
به بهرچاومانهوه لایهنگرانی یهكێتیی بهدیل گیران… بارزانی داوای كرد سوپا دوور نهكهوێتهوه… له كۆیه پێیان وتین ههڵمهتهكه تا سلێمانییه
ئاژانس – حەسن شەنون
״حسابەكەتان لەسەر ئێمەیە״ ئەم داوەتكردنەی هاووڵاتییەكی شاری هەولێر لە یەكێك لە دوكانەكانی ناحیەی كەسنەزان لە كاتی گەیشتنی سوپای عێراق بەو ناوچەیە لە 31ـی ئابی ساڵی 1996ـدا لە بیری محەمەد عەبدولخالق علێوی (48) ساڵ ناچێتەوە، كە ئەوكات پەیامنێری سەربازیی سوپای عێراق بووە.
ئەو پێی سەیر بووە كەسانێك داوەتیان دەكەن كە لەشكركێشییان كردوونەتە سەر و بوونەته مەترسی بۆ سەر ژیانیان.
دۆزینەوەی شایەتحاڵەكانی ئەو ڕوداوە ئەستەمە، كە تیایدا لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا پارتی دیموكراتی كوردستان پەنای بۆ سوپای عێراقی سەردەمی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس برد بۆ دەركردنی هێزكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە شاری هەولێر.
پەیامنێری ״ئاژانس״ لە دوای گەڕانێكی زۆر توانی محەمەد علێوی بدۆزێتەوە كە پێویستی بە گرەنتی پاراستنی ژیانی بوو، بەو پێیەی مەترسیی لەسەرە بە هۆی ئەوەی لەگەل ڕژێمی پێشوودا كاری كردووە.
ئەو لە خانوویەكی بچووكی گەڕەكێكی چەپەكی شارێكی عێراقدا دەژی، لەنێو ماڵە بچووكەكەدا دەستی بە گێڕانەوەی ڕوودای 31ـی ئاب كرد، كە بیست ساڵ بەسەریدا تێپەڕ بووە.
لە 30ـی ئابدا و بەر لە 12 کاتژمێر لە دەستیپێكردنی هێرشی سەربازیی سوپای عێراق بۆ سەر هەولێر، هەواڵی خۆئامادەكردنی سوپا گەیشتە فیرقەی یەكەمی فەوجی یەكی سوپای عێراق، كە علێوی وەك پەیامنێری سەربازی كاری تێدا دەكرد لە شاری كەركوك، بێ ئەوەی بزانن هۆكاری ئامادەباشییەكەیان چییە.
״بڕوامان بەوە نەدەكرد كە ئەو ئامادەكارییە بۆ هێرشكردنە سەر شاری هەولێر بێت.״ علێوی وای وت.
30ـی ئاب هێزە سەربازییەكانی سوپای عێراق لە سنووری كەركوك و تكریت و موسڵ خرانە ئامادەباشیی ئەو هێرشەوە كە ئەوكات كاردانەوەیەكی نێودەوڵەتییشی لێ كەوتەوە، بەو پێیەی بۆ یەكەمجار لە دوای ساڵی 1991ـەوه سوپای عێراق سنووری ئیدارەی هەرێمی كوردستانی بەزاند، كە كورد لە دوای ڕاپەرین كۆنتڕۆڵی كردبوو.
محەمەد علێوی ئاماژە بەوە دەكات كە فەرمان لە سەركردایەتیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقەوە هاتووە بۆ هێزە سەربازییەكان كە ئەوكات خودی سەدام حسێن بوو.
سەعاتی سفر بۆ هێرشەكە دیاری كرا، كە سەعات چواری بەرەبەیانی 31ـی ئاب بوو، ئەو هێزە سەربازییەی كە محەمەد علێوی یاوەریی دەكرد لە كەركوكەوە دەستی بە جووڵە كرد.
هێرشەكە لە دوو میحوەرەوە بوو، یەكەمیان میحوەری باشوور كە لە كەركوكەوە بووە، بە بەشداریی فەوجی یەكەم و حەوتەم و هەشتەمی سوپای عێراق، كە بەشێكیان لە شاری تكریتەوە ڕەوانە كرابوون.
میحوەری دووەمیش لە سنووری شاری موسڵەوە بەرەو ڕۆژئاوای شاری هەولێر بەڕێ كەوتن كە تیایدا هێزەكانی گاردی كۆماری و هێزی دەستەبژێر بەشدار بوون.
علێوی وتی: ״هەموو گرووپێكی سەربازی هەردوو میحوەرەكە ڕێبەرێکیان لەگەڵدا بوو؛ چەكداری پارتی بوو كە لەسەر شانی ڕاستی پەڕۆیەكی ڕەنگزەردی پێوە بوو بۆ جیاكردنەوەی لەگەڵ پێشمەرگەكانی یەكێتیی ئەگەر شەڕ ڕووی دا.״
هێزەكان پێكەوە بەرەو شاری هەولێر بەڕێ كەوتن، سوپای عێراق لە محیوەری باشوور بە ناحیەی ئاڵتوون كۆپریدا بەرەو ناحیەی قوشتەپەی هەولێر بەڕێ كەوتن.
״بەرگرییەكی ئەوتۆمان لە كاتی پێشڕەویدا بەو میحوەرەدا نەبینی، سەنگەرە تازە درووستكراوەكانی پێشمەرگەکانی یەكێتیی چۆڵ كرابوون.״
كۆی ئەو هێزە سەربازییانەی سوپای عێراق كە بەشدارییان لە هێرشی 31ـی ئابدا كرد نزیكەی 20 هەزار سەرباز بووە لە هەردوو محیوەرەكە، ئەوەش بە وتەی ئەو پەیامنێرە سەربازییە، جگە لە 27 تانك و 90 زرێپۆش كە یاوەریی سوپایان دەكرد و فڕۆكەی سەمتیش بەسەر ناوچەكەدا دەسووڕانەوە، بێ ئەوەی ڕاستەوخۆ بەشداری بكەن.
بە تێپەڕبوون لە ناحیەی ئاڵتوون كۆپری مشتومڕ لەناو سەربازەكاندا درووست بوو، بەوەی كە ئەو هێڵی 37ـیان بڕیوە كە دانراوە بۆ ڕێگری لە سوپا لە چوونە ناو سنووری ئیداریی هەرێم كە لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لە دوای كۆڕەوی ساڵی 1991ـهوه بڕیاری لێ درابوو.
علێوی وتی: ״دواتر سەربازەكان وەڵامێكیان لە بەرپرسە سەربازییەكانیانەوە وەرگرت، كە ئارامی كردنەوە كاتێك پێیان وتین مەترسن ئەوە بەڕێكکەوتن لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كراوە.״
کاتژمێر شەشی ئێوارە سوپای عێراق گەیشتنە نزیك شاری كۆیە، لەوێ پێیان ڕاگەیهندرا كە ئەو هەڵمەتە سەربازییە لە سنووری شاری سلێمانیدا كۆتایی دێت.
ئەو سوپایەی عێراق كە لە میحوەری باشوورەوە بەرەو هەولێر بەڕێ كەوت گەیشتە نزیك هاوینەهەواری سەڵاحەدین، لە میحوەری ڕۆژئاوای هەولێریشەوە گاردی كۆماری چوونە ناو سنووری شارەكەوە، كە بە وتەی ئەو پەیامنێرە بەرگرییەكی ئەوتۆ نەبووە و كاروانی ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەکانی یەكێتییش بە پەلە لە شارەكە دەچوونە دەرەوە.
علێوی وتی: ״كە گەیشتینە دوایین خاڵی هاوینەهەواری سەڵاحەدین مەسعود بارزانی هات بۆ لامان و دەستخۆشی لێ كردین.״
بە پێی گێڕانەوەكانی علێوی كە پەیامنێری ״ئاژانس״ لە دوو كەسی تری بەشداربووی ئەو شەڕەوە ڕووداوەكانی پشتڕاست كردەوە، لە ماوەی 18 کاتژمێردا بە تەواوی هەولێر كەوتە دەست سوپا و گاردی كۆماری، كە خۆیان چاوەڕوانیان نەدەكرد بەو زووییە ئەركەكە جێبەجێ بكەن.
علێوی وتی: ״لەگەڵ چوونە ناو شاری هەولێر بەشێك لە هاووڵاتیان ئاڵای سپییان هەڵكردبوو بۆ بەدووربوون لە مامەڵەی توندی سوپا و بەشێكی تریشیان كە لایەنگری پارتی بوون بە ئاڵای زەردەوە بەرەو پیری سوپا دەهاتن و پێشوازییان لێ دەكردن.״
لیوا ڕوكن (تالیب نەجم عەبدوڵڵا) فەرماندەی میحوەری یەكەمی سوپا بوو، لیوا ڕوكن (ئەیاد فلەیح ڕاوی)یش سەرپەرهشتیی میحوەری ڕۆژئاوای دەكرد لەو هەڵمەتەدا، كە ناوی لێ نرابوو هەڵمەتی ״ئاب پشت بە خوا״.
علێوی وتی: ״فەرماندەی هێزەكانی میحوەری باشوور پێی وتین زیان بە هاووڵاتیانی مەدەنی نەگەیهنن و ماڵی هاووڵاتیان مەبەن، چونكە ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە.״
یەكەی ئەمنیی تایبەتی هێزی دەستەبژێر كە سەر بە قوسەی كوڕی سەدام حسێن بوون، چاودێری مامەڵەی سەربازەكان بوون لەگەڵ ئەو شوێنانەی كە دەكەوێتە دەستیان، بەتایبەت لە مامەڵەكردن لەگەڵ خەڵك و دامەزراوەكاندا.
دیارترین ئەو ڕووداوانەی كە لەو هەڵمەتەدا سەرنجی علێویی ڕاكێشا، چوونی گاردی كۆماری بوو بۆ ناو بینای پەرلەمانی كوردستان، كە بە وتەی ناوبراو پێشمەرگەکانی یەكێتیی بەرگرییەكی توندیان تێدا كرد.
لەناو بینای پەرلەمان و دەرەوەشیدا یەكەكانی گاردی كۆماری و تانک و زرێپۆشەكانیان جێگر كرابوون.
علێوی وتی: ״لەگەڵ ئێوارهی ڕۆژی 31ـی ئاب كەسێك هات بۆ لامان كە وەك نوێنەری پارتی لەناو شاری هەولێر خۆی ناساند و دەستی كرد بە پێدانی پارە بە سەربازەكان، بەڵام یەكێك لە ئەفسەرەكان پێیان وت پێویستمان بە خواردنە نەك پارە، بە دوایدا لۆرییەك سەموون و كاڵەك و ترێ و خەیارمان بۆ هات، لەگەڵ جۆرەها جگەرە لە ماركەی جیهانی.״
ئەو هەڵمەتەی سوپای عێراق لە 31ـی ئابدا ڕووبەڕووبوونەوە تیایدا ڕووی دا كە تا ئێستاش چارەنووسی بەشێك لەو ئەندامانەی یەكێتیی دیار نییە، كە لە كاتی ئەو پڕۆسەیەدا لە هەولێر بوون و توانای هەڵهاتنیان نەبووە.
علێوی وتی: ״فەرمانێكمان بۆ هات كە دەبێت سەرجەم ئەو كەسانەی بە دیل دەگیرێن لەو هەڵمەتەدا ڕادەستی فەرماندەی سەربازیی فیرقەی یەكی سوپا بكرێن، بە چاوی خۆم بینیم سێ كەس لەناو بینایەكی سەر بە وەزارەتی پەروەردەدا دەستگیر كران، دواتر زانیم كە ئەو سێ كەسە سەر بە یەكێتیی بوون و لە بری سوپا ڕادەستی پارتی كراون.״
ئۆپۆزسیۆنی عێراقیش پشكیان لە دەستگیركردندا هەبووە، بەتایبەت ئەندامانی كۆنگرەی نیشتیمانیی عێراقی كە لە لایەن ئەحمەد چەلەبی ئۆپۆزسیۆنی ئەو كاتەی ڕژێمەوە سەرپەرهشتی دەكران.
علێوی وتی: ״لە یەكێك لە بارەگاكانی كۆنگرەی نیشتیمانی لە ناوچەی قوشتەپە ئەندامانی ئەو كۆنگرەیە دەستگیر كران كە عەرەب بوون، بەرپرسانی پارتی پێیان وتین چەلەبی هاوكاری یەكێتیی بووە، بۆیە ئەندامانی گرووپەكەی دەستگیر بكەن.״
زانیارییەكانی ئەو شەڕە لە لای سوپای عێراق ئاسان بوو بگات بە دەستی علێوی وەك پەیامنێری سەربازی، كە گەیشتبووە (100) كەس لە نێوان كوژرا و برینداردا، كە گاردی كۆماری پشكی شێری بەركەوتبوو.
علێوی وتی: ״كە لەناو هەولێر بووین بەرپرسێكی پارتی ناوی ڕەشید بوو، قسەی لەگەڵ كردین و پێی وتین ئەگەر سەدام دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی لەو ناوچانە بەهێز بكات، كە كەسانی خراپی تیایە، ئێمە هاوكاریی زیاتری دەكەین.״
كاتێك سوپا چووە ناو هەولێرەوە دوكاندارەكان هیچیان پێ نەدەفرۆشتن، بەو پێیەی سەربازەكان پارەی كۆپیی تایبەت بە حكوومەتی ناوەندیان پێ بوو، دوكاندارەكانیش تەنها بە پارەی تەبعی سویسری مامەڵەیان دەكرد.
״چەكدارانی پارتی دوكاندارەكانیان ناچار دەكرد كە به پارەی تەبع شت بە سەربازەكان بفرۆشن.״
لە دوای مانەوەیان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە دوای 31ـی ئاب لەناو شاری هەولێر، لە بەغداوە فەرمان بە سوپا درا كە هێزی هەر میحوەرێك لەو شوێنەوەی لێوەی هاتووە پاشەكشێ بكەن بۆ پێگەكانی بەر لە هێرشەكە.
علێوی دەڵێت: ״لە دوای كشانەوەمان بارزانی داوای كرد كە بەشێك لە هێزەكانمان لە قوشتەپە بهێڵینەوە تا ئاماژەیەكی وا بدەینە یەكێتیی كە ئەگەر بگەڕێنەوە هەولێر سوپاش دەگەڕێتەوە.״