نوێترین

recent

18/10/2016

بەرپرسێكی پارتی: ئەگەر بەرپرسیارێتیم نەدەنێ گوللەیەك لە سەری خۆم دەدەم



بەرپرسێكی پارتی كە تەرمی كوڕەكەی بە كوژراوی لەنێو ئۆتۆمبیلەكەیدا دۆزراوەتەوە، هۆكاری خۆكوشتنەكە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە هیچ پلەیەكی نەبووە‌و دەڵێت ئەگەر پلەی ئەوەیش بەرز نەكەنەوە خۆی دەكوژێت.

حەمە رێگر، پێشمەرگەیەكی پارتییە كە سەرەڕای ئەوەی بە پلەی ئامر لیوا خانەنشین كراوە لەگەڵ سێ كوڕەكەی لەبەرەكانی شەڕ دژی داعشە  كوڕێكی لە شەڕی دژی داعشدا بریندار بووە و قاچێكی بڕاوەتەوە.

پاش ئەوەی "زاگرۆس"ی كوڕی بە كوژراوی لەنێو ئۆتۆمبیلەكەی دۆزرایەوە تا ئێستاش هۆكاری كوژرانەكەی ئاشكرا نەبووە بەڵام "حەمە رێگر"ی باوكی دەڵێت خۆی كوشتووە‌و بە رووداوی راگەیاندوە "كوڕەكەم هەشت ساڵە پێشمەرگەیە. بە شایەتی بەرپرسەكانی كەسێكی بەتوانا بووە. لە شەڕی داعشدا بە قەد 100 پێشمەرگە شەڕی دەكرد، رۆڵی فەرماندەی دەبینی، بەڵام هیچ پلەیەكی نەبوو، پێشمەرگەیەكی سادە بوو. ئەویش لەوە بێزار بوو، دڵنیام هەر لەبەر ئەوە خۆی كوشتووە".

بە گوتەی رێگر، نزیكەی شەش مانگ لەمەوبەر زاگرۆس لە فەیسبووك پۆستێكی كردووە و گوتوویەتی "چیدی پارتی نیم"، بەڵام بە پەلە پۆستەكەی پێ‌ سڕیوەتەوە "پێمگوت ئێمە هەر پارتین، بەرپرسان دەزانن چەند بە توانا بووین، بەڵام زاگرۆس لە بەرامبەر فەرامۆشكردنیدا خۆی كوشت".

سەبارەت بە باری ئابووریی كوڕەكەشی، حەمە رێگر گوتی "خانووی خۆی هەبوو، مووچەشی هەبوو، منیش مانگانە 500 هەزار دینارم دەدایێ‌، چونكە دەمزانی مەغدوورە، پارساڵیش پیكابێكی جۆری هایلۆكسم بۆ كڕی".

حەمە رێگر بە پلەی ئامر لیوا خانەنشین كراوە، بەڵام بەو پلەیە رازی نییە و دەڵێت رەنگە ئەویش بە رێگای كوڕەكەیدا بڕوات. رێگر دەڵێت "نایشارمەوە بەنیازم بچمە بازگەكەی سەر رێگای ماڵی جەنابی سەرۆك و گوللەیەك لە سەری خۆم بدەم، ئێستاش رەنگە بیكەم، نامەیەكیش جێبهێڵم تا چیتر خەڵكانی وەكو ئێمە لەبیر نەچنەوە". لەبارەی پلەكەشی، حەمە رێگر گوتی "ئەوە خانەنشینییەكەمە، بەڵام بەرپرسیارێتیم نییە كە شەو و رۆژ لە بەرەكانی شەڕم".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085