نوێترین

recent

16/06/2016

لە ئۆپراسیۆنى منبجدا ٢٤٦ چەکدارى داعش کوژارون



لە ئۆپراسیۆنى "فەرماندەى شەهید ئەبو لەیلا" بۆ کۆنتڕۆڵکردنی منبج تا ئێستا ٢٤٦ چەکدارى داعش کوژارون و ٢٨ شەڕڤانى هەسەدەش شەهید بوون. هەورەها شەڕڤانان نزیکەى ١٠٠ گوندیان کۆنتڕۆڵکردووە لە پێشڕەویشدا بەرەو ناو جەرگەى ئەو قەزایە. ئۆپراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنى منبج لە ١٥هەمین ڕۆژیدایە و ڕێکخراوى مافى مرۆڤى سوریا ئەمڕۆ ١٥ى حوزەیرانى ٢٠١٦ بڵاویکردەوە، لە ماوەى دوو هەفتەى شەڕى منبجدا لە نێوان هێزەکانى سوریاى دیموکراتى (هەسەدە) و چەکدارەکانى داعشدا، تا ئێستا ٢٤٦ چەکدارى داعش کوژراون، کە ١٠ چەکداریان سەرکردەى مەیدانى داعش بوون و لە ناو ئەو کوژاروانەشدا چەکدارى بیانى هەبوون. بەپێى ئامارەکەى ڕێکخراوى مافى مرۆڤى سوریا، لەو ماوەیەشدا ٢٨ شەڕڤانى هەسەدە شەهید بوون. ئاماژە بەوەشکراوە، لەو ماوەیەدا بەهۆى بۆردومانى چەکدارانى داعشەوە ١٩ هاووڵاتیى منبج و هەروەها بە هۆى بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکانى هاوپەیمانانەوە ٤٩ هاووڵاتى ترى ئەو قەزایە شەهید بوون. هاوکات حکومەتى سوریا ڕایگەیاندووە، هێزێکى ئەڵمانى گەیشتوونەتە کۆبانێ و منبج و ئەوەش لە ڕوانگەى حکومەتى سوریاوە بە پێشێلکردنى "سەروەریى سوریایە"، بەڵام وەزارەتى بەرگریى ئەڵمانیا ئەوەى ڕەتکردووەتەوە کە هێزى وڵاتەکەى چووبێتە سوریا. لە ڕۆژى ١ى حوزەیرانى ٢٠١٦ەوە ئۆپراسیۆنی "شەهیدى فەرماندە فەیسەڵ ئەبو لەیلا" بۆ کۆنترۆڵکردنى منبج دەستیپێکردووە. لەو کاتەوە تا ئێستا نزیکەى ١٠٠ گوندى گەورە و بچووک لە ڕووبەرێکى زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەدا لە دەورووبەرى منبج و هەموو ڕێگاکانى نێوان ڕەقە و سنوورى تورکیا لەلایەن شەڕڤانانەوە کۆنتڕۆڵکران. هاوکات هەواڵى ئەوە بڵاوبوویەوە، کە دوێنێ ١٤ى حوزەیرانى ٢٠١٦ یەکەم ژنە شەڕڤانى یەپەژە لە ئۆپراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنى قەزاى منبجدا شەهید بووە لەگەڵ دەستپێکردنى ئۆپراسیۆنى کۆنترۆڵکردنى منبجدا فڕۆکە جەنگییەکانى هاوپەیمانان لە ئاسمانەوە هاوکاریى شەرڤانان دەکەن و بنکە و بارەگاى چەکدارەکانى داعش لە دەورووبەرى منبج بۆردومان دەکەن شەڕڤان دەروێش وتەبێژى ئەنجوومەنى سەربازیى منبج ڕۆژى ٨ى حوزەیرانى ٢٠١٦ ڕایگەیاند، لە ڕووى سەربازییەوە هێزەکانیان زاڵن بەسەر منبجدا و کۆنترۆڵکردنى ئەو قەزایە لە ئان و ساتدایە، بەڵام لەبەر پاراستنى ژیانى ئەو ژمارە هاووڵاتییە لە قەزاکەدا ماون هۆشیارییەوە پێشڕەوى دەکەن لە ڕۆژى ٣ى حوەزیرانى ٢٠١٦ فەرماندەى ئۆپراسیۆنى کۆنترۆڵکردنى منبج بە ناوى ئەبو لەیلا بە قورسى برینداربوو و لە دواى گەیاندنى بۆ نەخۆشخانى شار لە شارى سلێمانى و سەربارى هەوڵى پزیشکەکان ڕۆژى ٥ى حوزەیرانى ٢٠١٦ بە هۆى قورسیى برینەکەیەوە شەهید بوو و ڕۆژی ٦ى حوەزیرانى ٢٠١٦ بە ئامادەبوونى جەماوەرى کۆبانێ  لە کۆبانێى ڕۆژئاواى کوردستان بە خاک سپێردرا هاوکات ئەنجوومەنى سەربازیى قەزاى منبج بڕیاریداوە، ناوى ئۆپراسیۆنى کۆنترۆڵکردنى منبج بگۆڕێت بۆ ناوى "ئۆپراسیۆنى شەهیدی فەرماندە فەیسەڵ ئەبو لەیلا". شەهیدبوونى ئەو فەرماندەیە ژمارەیەک کاردانەوەى لێکەوتووەتەوە برێت مەک گۆرک نوێنەرى باراک ئۆباما بۆ شەڕى دژ بە داعش بەبۆنەى شەهیدبوونی ئەبوو لەیلاوە پەیامێکى بڵاوکردەوە. قەزاى منبج سەر بە ناوچەى شەهبایە و ناوچەى شەهبا دەکەوێتە نێوان کانتۆنەکانى کۆبانێ و عفرین هەر یەک لە ناوچەکانى منبج، جرابلۆس، باب و ئەعزاز لە خۆى دەگرێت.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085