

دەنگۆی بوونی چەكدارانی داعش لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە پشتڕاستكرایەوە و گرتەیەكی ڤیدیۆیی شەڕەكەش بڵاوكرایەوە.
لەو گرتە ڤیدیۆییەدا، كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكراوەتەوە، هێزەكانی ئاسایش دەردەكەون كە تەقە لە بەرانبەریان دەكەن، بەڵام دیار نییە ئامانجەكە چییە.
لەبارەی چەكدارەكانی گوندی گریانەی سنوری پارێزگای هەڵەبجەش، دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان هەموولایەك ئاگادار دەكاتەوە، كە هێزەكانی سەربەدەزگاكەیان ماوەیەكە بە هاوكاری و هەماهەنگی هاووڵاتیانی خۆشەویستی سنوری پارێزگای هەڵەبجە، زانیاری ئەوەیان پێگەیشتووە كە چەند چەكدارێكی نامۆ جموجوڵیان هەیە لە سنورەكەداو دەبینرێن. لە راگەیەندراوێكی دەزگاكەدا هاتوە "دوای كۆكردنەوەی زانیاری تەواو چاودێریكردن، بەسەرپەرشتی و رێنمایی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور و بەهاوكاری هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، سنورەكەیان كێوماڵ كردوە و لەڕۆژی 19/11/2016 لەنزیك رووباری سیروان و گوندی بۆین، چەند چەكدارێك دەبینرێ و روبەڕوبونەوە لەنێوان هێزەكانی ئاسایش و چەكدارەكاندا رودەدات، لەئەنجامدا دەست بەسەر حەشارگەكەیاندا دەگیرێ و چەند تیرۆریستێك دەكوژرێن و بریندار دەكرێن و دەست بەسەر چەندین پارچە چەك و بەڵگەنامەدا دەگیرێ و تەرمی تیرۆریستێك دەكەوێتە بەردەستی هێزەكانی ئاسایش. بەڵام لەو هەڵمەتەی هێزەكانی ئاسایشدا سێ كارمەندی ئاسایش بریندار دەبن، خۆشبەختانە باری تەندروستیان جێگیرە".