نوێترین

recent

04/08/2016

بەڵگە:بەفەرمانی بارزانی ڕێگری کراوە پێشمەرگەکانی شنگال ڕوبەڕوی داعش ببنەوە


بەپێی دوو بەڵگەنامە، كە مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هاتنی داعش بۆ عێراق‌و نزیكبوونەوەیان لەسنورەكانی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای لەهێزە چەكدارەكانی سەر بەپارتی دیموكراتی كوردستان كردووە كە هیچ كاردانەوەیەكیان نەبێت بەرانبەر بە دەوڵەتی ئیسلامی‌و گروپی نەقشبەندییەكان، پەرلەمانتارێكی پەرلەمانی كوردستانیش لەلیژنەی پێشمەرگە، ئاماژە بۆئەوەدەكات بوونی ئەو بەڵگەنامانە دەریدەخات كە سەركردایەتیی پارتی خیانەتیان كردووە.

بەپێی بەڵگەنامەیەك كە لڤین بڵاوی کردۆتەوە و مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای مانگی شەشی ساڵی ٢٠١٤، لەسەر بڕیاری مەسعود بارزانی بەسیفەتی سەرۆكی هەرێم دەركراوە‌و نوسینگەی سەرۆك ئاڕاستەی سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگە‌و ناوخۆی كردووە بە شێوەیەكی نهێنی‌و تایبەت تێیدا هاتووە "بە بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان (سەرۆكی پارتی) ئاگاداری سەرجەم ئەو هێزانەی كە سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەن لەسنوری بادینان تا سنوری هەولێر‌و دەوروبەری كەركوك كراوە، كە بەرانبەر چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی‌و نەقشبەندییەكان وەستاون، هیچ جم‌و جوڵێك ناكەن تەنیا لەحاڵەتی بەرگریدا دەبن".
لەبەشێكی دیكەی ئەو فەرمانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە"هاتنی ئەو هێزانە تەنیا لەدژی شیعەكانە‌و لابردنی مالیكی، جا بۆیە دەبێت ئاگاداریان بكەنەوە كە دەوڵەتی ئیسلامی نەهاتوون بۆ دژایەتیی كوردستان‌و بۆیە بەبێ فەرمانی سەرۆكی هەرێم هیچ كارێك ئەنجامنادەن".

دەقی ئەو فەرمانەی مەسعود بارزانی بەشێوەیەكی نهێنی‌و تایبەت ئاڕاستەی هەریەك لەهێزەكانی ئاژانسی پاراستنی هەرێم‌و وەزارەتی ناوخۆ‌و وەزارەتی پێشمەرگە‌و هەواڵگری كراوە.

بەپێی بەڵگەنامەیەكی دیكە كەپاڵپشت بە هەمان فەرمانی مەسعود بارزانیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەركراوە‌و واژووی كەریم سنجاریی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لەسەرە‌و مێژووەكەی بۆ ١/٦/٢٠١٤ دەگەڕێتەوە‌و بەشێوەیەكی نهێنی‌و تایبەت ئاڕاستەی ئاڕاستەی سەرجەم هێزەكانی پۆلیسی ناوخۆی كردووە لەرێگەی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی پۆلیسەوە، تێیدا فەرمانی كردووە كە ئاگادارتاندەكەینەوە كە بەبێ بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ هیچ جم‌وجوڵ‌و هێرشێك ناكەنە سەر چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لەم سنورانەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان تێیدا باڵادەستە.

لەبەشێكی دیكەی فەرمانەكەی وەزیری ناوخۆدا هاتووە "بە بڕیاری جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان تەنیا لەحاڵەتی بەرگریدا دەبن، وەزارەتی ناوخۆ دەستكراوە دەبێت بەرانبەر سەرپێچیكاران لەهەر پۆست‌و پلەو پایەیەكدا بن".

ئەم فەرمانەی كەریم سنجاری ئاڕاستەی هەریەك لەدەزگاكانی ئاسایش‌و هێزەكانی زێرەڤانی‌و پاسەوانی سنور كراوە.

لەبارەی بوونی وەها فەرمانێكەوە، قادر رەزگەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی سەوز بە لڤینی وت "بوونی ئەم بەڵگەنامانە دەریدەخات كە پارتی دیموكراتی كوردستان ئاگاداری هەڵسوكەوت‌و جموجوڵەكانی دەوڵەتی ئیسلامی بووە لەسەرەتاوە".

باسی لەوەش كرد "لەسەرەتاوە چەندین بەڵگەنامەو هەواڵ بڵاوبوونەوەكە لایەنە سوننەكان‌و بارزانی بە پلانی لایەنێكی دەرەكی دەیانەوێت مالیكی لەساحەی سیاسیی عێراق بكەنە دەرەوە، ئێستا دەردەكەوێت كە ئەو پلانە هەبووە، ئەگەر نا، بۆچی مەسعود بارزانی داوادەكات هێزەكانی پارتی رووبەڕووی چەكدارەكانی دەوڵەتی ئیسلامی نەوەستنەوە".

قادر رەزگەیی، كە بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانە، باسی لەوەش كرد "مەسعود بارزانی بەشێوەیەكی عاتیفی لەگەڵ دۆخەكەدا هەڵسوكەوتی كردووە‌و دەستی گروپێكی تیرۆرستیی گرتووە رووبەڕووی هەرێمی كوردستانی كردووەتەوە، بۆیە پێویست بوو مەسعود بارزانی‌و پارتی لەكاتی خۆیدا لەسەر ئەو دەنگۆیانە بهاتنایەتە دەنگ، بەڵام كە بێدەنگ بوون، هەمووان هەستمان بە پلانێكی گەورە كرد لەپشت هاتنی داعش بەرەو رووی كوردستان".

وتیشی "سەرجەم ئەو بەڵگەنامە‌و دۆكیۆمێنتانە دەرخەری ئەو راستییەن كە پارتی‌و سەركردایەتییەكەی كەمتەرخەم بوون لەكاتی داگیركردنی موسڵ‌و بەدەستەوەدانی شنگالدا".

لەبارەی ئەوەی كە لەبەڵگەنامەكاندا باسی مالیكی هاتووە، وتی "ئەگەر تا دوێنێ بڕوامان وابووبێت كە كێشەی شەخسی‌و پۆست‌و پلەو پایە نەبووبێت لەنێوان مالیكی‌و بارزانیدا، ئەوە ئێستا ئەو گومانەشمان رەوایەوە، چونكە لەبەڵگەنامەكەدا بەڕوونی ناوی مالیكی‌و شیعە هاتووە".

لەبارەی هەڵوێستی ئەوانەوە وەك لیژنەی پێشمەرگە، وتی "پێویستە بارزانی لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت، كە چۆن پشتگیریی ئەو گروپە تیرۆریستەی كردووە، كە دەستی هەبووە لەئەنفالكردن‌و جینۆسایدی موسڵ‌و ئێزیدییەكان لەشنگال؟".

وتیشی "نەك تەنیا مەسعود بارزانیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڵكو پێویستە وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت لەسەر ئەم بەڵگەنامانە‌و پێدانی روونكردنەوە بە لایەنە پەیوەندیدارەكان".

لەكۆتاییی لێدوانەكەیدا وتیشی "ئەگەر ٣١ی ئاب خیانەتێكی پارتی بووبێت بەرانبەر حیزبێك، بەوەی دەستی لایەنێكی گرت‌و هێنایە سەر هەرێمی كوردستان، كە پێشتر ئەنفال‌و كیمیابارانی كوردی كردبوو، ئەوە ئەم كارەی مەسعود بارزانی‌و سەركردایەتیی پارتی زۆر لەوەی ٣١ی ئاب قورسترە، چونكە بەرانبەر هەموو عێراق‌و كوردستان كردی، بەتایبەت شنگال‌و موسڵ".

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست لڤین كەوتوون، ئەم دوو بەڵگەنامەیە لەبەردەستی لیژنەی لێكۆڵینەوەی كەوتنی موسڵدا هەن‌و تەواوی زانیارییەكان بە بەڵگەوە دراونەتە دەست فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەبەغداد‌و بە نوێنەرانی كوردیان راگەیاندووە، بەڵگەی زیاتر لەبەردەستدان كە نوێنەری بارزانی بەشداریی كۆبوونەوەكانی كردووە لەدەرەوەی عێراق، كە تێیدا باس لەدوورخستنەوەی مالیكی‌و كەمكردنەوەی دەستەڵاتی شیعەكراوە لەعێراقدا، تەواوی ئەم بەڵگەنامانە ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی هەرێم كراون بۆ وەڵامدانەوەیان، بەڵام ناوەڕۆكی بەڵگەنامەكان رەتكراونەتەوە.




Picsart-24-02-23-21-31-09-085