نوێترین

recent

16/06/2016

یەکێتی بۆ پارتی: یاساش ڕێگە بدات ئەو پۆستەتان پێنادەین


لەچوارچێوەی پێکھێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای ھەڵەبجە، پارتیی سوربونی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی قائیمقامی ھەڵەبجە کە لای یەکێتییە دوپاتدەکاتەوە، یەکێتیش ڕایدەگەیەنێت، گەر حکومەتەکەش ھەڵبوەشێتەوە، "ئێمە ئەو پۆستە بەپارتیی نادەین"، بەرپرسێکی یەکێتیش دەڵێت:"ئێمە حکومەتمان پێکھێناوەو بەخێرو ئەوانیش بەسەلامەت".

لەدواین ھەڵوێستیدا بۆ پێکھێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگای ھەڵەبجە، پارتی دیموکراتی کوردستان سورە لەسەر ھەڵوێستی پێشتری، بەرپرسێکی ئەو حزبەش دەڵێت:"ئێمە سورین لەسەر وەرگرتنی پۆستی قائیمقامی ھەڵەبجە، ئەگەرنا بەشداریی پێکھێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگای ھەڵەبجە ناکەین".

ئەحمەد قەدەفەری جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ٩ی شارەزوری یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان وتی:"ئەگەر لەڕوی یاسایشەوە بکرێت ئەو پۆستە ھەڵبوەشێندرێتەوە، ئێمە بەپارتیی نادەین".

وتیشی:"لەپێکھێنانی حکومەتی خۆجێی پارێَزگای ھەولێر کە ئێمە بەدەنگیش یەکەمبوین، پارتیی بەکۆتاو بەو دەنگانەی بەدەستیھێنا کە بریتی بوو لە ١٢ کورسی، بەبێ پرس حکومەتیان تەشکیلکرد".

ئەوەشی وت:"لەھەڵەبجەش پارتیی سێ کورسیی ھەیە، بەشداریدەکەن با بیکەن، ناشیکەن ئێمە حکومەتمان تەشکیلکردوە بەخێرو ئەوانیش بەسەلامەت".

لەبارەی ئەوەی کە ئاخۆ لەڕوی یاساییەوە دەکرێت پۆستی قائیمقامی ھەڵەبجە ھەڵبوەشێتەوەو بەلایەنێکی دیکە بدرێت، قەدەفەری تەئکیدیکردەوە، "ئەگەر لەڕوی یاساییشەوە بکرێت، ئێمە حکومەتەکە ھەڵناوەشێنینەوەو پۆستەکە بەکەس نادەین، چونکە باوەڕمان بەھەڵوەشاندنەوەی پۆستەکان نییە".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085