

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەفراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، باسی لێسەندنەوەی متمانە لە فریاد رواندزی وەزیری رۆشنبیری و لاوان و شوێنەواری عیراق دەكرێت.
ئەشواق جاف ئەندامی پەرلەمانی عیراق بە میدیاكانی حزبەكەی راگەیاندووە، كورد لە بەغدا بەئامانج گیراوەو ئەو پیلانەش بەردەوامی هەیە، پێدەچێت فریاد رواندزی بانگهێشتی پەرلەمان بكرێت بۆئەوەی بەهەمان سیناریۆی هۆشیار زێباری متمانەی لێ وەربگیرێتەوە.
راشیگەیاندووە، ئێمە بەهەموو شێوەیەك دەكرێینە ئامانجی پیلانەكانی مالكی و ئەو لایەنانەی كە پیلانی وەرگرتنەوەی متمانەیان لە هۆشیار زێباری داڕشتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام دەبین لەسەر پاراستنی بەرژەوەندی كورد.
ئەشواق جاف راشیگەیاندووە، بەبیانوی كەمكردنەوەی ژمارەی وەزیرو بەرپرسە باڵاكان، پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران، پۆستی وەزیری كاروباری ئافرەتان، پۆستی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران، سوپاسالاری عیراق، دواجاریش پۆستی وەزیری دارایی و چەند پۆستێكی باڵای تر لە كورد وەرگیراوەتەوە، بۆ قۆناغی داهاتووش ناوی فریاد رەواندزی دەهێنرێت بۆئەوەی بانگهێشتی پەرلەمان بكرێ و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت، چونكە پیلانەكە دژ بە كوردە.