

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی ئەو گۆڕانكاریانەی بەم دواییە روویانداوە، بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری سلێمانیو چەند پۆستێكی دیكە لەپارێزگای هەڵەبجە، پێویستیان بەرێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا دەبێت، بزووتنەوەی گۆڕانیش دەڵێت: هەر كاتێك وادەی ئاڵوگۆڕەكە هات قسەی خۆیان دەكەن.
هەفتەنامەی رووداو لەڕاپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە، كە بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە 30/4/2014، دەبووایە پارێزگاری سلێمانی بدرێتە بزووتنەوەی گۆڕان، چونكە زۆرترین كورسی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەدەستهێنا، كە 12 كورسی بوو، بەڵام یەكێتی ئامادە نەبوو ئەو پۆستە رادەستی گۆڕان بكات.
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لەحەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا، رۆژی 11/12/2014 یەكێتیو گۆڕان لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانیو هەڵەبجەو چەند پۆستێكی دیكەی ئەو دوو پارێزگایە گەیشتنە رێككەوتن.
بەپێی بڕگەیەكی ئەو رێككەوتنە، ساڵو هەشت مانگی یەكەم پۆستی پارێزگای سلێمانی لەلای یەكێتی دەبێتو پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە لەلای بزووتنەوەی گۆڕان، پاشان ساڵێكو هەشت مانگی دیكە پۆستی پارێزگاری سلێمانی دەدرێتە بزووتنەوەی گۆڕانو پارێزگاری هەڵەبجەش دەدرێتە یەكێتی.
بەپێی رێككەوتنەكە، دەبێت لەمانگی ئابی داهاتوو ئاڵوگۆڕی هەردوو پۆستەكە لەنێوان بزووتنەوەی گۆڕانو یەكێتی بكرێت، بەڵام بەپێی لێدوانی بەرپرسانی هەردوولاو بەتایبەتی یەكێتی، پێدەچێت ئاڵوگۆڕەكە بەئاسانی نەكرێتو یەكێتی داوای رێككەوتنێكی نوێ لەبزووتنەوەی گۆڕان بكات.
رێكەوت زەكی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەو بارەوە رایگەیاندووە، بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری سلێمانی و چەند پۆستێكی دیكە لەسەر ئاستی سلێمانیو هەڵەبجە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان پێویستیان بەڕێككەوتنێكی نوێ هەیە، چونكە بەبڕوای ئەو، "دۆخی سیاسی كوردستان گۆڕانكاریی زۆری بەسەردا هاتووە".
رێكەوت زەكی راشیگەیاندووە، كاتی خۆی یەكێتیو گۆڕان لەسەر ئەوە رێككەوتوون، كە هەر لایەكیان ساڵێكو هەشت مانگ پۆستی پارێزگاری سلێمانیو هەڵەبجەیان لابێت، رێككەوتنەكەش لەسەر ئەو بنەمایە كراوە، لە 30/4/2018 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكرێتەوە، بەڵام وا پێدەچێت لەو كاتەدا هەڵبژاردن نەكرێت، بۆیە یەكێتیو گۆڕان پێویستیان بەڕێككەوتنێكی نوێ هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار و چەند پۆستێكی دیكە.
گرفتێكی دیكە، كە بەبڕوای رێكەوت زەكی لەمانگی هەشتی ئەمساڵدا بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری سلێمانی دروستدەبێتو پەیوەندی بە خودی بزووتنەوەی گۆڕانەوە هەیە، ئەوەیە ئەو ئاڵوگۆڕە پێویستی بەمەرسومی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام وەك ئەو دەپرسێت "ئایا گۆڕان رازی دەبێت، كە وەك خۆیان دەڵێن: سەرۆكێك ماوەی دەسەڵاتەكەی تەواو بووە، مەرسومی دەستبەكاربوون بۆ پارێزگارێكی گۆڕان دەربكات؟".
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان باسی لەوەش كردووە، كە گۆڕانكارییەكە تەنیا لەسەر ئاستی پۆستی پارێزگاری سلێمانیدا نابێت، بەڵكو پۆستی پارێزگاری هەڵەبجەو قایمقامەكانیش دەگرێتەوەو بەشێك لەوانەش پێویستیان بەوەیە لەسەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە مەرسومی دەستبەكاربوونیان بۆ دەربچێت.
لەئێستادا بزووتنەوەی گۆڕان، چوار وەزیرەكەی لەرۆژی 12/10/2015 لەحكومەت دوورخرانەوەو هەر هەمان رۆژ رێگە نەدرا بەیوسف محەممەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، كە سەر بەبزووتنەووەی گۆڕانە، بگەڕێتەوە هەولێر.
لەو رۆژەوە بزووتنەوەكە زۆربەی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بە "نا شەرعی" دەزانێتو تائێستا چەندین كۆبوونەوەی هاوبەشی حیزبەكانی رەتكردووەتەوەو دەڵێن: تاوەكو بارودۆخەكە ئاسایی نەكرێتەوەو وەزیرەكانیانو سەرۆكی پەرلەمان نەگەڕێنەوە سەر كارەكانیان، ئامادەنین لەگەڵ پارتی دیموكرات دابنیشن، كە لەسەر چەند پرسێك كێشەی لەگەڵ ئەو حیزبە هەیە.
بزووتنەوەی گۆڕان دوایین كۆبوونەوەی پێنج حیزبەكەی بایكۆت كرد، كە هەفتەی رابردوو لەشاری سلێمانی لەبارەی گۆڕانكارییەكانی كابینەكەی حەیدەر عەبادی بەڕێوەچوو، چونكە شاندێكی پارتی بەشداری كۆبوونەوەكە بوو.
ئەنوەر تاهیر، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، سەبارەت بەئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری سلێمانیو هەڵەبجە لەنێوان یەكێتیو گۆڕاندا رایگەیاند "ئەوان وەكو بزووتنەوەی گۆڕان رێككەوتنامەیەكی سیاسیان لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كردووە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەو پۆستانە".
ئەنوەر تاهیر، كە ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕانیشە، راشیگەیاندووە "ئێمە رێككەوتنمان لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە نەك سەرۆكی فراكسیۆنێك، مەكتەبی سیاسی یەكێتیش هەمیشە پابەندبوونی خۆیان بەو رێككەوتنە دووپاتكردووەتەوە".
لەبارەی ئەوەش، كە ئایا ئەوان رازی دەبن مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەرسومی دەستبەكاربوون بۆ بەرپرسێكی گۆڕان لەپۆستێكی حكومیدا دەربكات؟ سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان باسی لەوە كردووە، كە "ئاڵوگۆڕ لەپۆستی پارێزگاری سلێمانی چوار مانگی ماوە، هەر كاتێك كاتی ئەو گۆڕانكارییە هات، قسەی خۆمان دەبێت".