
لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تەقینەوەی بۆری غاز شەش کەس بریندار دەبێت.
شەوی ڕابردوو ١١ حوزەیرانی ٢٠١٦ لە گوندی ئاساوڵەی سەر بە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی خراپی بۆریی غاز تەقینەوەیەک ڕووی داوە.
بەپێی زانیاریەکانی ڕۆژنیوز لەو تەقینەوەیەدا شەش کەس برینداربوون کە برینی چوار کەس یان سەختە.
جێگری کۆمپانیای غازی شاری سنە، قودرەتوللا فەعلەگەری، لەوبارەیەوە ڕایگەیاندوە کە تەقینەوەکە بە هۆی نائاگاداری هاووڵاتیان لە بەکارهێنانی ئامێری غاز ڕووی داوە، بەڵام چاودێران دەڵێن هۆکاری ئەو تەقینەوەیە خراپی بۆرێی غاز بووە.
بۆیە خەڵکی شارەکە پێیانوایە کە فەعلەگەری بەم قسەیە بەنیازە بەرپرسیارەتی تەقینەوەکە بخاتە ئەستۆی خودی هاوڵاتیان و کەمتەرخەمی کۆمپانیای غازی سنە لە بەستنی بۆریی غاز بشارێتەوە.
دوکتۆر هوومەن قەسری، جێگری دەرمانخانەی زانکۆی پزشکی کوردستان (سنە) لەبارەی دۆخی بریندارەکان وتویەتی:" بریندارانی ئەم ڕووداوە منداڵێکی تەمەن سێ ساڵان، دوو ژن و پیاوێک بوون کە لە نەخۆشخانەی بیعسەتی شاری سنە لە ژێر چاوەدێری پزشکی دان ".
قەسری ئاماژەی بۆ ئەوەشداوە کە دوو کەسی تریش بریندار بوون بەڵام برینەکانی ئەوان زۆر سەخت نیە و ئەوانیش ئێستا لە نەخۆشخانەی بیعسەت لە ژێر چاوەدێری پزشکیدان.