

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەکاتی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ چەکدارانی داعش، سەربازێکی کورد لە ریزەکانی سوپای عێراق، لە گوندی نەسرى میحوەری مەخموور شەهیدبوو.
سەفین سەلیم، یەکێک لە هاوڕێیانی ئەو سەربازەی سوپای عێراق رایگەیاند "بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 18-10-2016، لە گوندی نەسری میحوەری مەخموور - گەیارە، دوای رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ داعش شەهیدبوو".
ئەو سەربازە کوردەی سوپای عێراق ناوی (فەهمی محەممەد قادر)ە و خەڵکی شارۆچکەی خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێرە، ماوەی چەند ساڵێکە لە فەوجی سوپای عێراق دامەزراوە و لە چەندین شەڕە بەرامبەر داعش بەشداریكردووە، ساڵێكیش پێش ئێستا هاوسەرگیری كردبوو.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17-10-2016، هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە هێرشێكی فراوان لە میحوەری خازرەوە دەستیان بە شەڕی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ كرد،پاش 7 كاژێر قۆناخی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكە كۆتاییهات و 9 گوند لەلایەن پێشمەرگە بە رووبەری نزیكەی 200 كیلۆمەتر چوارگۆشە و، 9 گوندی دیكەش لەلایەن سوپای عێراق كۆنترۆڵكرانەوە.
ئەمڕۆ رۆژی دووەمی ئۆپەراسیۆنەكەیە و، سوپای عێراق لە قۆڵەكانی نەمروود و حەمام عەلیل لە پێشڕەویدایە. نەبەرد حوسێن، نێردراوی رووداو بۆ گەیارە، لەزاری سەرچاوەیەكی تایبەتەوە رایگەیاند "بەشێك لە گوندەكانی دەوروبەری ناحیەی حەمام عەلیل لە داعش راپەڕیون و شەڕی چەكدارانی داعش دەكەن، سەربازانی سوپای عێراقیش دڵیان بەو راپەڕینە خۆشە و گەشبینن شەڕی موسڵ ئاسان دەبێت".
ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە 17-10-2016 لەیەکەم رۆژی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ 10 پێشمەرگە شەهید بوون و ژمارەیەک سەربازی سوپای عێراقیش شەهیدبوون.


