نوێترین

recent

12/06/2016

لە کەنارەکانى قەزاى منبج لە ڕۆژئاواى کوردستان ٦٩ چەکدارى داعش کوژران




ئۆپراسیۆنى "شەهیدى فەرماندە فەیسەڵ ئەبو لەیلا" بۆ کۆنترۆڵکردنى منبج بەردەوامە و لە پێکدادانەکانى ئەمڕۆدا لە کەنارەکانى ئەو قەزایەدا ٦٩ چەکدارى داعش کوژران و شەڕڤانانیش لە پێشڕەویدان بەرەو ناو قەزاى منبج.

ئاژانسى هەواڵى هاوار ئێوارەى ئەمڕۆ ١٢ى حوزەیرانى ٢٠١٦ بڵاویکردەوە، لە کەنارەکانى قەزاى منبج پێکدادانى قورس لە نێوان شەڕڤانان و چەکدارەکانى داعش لە قۆڵەکانى باکوور، ڕۆژئاوا و باکوورى ڕۆژئاواوە ڕوویداوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستاشدا پێکدادانى قورس لە دەورووبەرى عەمبارەکانى گەنمی قەزاى منبج بەردەوامە، کە دەکەونە سێ کیلۆمەتریى باشوورى قەزاى منبج.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لەو پێکدادانانەدا ٦٩ چەکدارى داعش کوژارون.

ئۆپراسیۆنى "شەهیدى فەمارندە فەیسەڵ ئەبو لەیلا" بۆ کۆنترۆڵکردنى منبج لە ڕۆژى ١ى حوزەیرانى ٢٠١٦ەوە دەستپێکردووە و لە ئێستادا ماوەى ١٢ ڕۆژە ئەو ئۆپراسیۆنە بەردەوامیى هەیە، لەو ماوەیەدا نزیکەى ٦٠ گوندى گەورە بچووک لە دەورووبەرى قەزاى منبج لەلایەن شەڕڤانانەوە کۆنتڕۆڵکراون. هەورەها ڕێگاکانى ڕەقە بە جیهانى دەرەوەى سوریا بە تەواوەتى لەلایەن شەڕڤانانەوە کۆنتڕۆڵکراوە.

لەگەڵ دەستپێکردنى ئۆپراسیۆنى کۆنترۆڵکردنى منبجدا فڕۆکە جەنگییەکانى هاوپەیمانان لە ئاسمانەوە هاوکاریى شەرڤانان دەکەن و بنکە و بارەگاى چەکدارەکانى داعش لە دەورووبەرى منبج بۆردومان دەکەن.

شەڕڤان دەروێش وتەبێژى ئەنجوومەنى سەربازیى منبج ڕۆژى ٨ى حوزەیرانى ٢٠١٦ ڕایگەیاند، لە ڕووى سەربازییەوە هێزەکانیان زاڵن بەسەر منبجدا و کۆنترۆڵکردنى ئەو قەزایە لە ئان و ساتدایە، بەڵام لەبەر پاراستنى ژیانى ئەو ژمارە هاووڵاتییە لە قەزاکەدا ماون بە هۆشیارییەوە پێشڕەوى دەکەن.

لە ڕۆژى ٣ى حوەزیرانى ٢٠١٦ فەرماندەى ئۆپراسیۆنى کۆنترۆڵکردنى منبج بە ناوى ئەبو لەیلا بە قورسى برینداربوو و لە دواى گەیاندنى بۆ نەخۆشخانى شار لە شارى سلێمانى و سەربارى هەوڵى پزیشکەکان ڕۆژى ٥ى حوزەیرانى ٢٠١٦ بە هۆى قورسیى برینەکەیەوە شەهید بوو و دوێنێ ٦ى حوەزیرانى ٢٠١٦ بە ئامادەبوونى جەماوەرى کۆبانێ لە کۆبانێى ڕۆژئاواى کوردستان بە خاک سپێردرا.

هاوکات ئەنجوومەنى سەربازیى قەزاى منبج بڕیاریداوە، ناوى ئۆپراسیۆنى کۆنترۆڵکردنى منبج بگۆڕێت بۆ ناوى "ئۆپراسیۆنى شەهیدی فەرماندە فەیسەڵ ئەبو لەیلا". شەهیدبوونى ئەو فەرماندەیە ژمارەیەک کاردانەوەى لێکەوتووەتەوە برێت مەک گۆرک نوێنەرى باراک ئۆباما بۆ شەڕى دژ بە داعش بەبۆنەى شەهیدبوونی ئەبوو لەیلاوە پەیامێکى بڵاوکردەوە.

قەزاى منبج سەر بە ناوچەى شەهبایە و ناوچەى شەهبا دەکەوێتە نێوان کانتۆنەکانى کۆبانێ و عفرین هەر یەک لە ناوچەکانى منبج، جرابلۆس، باب و ئەعزاز لە خۆى دەگرێت.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085