

ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم بڕیاریدا بەر لەجەژنی ڕەمەزان موچەیەکی تری خانەنشینان دابەشبات و سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانیش ڕایدەگەیەنێت: دوای موچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران، موچەی مانگی نیسانی خانەنشینان دابەشدەکرێت.
سەرەتای ئەم ھەفتەیە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی ھەرێم دەستی بەدابەشکردنی موچەی مانگی ئاداری ٢٠١٦ی خانەنشینان کرد، بەگوێرەی زانیارییەکانیش، بڕیاردراوە لەم مانگەداو بەر لەجەژنی ڕەمەزان موچەیەکی تری ئەو توێژە دابەشبکرێت.
فاروق عەزیز سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: لەلایەن بەرپرسانی حکومەتی ھەرێمەوە بەڵێنمان پێدراوە بەر لەجەژنی ڕەمەزان موچەی مانگی نیسانی سەرجەم خانەنشینان دابەشبکرێت.
وتیشی: چاوەڕوان دەکەین دوای دابەشکردنی موچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران، دەست بەدابەشکردنی موچەی مانگی نیسانی خانەنشینان بکرێت.
پێشتر، حازم ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی ھەرێم ڕایگەیاندبوو: ھەوڵی تەواو دەدەین بۆئەوەی بەر لەجەژنی ڕەمەزان، موچەی مانگی نیسانی خانەنشینان دابەشبکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە حکومەتی ھەرێم بڕیاریداوە بەر لەجەژنی ڕەمەزان موچەی مانگی ئایاری سەرجەم فەرمانبەران دابەش بکات.