

دوو پەرلەمانتاری ئێستا و پێشووی گۆڕان لەسەر بەشداریی لە خۆپیشاندان و ئەرکی پەرلەمانتاری بۆچوونی جیاوازیان ھەیە و لەرێگەی فەیسبووکەوە پەیامدەنێرن و وەڵامی یەکدی دەدەنەوە.
عەبدوڵڵا مەلا نووری، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان لەلێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمریکا رایگەیاند: "من زۆر بە تووندی رەخنەم لە پەرلەمانتارە بەڕێزەکان ھەیە کە ئەمڕۆ وەکو مامۆستا خەریکی وتار لێدان و وتار خوێندنەوەن لەسەر جادەکانی سلێمانی، ئەرکی پەرلەمانتاران ئەوەیە بڕۆن لە ھەولێر فشار دروست بکەن، چونکە حکومەت لە ھەولێرە، ئەگەر بیانەوێ دەنگی خەڵک بگەیێننە دونیای دەرەوە".
عەبدوڵڵا مەلا نووری دەڵێت: "بەشێک لە پەرلەمانتارەکان خەریکە رۆڵی میدیاکار ئەگێڕن و خەریکە دوور ئەکەونەوە لە ئەرکی خۆیان، پێویستە خۆپیشاندەران ئەمە پەسند نەکەن و رێگایان پێی نەدەن لە سەکۆکانی ناو خەڵکەوە قسە بکەن، پەرلەمانتارێک ئەگەر بڕوا لە پەرلەمانەکەی خوێشیا دابنیشێ، ئەگەر بتوانی پەرلەمانەکەی کارا بکاتەوە، بڕواو چوار رۆژ لەوێ مانبگرێ، بڕوا لە بەردەم دەرگای پەرلەماندا دانیشێت، کاریگەری زۆر زیاترە لەوەی کە لەسەر جادەکانی سلێمانیدا دەنگ ھەڵبڕێ و ھاوار بکا".
لە بەرامبەردا عەلی حەمەساڵح بەبێ ئەوەی ناوی بھێنێ لەلاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وەڵامی عەبدوڵڵا مەلا نووری دایەوە و گوتی:"ھەندێک برادەر، دەڵێن: بڕۆن لە پەرلەمان داکۆکی لە خەڵک بکەن... وەک ئەوەی نەزانێت پەرلەمان کودەتای بەسەردا کراوە، بۆچی و لەسەر چیش کرا.
نەشزانێت کاراکردنەوەی پێویستی بەزۆرینەیە و ئێمە ھۆکاری دروست نەبوونی ئەم زۆرینە نین".ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان دەڵێت: "ھەندێک برادەر کە پەرلەمانیش کارابوو لەگەڵ خەباتی پەرلەمانی دەھاتن لە سەرای ئازادی قسەیان دەکرد. من پێموایە ئەوەی ئەوانیش تەواو راستەو، پەرلەمانتار دەبێت لە ھەردوو ئاستی ناو جەماوەر و پەرلەمان خەبات بکات )وەک لە باکوور(".
عەلی حەمە ساڵح خەڵکی کوردستان وەکو شایەتحاڵ بۆ کارەکانی دەھێنێتەوە لە چاودێری کردنی نەوت و دارایی و ئاماژەش بەوە دەکات "بەھۆی کار و ھەڵوێستمان خۆمان کەسوکارمان دووچاری چەندین ئاستەنگ و گرفت بوینەوە".ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان دەڵێت: "ھەرچەندە باوەڕم بەمجۆرە لە داخوازی لە خۆپیشانداندا نییەو نابێت خۆپیشاندان خاڵی بێت لە خواستی سیاسی و تەنیا بۆ چارەکە مووچە بێت".
عەلی حەمەساڵح بەئاماژەدان بەوەی کە بزووتنەوەی گۆڕان و ھیچ حیزبێکی دیکە بە فەرمی بەشداریی خۆپیشاندانی نەکردووەو سەرپەرشتی ناکات، رایدەگەیێنێت: "ھەرکاتێک کردی و بڕیاریدا، من یەکەم کەسم پێشی خۆپیشاندەران بگرم لە ھەولێر. بەڵام خۆپیشاندان بەیەک کەس دەکرێت؟"