بزوتنەوەی گۆڕان هەرلایەنێكیش خۆی بە خاوەنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی بزانێت ئەوا هەڵەی مێژوویی دەكات، دەشڵێت: هەر باڵێك لە باڵەكانی یەكێتی هەوڵی گرفت دروستكردن بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی بدات، ئەوا سەرجەم ئەو بەرپرسیاریەتییەی دەكەوێتە ئەستۆ كە لە چەند ڕۆژی داهاتوو ڕوودەدات.
سەرچاوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕان، ڕايگەیاند، پۆستی پارێزگاری سلێمانی مافی بزوتنەوەی گۆڕان بووە، بەڵام لەبەر ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە دووساڵی یەكەمدا ڕادەستی یەكێتی كردووە.
وتیشی" پۆستی پارێزگاری سلێمانی مافی دەنگدەرانی گۆڕانە لە پارێزگاكە، هەرلایەنێكیش خۆی بە خاوەنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی بزانێت، ئەوا هەڵەی مێژوویی دەكات".
سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد، بزوتنەوەی گۆڕان هۆشداری داوەتە یەكێتی و داوای هەڵوێستی ئاشكرای لە یەكێتی كردووە، ئەگەر نا هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان زۆر توند دەبێت و سەرجەم ڕاستییەكانیش بۆ ڕایگشتی ئاشكرا دەكەن .
ئەوەشی نەشاردەوە، هەر باڵێك لە باڵەكانی یەكێتی هەوڵی گرفت دروستكردن بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی بدات، ئەوا سەرجەم ئەو بەرپرسیاریەتییەی دەكەوێتە ئەستۆ، كە لە چەند ڕۆژی داهاتوو ڕوودەدات.
لەبارەی سەردار قادریشەوە وتی " ناوبراو ئێستا لە پارێزگای سلێمانی دەوام ناكات و لە چەندڕۆژی داهاتووشدا كۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی دەبەستێت، بەڵام گۆڕان كۆنگرەكەی بۆ دوای ڕاگەیاندنی هەڵوێستی فەڕمی یەكێتی دواخستووە".
