نوێترین

recent

15/06/2016

دوای ۱٠٠ ساڵ بە ناحیە بونی گەڵاڵە تا ئێستا خانوی تاپۆی تێدا نیە



زیاتر لە سەد ساڵە گەڵاڵە کراوەتە ناحییە، بەڵام بەهۆى نەبوونى تاپۆ و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دانیشتوانەکەى ناچارکردوە بۆ ناوچەکانى تر کۆچبکەن، بەشێک لە دانیشتوانى ناحیەکەش داوادەکەن حکومەت کێشەى نەبوونى تاپۆ لە ناحیەکەیان چارەسەر بکات.

گەڵاڵە لە ساڵی ١٨٩٠ و لەسەردەمی حکومرانی عوسمانیەکاندا کراوەتە ناحییە، لە ساڵی ١٩٢١ و لەکاتی دروستبوونی حکومەتی عێراقدا وەک تاکە ناحیەی سنووری باڵەکایەتی بەناوی ناحییەی باڵەک مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردووشدا بارەگای سەرکردایەتی شۆڕش بووە و بەیەکێک لە ناوچە ستراتیژى و بازرگانییەکانیش دانراوە.

دانیشتوانەکەی گلەیى و گازاندەیان لە کەمی خزمەتگوزاریە سەرەتایەکان هەیە و دەڵێن نەبوونی تاپۆ نیگەرانی کردوون و کێشەی بۆ دروستکردوون، ئەوەش لەکاتێکدایە کە چەندین جار لەلایان بەرپرسانی حکومەتەوە بەڵێنی تاپۆکردنی زەوی و خانوەکانیان پێدراوە.

بەرپرسانی ئیداری سنوورەکە دەڵێن بەھۆی جەنگی ھەشت ساڵەی نێوان عێراق - ئێران نەتواندراوە لەکاتی خۆیدا زەویەکان تاپۆ بکرێن کە ئەوکات پرۆژەکە لە ئارادابووە، جگە لەوەش یاسای ژمارە (٩٠)ی پەرلەمانی کوردستان کە تایبەتە بە زەویە کشتوکاڵییەکان، ھۆکارێکى دیکەیە بۆ ئەوەی نەتوانرێت زەوی و خانوەکانی باڵەکایەتی کە ناحییەى گەڵاڵەش لە ناویاندایە تاپۆ بکرێن، لەئێستاشدا تەواوی زەویەکانی سنوورەکە لە ڕووی یاساییەوە موڵکى حکومەتن.

ناحییەی گەڵاڵە لە ڕووی ئیداریەوە سەر بەقەزای چۆمانی دەڤەری باڵەکایەتییە لە سنووری پارێزگای ھەولێر، بەڵام کەمی خزمەتگوزاریە سەرەتایەکان وایکردوە ئەو ناحیەیە ئاوەدانی بەخۆیەوە نەبینێت و بەشێک لە دانیشتوانەکەی بۆ شوێنەکانی تر کۆچیان کردووە.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085