

پارتی دیموکراتی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ هەڵدانەوەی دۆسیەی دادگایکردنی ئەمینداری ئێستەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە ساڵی ڕابردوو سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئێستەی پارتی لە سلێمانی لە دادگاکانی هەولێر سکاڵای لەسەر تۆمارکردبوو.
بەپێی ئەوزانیارییانەی سایتی لڤین بڵاویکردۆتەوە ، بیرۆکەی زیندوکردنەوەی دۆسیەیی دادگایکردنی سەلاحەدین بەهائەدین لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە گەڵاڵە کراوە بەڵام بەشێوەیەکی کاتی وەستێنراوە".
زانیارییەکان ئاماژە بۆئەوەدەکەن"لە پەڕاوی سکاڵاکەدا کە پارێزەری ئەدهەم بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئێستەی پارتی لە سلێمانی سکاڵای لەسەر سەلاحەدین بەهائەدین تۆمارکردوە بەوەی کە تەشهیری بە مەسعود بارزانی کردوە لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانیدا".
هەربەپێی زانیارییەکان"لەسەرەتای دەستکردن بە کۆنگرەی یەکگرتوو ، پارتی خواستی نەبووە کە سەلاحەدین بەهائەدین ببێتەوە بە ئەمینداری ئەو حیزبە بەو پێیەی نێوان پارتی و یەکگرتوو لەسەردەمی ئەمینداریەتی پێشوتری سەلاحەدین بەهائەدین تێکچونێکی خراپی بەخۆیەوە بینی و دواتر و پاش وازهێننای لە پۆستی ئەمینداریەتی بەهەمان شێوەیە سەلاحەدین بەهائەدین بەردەوام بووە لە ناڕەزایەتییەکانی بەرامبەر پارتی".
لەبەشێکی دیکەی زانیارییەکاندا هاتووە"ئەگەر سەلاحەدین بەهائەدین پشتگیری لە ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی بکات و هەوڵی گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان بدات ئەوا پارتی دیموکراتی کوردستان دەست دەبات بۆ ئەو دۆسییە لە دادگا".
جێی ئاماژەیە ، لەکاتی دەست بەرداربوون لە پۆستی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو ، سەلاحەدین بەهائەدین لە دیمانەیەکی گۆڤاری لڤین باسی لە ئەدای کاری مەسعود بارزانی کردو بە خراپترین ماوەی تەمەنی سیاسی بارزانی ناوی هێنا دواتر ئەدهەم بارزانی لەسەر ئەو دیدارە سکاڵای لەسەر سەلاحەدین بەهائەدین تۆمارکرد.