قسەکانی ئاشتی ھەورامی لەبارەی ئەوەی ئەگەر نرخی نەوت بگاتە سەروی ١٠٠ دۆلاریش قەیرانی دارایی چارەسەرناکرێت، پارتیی بێدەنگی دەشکێنێت و پەرلەمانتارێکی ئەو حزبەش لەپەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، "ئەگەر پاکسازی ڕاستەقینە بکرێت، نەوت بە٤٠ دۆلاریش بێت، ماڵئاوایی لەقەیرانی دارایی دەکەین".
لەپەیامێکدا بۆ قسەکانی ئاشتی ھەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان کە دوێنێ لەدیداری مێری لەھەولێر ڕایگەیاند، "ئەگەر نرخی نەوت بۆ زیاتر لە ١٠٠ دۆلاریش بەرزبێتەوە، قەیرانی دارایی چارەسەرنابێت"، فرسەت سۆفی پەرلەمانتاری پارتی ھاتەدەنگ و قسەکانی ئەو وەزیرە ڕەتدەکاتەوەو ڕونکردنەوەش دەدات.
فرسەت سۆفی لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی ((ئەگەر چاکسازیی و پاکسازیی بکەین و دادپەروەری لەگەڵ مەملەکەتەکەمان ئاشت بکەینەوەو چیتر سامانی وڵات بەگەندەڵی بەھەدەرنەدرێت و خاوەنی حکومەتێکی ڕەشید بین، دڵنیام ئەگەر نرخی نەوت تەنھا ٤٠ دۆلاریش بێت نەک ١٠٠ دۆلار، ئێمە دەتوانین ماڵئاوایی لەقەیرانی دارایی بکەین)).
