
هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری باشیک بەردەوامن لە پێشڕەویکردن و توانیان رۆژی چوارشەممە 26-10-2016 گوندی دێرک کۆنترۆڵبکەنەوە.
زانیاریەکان لە میحوەری باشیکەوە ئەوە ئاشکرادەکەن "هێزەکانی پێشمەرگە توانیان ئەمڕۆ گوندی دێرک کۆنترۆڵبکەنەوە".
بەپێی زانیاریەکان "هێزەکانی پێشمەرگە گەمارۆی چەند گوندیکی میحوەرەکەیان داوە، هەروەها چەکدارانی داعش لە گوندی فازڵییە کە لەلایەن پێشمەرگەوە گەمارۆدراوە ئاڵاکانیان داگرتووە ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ کشانەوەی چەکدارانی داعشە لە گوندەکە".
شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ بەرەبەیانی رۆژی 17-10-2016 بە بەشداریی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان دەستیپێکرد.
ئەو هێزانە لە چەند میحوەرێکی جیاوازەوە شەڕ دەکەن و، توانیویانە چەند شارۆچکە و چەند گوندێک کۆنترۆڵبکەنەوە و رۆژ لەدوای رۆژ لە سەنتەری پارێزگای نەینەوا کە شاری موسڵە نزیکتر دەبنەوە.
