
دوای دەستپێكردنی قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە لە خازر، دانیشتوانی موسڵ لە چەندین گەڕەكی جیا جیادا چەكیان هەڵگرتووە لە دژی تیرۆریستانی داعش،لە چەندین شوێنی شارەكەش ئاڵای عیراق هەڵكراوە و تا ئێستا پێكدادانێكی سەخت بەردەوامە.
عیسمەت رەجەب بەرپرسی لقی 14ی پارتی لە موسڵ، بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ وتویەتی "بەشێك لەوانەی چەكیان هەڵگرتووە لە دژی تیرۆریستانی داعش، دەستیشیانكردووە بە هەڵواسینی ئاڵای عیراق لەسەر باڵەخانە و دیواری فەرمانگەكان و چەندین هوتافی دژی داعش لە شوێنە گشتییەكانی ناوەندی موسڵ دەنوسرێت، بەشێكی تریشیان لە رێگەی تەلەفۆنەوە هەوڵی بەردەوام دەدەن زانیاری بە هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراق بدەن بە مەبەستی هاوكاریكردنیان تاكو لە ژێر زوڵم و ستەمی تیرۆریستانی داعش رزگاریان ببێت".
وتیشی"هەر بەهۆی ئەو پێكدادانەی دانیشتوانی موسڵ و تیرۆریستانی داعش لەناوشارەكەدا، بەرپرسی یەكەمی ئاسایشی ویلایەتی نەینەوا (ئەحمەد خەتتاب) لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە چەكداری دیكەی تیرۆریستانی داعش لە باشوری موسڵ كوژراون، دانیشتوانی موسڵ لەو راپەڕینەیان لە دژی تیرۆریستانی داعش هەموو چەكدارانی داعشیان كردووەتەوە ئامانج بەبێ جیاوازی، چونكە دەڵێن داعشی باش و خراپ نییە، هەمووی خراپن".
عیسمەت رەجەب ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، دوای ئەوەی قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ لە خازر بە سەركەوتوویی كۆتایی هات، تیرۆریستانی داعش ژمارەیەكی زۆر لە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویان لە ناو شار و سەر رێگا و دەروازەكانی شاری موسڵ جێگیر كردووە، تاكو لە كاتی هێرشكردنی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراق بۆ شارەكە لانیكەم بەرگری لە بوونی خۆیان بكەن، جگە لە دەروازەكان تیرۆریستانی داعش لە شوێنی دیكەی نادیار لە ناو شاری موسڵ چەكداری خۆكوژیان بڵاوەپێكردووە، تاكو رووبەڕووی هێزەكان ببنەوە.
بەرپرسی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە موسڵ وتیشی"وێڕای ئەوەی پێكدادانێكی سەخت لە نێوان دانیشتوانی موسڵ و تیرۆریستانی داعش هەیە لە موسڵ، داعش رێگری لە دەرچوونی دانیشتوانیش دەكات تاكو لە مووسڵ بمێنن، ئەوەش بۆئەوەی وەك قەڵغانی مرۆیی دانیشتوان بەكاربهێنێت، مەبەستیش لەو تاكتیكەی تیرۆریستانی داعش كەمكردنەوەی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانێتی دژی داعشە لەسەر تەواوی پارێزگای نەینەوا".
ئەو دەشڵێت"هەرچەندە تیرۆریستانی داعش هەموو هەوڵێكیان داوە لە رێگەی قەڵغانی مرۆییەوە بۆردومانەكان كەم بكەنەوە لەسەر چەكدارەكانیان لە موسڵ، بەڵام فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی دژی داعش بەردەوامە لە بۆردومانكردنی بنكەكانی داعش لە ناوەندی شارەكە، ئەوەش وایكردووە رۆژانە و شەوانە زیانی گیانی و ماددی بە تیرۆریستانی داعش بكەوێت".
هەروەها عیسمەت رەجەب وتی"یەكێكی دیكە لەو فێڵانەی داعش پشتی پێ بەستووە سوتاندنی نەوتە لە سنوری شاری موسڵ، بۆیە چەند رۆژێكە دووكەڵی رەش ئاسمانی ناوچەكە دادەپۆشێت، بەهۆی سەركەوتنی قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ، تیرۆریستانی داعش رێژەی سوتاندنی نەوت و مادە دووكەڵدارەكانیان لە ناوچەكەدا زیاتر كردووە".
یەكەم قۆناغی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ لە كاتژمێر پێنج و 30 خولەكی رۆژی ١٧ی ئەم مانگە لە میحوەری خازر دەستیپێكرد و بە كۆنترۆڵكردنەوەی نۆ گوند لە سنوورەكە كۆتایی هات.
ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ لە كاتێكدا دەستی پێكردووە كە زیاتر لە دوو ساڵە ئەو شارە لەلایەن چەكدارانی داعش كۆنترۆڵكراوە و ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان ئاوارە بوون و ژمارەیەكی زیاتریش لە شارەكەدا گیریان خواردووە.