

پۆلیسێكی هاتوچۆ لەقەزای زاخۆ، لەسەر نوسینی كۆمێنتێك لەفەیسبوك دەستگیركراوە.
چوار رۆژ بەسەر دەستگیركردنی پۆلیسێكی هاتوچۆی قەزای زاخۆی شاری دهۆك تێدەپەڕێتو كەسوكاری گەنجەكە جەغت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە كوڕەكەیان لەسەر نوسینی كۆمێنتێك لەفەیسبوك دەستگیركراوە.
كەناڵی ئێن ئاڕتی بڵاویكردەوە كە “مەسعود نەسرەدین كە پۆلیسی هاتوچۆیە لەقەزای زاخۆ لەپارێزگای دهۆك چوار رۆژە لەزیندانی چاكسازی زركا، دەستگیركراوە”.
بەپێی ئەو كەناڵە كەسوكاری ئەو پۆلیسەی هاتوچۆ جەغتیان لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە مەسعود-ی كوڕیان بەهۆی نوسینی كۆمێنتێك لەفەیسبوك دەستگیركراوە.
خانەوادەی ئەو پۆلیسەی هاتوچۆ ئاماژە بەوە دەكەن كە كوڕەكەیان لەفەیسبوك كۆمێنتێكی نوسیوەو تیایدا هاتوە “خوا بەڵای ئەم دز و گەندەڵانە لەسەر هەژاران لابات”.
لەئێستادا نارەزایەتیەكی زۆر دروستبوە لەسەر دەستگیركردنی ئەو پۆلیسە بەهۆی نوسینی كۆمێنتێكی فەیسبوكو لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك هەڵمەتێك بەرێخراوە بۆ ئازادكردنی.