نوێترین

recent

12/06/2016

پێشمەرگەیەک پێش وەرگرتنەوەی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی شەهید دەبێت




پێشمەرگەیەک پێش وەرگرتنەوەی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی و بینینی یەكەم منداڵی شەهید دەبێت.

دوای ئەوەی رۆژی 29-5-2016 چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری خازر، پێشمەرگەیەک بەناوی "رێگر عەبدوڵڵا" شەهید بوو، دوای چەند رۆژێک لە شەهیدبوونی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 7-ی بنەڕەتی بە ئەنجامی "دەرچوو" بڵاوبووەوە.

عەنتەر عەبدوڵڵا عەنتەر، برای شەهید رێگر لە لێدوانێکدا بۆ (رووداو) گوتی "شەهید رێگر تەمەنی 29 ساڵ بوو، پۆلی 7-ی بنەڕەتیی بوو، سەرەڕای بەرگریکردن وەك پێشمەرگەیەكی كوردستان ئارەزووی خوێندنی هەبوو، زۆر جار دەیگوت دەبێت خوێندن تەواوبکەم و ببمە خاوەن شەهادەیەکی بەرز".

براكەی شەهید رێگر گوتیشی "رێگر کەسێکی هێمن و لەسەرخۆبوو، ئەو هەشت مانگە بوو چووبووە نێو ژیانی هاوسەرگیریی و ئێستا هاوژینی شەهید چاوەڕێی ئەو منداڵەیە کە نەهاتووەتە دنیا".

لەبەرامبەردا مەرعان عەبدولوەهاب، بەڕێوەبەری قوتابخانەی پیرانی بنەڕەتی لە ئاکرێ سەبارەت بە شەهید رێگر گوتی "رێگر کەسێکی باش بوو، هیچ کاتێک هەڵەی نەدەکرد، هەرچەندە ئەو تاقیکردنەوەی دەرەکی هەبوو و تەنیا دوو جار لای ئێمە تاقیکردنەوەکانی ئەنجامدا".


سەبارەت بە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی بەڕێوەبەری قوتابخانەی پیرانی بنەڕەتی لە ئاکرێ گوتی "رۆژی دووشەممە 13-6-2016 ئەنجامی تاقیکردنەوەکان رادەگەیێنین، بەڵام ئەو کارتەی بڵاوبووتەوە یەکێک لە مامۆستاکان وەک وەفایەک بۆ ئەو پێشمەرگەیە کارتەکەی بڵاوکردووەتەوە".

مەرعان عەبدولوەهاب ئاماژەی بەوەشدا "ئەمساڵ لە قوتابخانەکەماندا ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە تاقیکردنەوەیان ئەمجامداوە و یەکێک لە پێشمەرگەکان لەبەرەکانی شەڕ ئەمشەو پەیوەندی پێوە کردووم و گوتی"مامۆستا سبەی کەسوکارم دێن ئەنجامی تاقیکردنەوەکان وەردەگرنەوە خۆم ناتوانم، چونکە لە سەنگەرەكانی شەڕدام".

بە بەشداری پێنج هەزار پێشمەرگە رۆژی یەكشەممە 29-5-2016 لە میحوەری خازر هێرشی پێشمەرگە بۆ سەر چەكدارانی داعش دەستیپێكرد و توانیان لە چەند میحوەرێک چەکدارانی داعش تێکبشکێنن.

رۆژێك دواتر هێزەكانی پێشمەرگە سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنەكەیان راگەیاند، كە كۆنترۆڵكردنەوەی 10 گوند بوو بەدرێژایی 23 کیلۆمەتر و بەپانی 5 بۆ 6 کیلۆمەتر، واتە زیاتر لە 125 کیلۆمەتر ئازاد بکەن.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085