نوێترین

recent

21/11/2016

ئەندامێکی ناوەندی بڕیار بە خۆپیشاندەران دەڵێت ''جاش''


ئەندامێکی ناوەندی بڕیاری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هێرش دەکاتە سەر خۆپیشاندەران و ئاماژە بەوەدەکات کە ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ بەغدا ئەوا ئەمە دەبێتە جاشایەتی.

جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی ناوەندی بڕیار لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ''زاگرۆس تی ڤی'' هێرشی توند دەکاتە سەر خۆپیشاندەرانی هەرێمی کوردستان کە داوا دەکەن بەمەبەستی دابینکردنی بژێوی ژیانیان و موچەکانیان، بەغدا راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان بکات و دەڵێت '' ئەوە سڕف خیانەتە لە کوردستان و عێراق''.

ئەو ئەندامەی ناوەندی بڕیاری یەکێتی هەروەها خۆپیشاندەران بە (جاش) ناودەبات و دەڵێت '' من پێم وایە ئەم جۆرە پڕۆژانە، دروستکردنەوەی جاشایەتیە، جاشایەتی سیاسیە، لەبەر ئەوەی چوونەوە بۆ عێراق و کەوتنەوە ژێر دەستی عێراق، نەوعێکە لە خیانەت لە خوێنی هەموو شەهیدانی کوردستان''.

جەعفەر شێخ مستەفا ئاماژە بەوەشدەکات '' خەڵکی ئێمە ئەگەر لە برسانیش بمرێ، ئەم جۆرە پڕۆژانە قبوڵ ناکا و ئەو پارەیەش قبوڵ ناکا کە بە شێوەی خیانەت دەستمان کەوێ یان بە جاسوسی کردن، بۆیە بە ڕاستی ئەوە سڕف دروستکردنەوەی جاشایەتیە لە کوردستان و عێراق''.

ئەمە لە کاتێکدایە کە خۆپیشاندەران بەهیچ شێوەیەک هیوایان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەماوە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان لەپێدانی شایستە داراییەکان پێیان، بۆیە داوا دەکەن بەغدا راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پاریزگاکانی هەرێمدا بکەن بۆئەوەی چی تر پرۆسەی خوێندن و دەوامی فەرمانبەران لە فەرمانگە حکومیەکاندا دوانەکەوێت بەو پێیەی حکومەتی هەرێم گوێ لە داوا رەواکانیان ناگرێت.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085