

ژووری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت “چەندەها بەڵگەی یاساییان كۆكردۆتەوە لەسەر خیانەتی گەورەی نیشتمانی ٣١ ئاب و ڕادەستكردنی شەنگال و خوشك و برا ئیزیدیەكان”.
كەمێك لەمەوبەر، ژووری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژە بەوەدەكات ” چەندەها بەڵگەی یاساییان كۆكردۆتەوە لەسەر خیانەتی گەورەی نیشتمانی ٣١ ئاب و ڕادەستكردنی شەنگال و خوشك و برا ئیزیدیەكان”.
دەقی ڕاگەیەندراوەكە
ڕاگەیەنراوێك لە ژووری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕانەوە
هاونیشتمانیانی ئازیز :-
بزووتنەوەی گۆڕان هەر لە دروستبوونیەوە یەكێك لەو پرەنسیپ و ئامانجە پیرۆزانەی كە خەباتی لە پێناودا كردوە سەروەری یاساو سەربەخۆی دادگا و بەدیهێنانی دادپەروەری بووە هەنوكە و هەمیشەش بە پیرۆزترین بنەمای كاركردنی بزوتنەوەكە دەمێنێتەوە، هەرچیەك پێویست بوبێ لەو پێناوەدا كردوێتی، بەڵام مەخابن تائێستا دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی كوردستاندا دەسەڵاتێكی لاوازه و نەیتوانیوە سەربەخۆ بێت و لەلایەن حیزبەوە بەكارهێنراوە بۆ مەبەستی سیاسی و ونكردنی مافی خاوەن ماف و شەرعیەتدان بەستەم و خراپەكاری زومرەیەك لە دەسەڵاتداران، بزوتنەوەی گۆڕان لە سۆنگەی هەستكردنی بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر خەڵك و خاك و بەرگریكردن لە پیرۆزییەكانی نیشتمان و دامەزراوە فەرمیەكانی چەندەها بەڵگەی یاسایی كۆكردۆتەوە لەسەر خیانەتی گەورەی نیشتمانی ٣١ ئاب و ڕادەستكردنی شەنگال و خوشك و برا ئیزیدیەكان بە گروپی تیرۆریستی داعش و بازرگانی كردنی ناشەرعی لەگەڵ گروپە تیرۆریستیەكان،پەكخستن و سوكایەتی كردن بەدامەزراوە شەرعی و فەرمیەكان و بڕینی قوتی خەڵك و بەتاڵانبردنی داهات و شرینیەكانی نەوت و رفاندن و كوشتنی رۆژنامەنوسان و چەندین تاوانی تری رێكخراو، كە شەخسی مەسعود بارزانی تۆمەتبارە تیایاندا بەڵام لەبەرئەوەی رێگە نەدراوە دادگاكانی كوردستان كارەكانی خۆیان بەتەواوی ئەنجامبدەن بۆیە تائێستا بە باشمان نەزانیوە سكاڵا لەسەر تۆمەتباران تۆمار بكەین، بەڵكو تیمێكی یاسایی پسپۆڕمان ڕاسپاردووە بۆ كۆكردنەوە و ڕێكخستنی سەرجەم بەڵگە یاساییەكان و خۆئامادەكردنبۆ تۆماركردنی سكاڵا لەكاتی گونجاودا. لێرەشەوە داوا لە هەموو یاساناسان و ڕۆشنبیران و خەڵكانی پسپۆڕو سەرجەم هاونیشتمانیانیش دەكەین هەر بەڵگەیەكیان لایە لەسەر تاوان و خیانەتەكانی تۆمەتباری سەرەكی بیگەننە دەستمان تا دەرەنجامی كارەكانی خۆی ببینێت و دادپەروەری بێتەدی.
ژووری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان