بە ئامادەبوونی ژمارەیەك زۆر لە زانایانی ئاینی و كەسوكار و هاوڵاتیان بەخاك سپێردرا.

شەوی ڕابردو دیار ئیسماعیل، برای د. هۆشیاری  ئیسماعیل، بانگخواز و مامۆستای ئاینی شاری هەولێر بە چاوگ نیوزی ڕاگەیاند "دەستێكی ترسنۆك ئەمشەو تەقەی لە زانا و كەسایەتی دیاری هەولێر د.هۆشیار ئیسماعیل كردوە و بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا".

وتیشی "كاتژمێر 11ی شەوی ( سێ‌ شەممە 22ی تشرینی دووەمی 2016 ) لەبەردەم ماڵەكەی خۆی تەقەلە د. هۆشیاری برام كرا و دوو گوللـە بەر سەری كەوتوو".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "مامۆستا بە سەختی برینداربوو، گەیاندمانە نەخۆشخانە، بەڵام مامۆستا بەهۆی سەختی برینەكەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی سپارد و شەهید بوو".

دیار ئیسماعیل، برای د. هۆشیار وتی "ئێمە وەك بنەماڵەی دكتۆر هیچ كێشەیەك و دوژمنایەتیەكەمان لەگەڵ كەس نیە و نازانین ڕووداوەكە بەهۆی چیەوە بووە".

د. هۆشیار ئیسماعیل، پێشنوێژ و وتار خوێنی مزگەوتی عومەر بندیان بووە لەهەولێر و لە هەمانكاتیشدا بەرپرسی لقی زانایانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بووە.

د. هۆشیار ئیسماعیل، ساڵی (1976) لەدایك بووەو لەساڵی (1999) ئیجازەی عیلمی وەرگرتووەو لەساڵی (2003) كۆلێژی تەواو كردووەو لەساڵی (2007) ماستەری لەتەفسیر وەرگرتووەو لەساڵی (2013) ش پلەی دكتۆرای لەتەفسیر وەرگرتووە.

دكتۆر ووشیار بۆ ماوەی (13) ساڵ ووتاربێژ بووە لە گوندی بێستانەو دواتریش لە مزگەوتی خدر سوارە بۆ ماوەی (10) ساڵ و تاكو تیرۆركردنیشی لەمزگەوتی عومەر بندیان بووە.

دكتۆر ووشیار خێزاندارەو خاوەنی چوار منداڵە بەناوەكانی (ئیسراو نزاو سەناو ئەحمەد).
Picsart-24-02-23-21-31-09-085