نوێترین

recent

11/04/2016

بارزانی بخوازێت، ئیسرائیل هێز دێنێتە كوردستان و هێزی (درع الشمال)ـی سعودی دێتە هەولێر



دەبێت پێش هەموو شت بیر لە گرێدانی هاوپەیمانیی سەربازی لەگەڵ سعوودیا و ئیسرائیل بكرێتەوە..، دەبێت پێش هەموو شت پلانمان پاراستنی كوردستان بێت، كوردستانیش بە هاوپەیمانیی سەربازی دەپارێزرێت"، ئەمە دەقی لێدوانی سیاسەتمەداری بەئەزموون د.محەمەد ساڵح جومعەیە و، جەختیش دەکاتەوە کە، "بان كی موون بە فەرمانی دەوڵەتانی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی سەردانی كوردستانی كردووە...، هاتووە بە ئێمە بڵێت ئەمەریكا و رووسیا و ئیسرائیل هاودەنگن لەسەر دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان."

ژینگەی هاوكێشەی سیاسی لە ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ژینگەیەكی تێكچڕژاوە و پرسەكان بەیەكدا چوون و، ئەوەی زۆر وردبینانە سەیری نەكات و بەدواداچوونی لەسەر نەكات، بە ئاسانی سەری داوەكان و شێواز و ئاراستەی هاوپەیمانی و هێزە دژ و پێكناكۆكەكان لە یەكتری جیا ناكاتەوە.
لە سەرتاسەری ناوچەكەدا، لە چوارچێوەی مەددی شیعەگەرایی بە سەرۆكایەتیی ئێران و كێشمەكێش و ململانێی نێوان ئێران و سعوودیا و ئیسرائیل و ئێران لەلایەكی دیكە، بازنەیەكی فراوانی شەڕی بەوەكالەت دروست بووە، ئێران لە یەمەنەوە تا دەگاتە لوبنان و سووریا و عێراق و توركیا، پشتگیریی ئەم شەڕی بە وەكالەتە دەكات و لە هەر شوێنێك پشێویی هەبێت، ئێران یەكێكە لە توخمە سەرەكییەكانی ناو ئەو پشێوییە، ئەم حاڵەتە بارودۆخی سیاسیی كوردستانیشی لێ بەدەر نییە و هەتا كوردستانیش نەبێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، دەستتێوەردان و كاریگەریی دەرەكی لەسەر ناوخۆی كوردستان بەردەوام دەبێت، بۆیە لەم ڕاستەوە پاراستنی كوردستان لە پریشكی ئەم بارودۆخە ئاڵۆزە، لای سیاسەتمەدار و شارەزایانی سیاسەت ئەولەویەتی سەرەكیی هەیە، كە هەندێك لەو سیاسەتمەدارانەی زۆر قووڵ لەسەر وردەكاریی پرسەكە هەڵوەستە دەكەن، پاراستنی كوردستان دەخەنە پێش راگەیاندنی سەربەخۆیییەوە، یان ئەنجامدانی گشتپرسی لە هەرێمی كوردستاندا. بۆ قسەكردن لەسەر كۆی ئەم بارودۆخە و پێوەندییەكانی كوردستان لەگەڵ بەغدا و لە كۆی هاوكێشەی سیاسیی ناوچەكەدا، حەفتەنامەی گوڵان دیدارێکی لەگەڵ سیاسەتمەداری بەئەزموون د.محەمەد ساڵح جومعەدا ئەنجام داوە و بەمجۆرە بیروبۆچوونەكانی خۆی خاتە ڕوو.


بارزانیی نەمر دەوڵەتمەدار بوو
* ئەو بارۆدخەی كوردستان و ناوچەكەی پێدا تێدەپەڕێت، بارودۆخێكی ئاڵۆز و پڕ تەحەدییە، لە ناو ئەم هاوكێشە ئاڵۆزەدا سەرۆك بارزانی دەیەوێت كورد بگاتە دوائامانجی خۆی و كوردستان ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، ئایا تاچەند ئەم بارودۆخە ئاڵۆزە بۆ بەرژەوەندی كورد وەردەچەرخێت؟

- ئەگەر باسی شێوازی سەركردایەتی و چۆنیەتیی ئەو سیاسەتە بكەم كە سەرۆك بارزانی لەم بارودۆخە هەستیار و ئاڵۆزە پیادەی دەكات، ئەوا نەك بە قسەی من، بەڵكو هەموو جیهان گەیشتۆتە ئەو راستییەی كە ئەو سەركردانەی وەك بارزانی لەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا سەركردایەتی دەكەن، ژمارەیان زۆر كەمە، بۆیە ئەگەر بمانەوێت شێوازی سیاسەت و سەركردایەتیی سەرۆك مەسعوود بارزانی بناسین، ئەوا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەوەی، ئایا هەر لە شێخ عەبدولسەلام تا دەگاتە بارزانیی نەمر، ئامانجیان لە خەباتی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستاندا چی بووە؟ بێگومان ئامانجیان دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بووە، بەڵام دەبێت ئەوەش لە یاد نەكەین سیاسەت لە چوارچێوەی رێبازی بارزانیدا سیاسەتێكی لۆژیكانە و لەسەرخۆ بووە، پێش هەمووشت هەر لە سەردەمی شێخ عەبدولەسەلامەوە لە ساڵی 1913 ئەو راستییە رەچاو كراوە كە هەنگاوهەڵگرتن بۆ دامەزراندنی دەوڵەت پێویستی بەوەیە هێزی بۆ ئامادە بكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش شێخ عەبدولسەلام ئەو هێزەی لە بارزانییەكان دروست كرد، پاشان ئەو دەیزانی دامەزراندنی دەوڵەت پێویستی بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی هەیە، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو هەردوو دەوڵەتی توركیا و ئێران زۆر بەهێز بوون، بۆیە هەنگاوی دووەمی شێخ عەبدولسەلام ئەوە بوو چووە تەورێز بۆ ئەوەی كۆنسووڵی رووسیا لە تەورێز ببینێت، لەو سەردانەشیدا سمكۆ و عەبدلڕەزاق بەدرخانی لەگەڵدا بوو، بۆ ئەوەی پشتگیریی رووسیا بۆ دەوڵەتی كوردستان مسۆگەر بكات، دوای شێخ عەبدولسەلام و لە سەردەمی رابەرایەتیی بارزانیی نەمردا ئەم سیاسەتە بۆ هەمان ئامانج درێژەی هەبووە و بەرخودان بەردەوام بووە، بارزانیی نەمر لەسەر چەند ستوونێك سیاسەتی خۆی بینا كردبوو كە بریتی بوون لە:
1. هێزی چەكداری بارزانییەكان، 2. پارتی دیموكراتی كوردستان، 3. هێزی لەبننەهاتووی گەلی كوردستان، 4. رووسیا وەك پشتگیریی نێودەوڵەتی.


هەر بۆیە بارزانیی نەمر هەتا ساڵی 1974 هەر هەنگاوێكی هەڵگرتبێت، راوێژی لەگەڵ رووسیا كردووە، بەڵام بارزانیی نەمر دەوڵەتمەدار بوو، هەنگاو بە هەنگاو بە شێوەیەكی لەسەرخۆ هەنگاوی بۆ ئامانجە گەورەكە هەڵدەگرت، بۆیە لە سەرەتادا داواكاری لامەركەزی بوو، پاشان رێككەوتنی ئادار هات و بووە ئۆتۆنۆمی، دوای ئۆتۆنومی ئەم داواكارییە گۆڕا بۆ فیدراڵییەت، ئێستایش سەرۆك مەسعوود بارزانی داوای دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەكات، بۆیە لەم روانگەیەوە ئەگەر سەیری سیاسەتی مەسعوود بارزانی بكەین، هەست بەو ڕاستییە دەكەین كە هەنگاو بە هەنگاو درێژەی بە سیاسەتی رێبازی بارزانی داوە بۆ گەیشتن بە ئامانجی دەوڵەت، لەم رێبازەشدا سەرۆك مەسعوود بارزانی نە دژی توركە، نە فارس و نە عەرەب، بەڵكو تەنیا دژی ئەو رژێمانەیە كە بۆ رێگرتن لەو ئامانجە شەڕی لەگەڵ دەكەن، تەنیا ئامانجیشی ئەوەیە كە كورد لە كۆیلایەتی و بندەستی رزگار بكات و ببێتە خاوەنی كیان و دەوڵەتی خۆی.


هەتا دەوڵەت دروست نەبێت، ناتوانرێت رێگە لە دەستتێوەدرانی دەوڵەتی دەرەكی بگرین
* دیارە بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەربەخۆیی و سەرفرازی، یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان و نێوان هێزە سیاسییەكانی كوردستان زۆر گرینگە، بەڵام لە ئێستادا ئەم یەكڕیزی و یەكهەڵوێستییە وەك پێویست بوونی نییە، ئایا تاچەند ئەم حاڵەتە ئاستەنگ بۆ ئامانجە سەرەكییەكە دروست دەكات؟

- بە درێژاییی خەباتی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان، ئامانجی رێبازی بارزانی یەكبوون و یەكڕیزیی كورد و كوردستان بووە، بەڵام لە مێژوویشدا ئەو راستییە فێر بووین كورد هەتا نەبێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی، ئەوا ئەو یەكبوون و یەكڕیزییەی كە پێویستە دروست نابێت، ئەمەش واتە دەوڵەت دەبێتە چوارچێوەیەك بۆ یەكبوون و یەكڕیزیی نەتەوە، هەتا دەوڵەت دروست نەبێت، ناتوانرێت رێگە لە دەستتێوەدرانی دەوڵەتی دەرەكی بگرین، هەر بۆ نموونە ئێستا ئێران كە دژایەتیی دەوڵەتی كوردستان دەكات، شەڕی راستەوخۆی لەگەڵ كوردستان نییە، بەڵكو شەڕی راستەوخۆی لەگەڵ ئیسرائیل و سعوودیا و ناتۆ و تەواوی دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعشە كە ژمارەیان 63 دەوڵەتە، بۆیە ئەو هێز و لایەنانەی خۆیان دەخەنە میحوەری ئێرانەوە و پشتگیریی ئەو سیاسەتە دەكەن، سەرەنجام تێك‌دەشكێن و ئەوەی لە دەستی بدەن، بۆیان ناگەڕێتەوە، لەم راستەدا سەرۆك مەسعوود بارزانی بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بارودۆخە، سیاسەتێكی نەرم و لۆژیكانە بەرانبەر ئەو لایەنانە پیادە دەكات. ئەگەر لێرەدا بپرسین ئەگەر پێشتر سیاسەتی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان بۆ پشت بە هێزی دەرەكی تەنیا لە سەر رووسیا بووبێت، ئایا ئێستا سیاسەتی سەرۆك بارزانی لەسەر چ بنەمایەك راوەستاوە؟ بیگومان ئێستا ئەم سیاسەتە لەسەر سێ ستوونی سەرەكی راوەستاوە كە بریتین لە: (1- ئیسرائیل، 2- سعوودیا و ئەمەریكا و ناتۆ، 3- رووسیا)، ئامانجی سەرەكیی سەرۆك بارزانی بۆ تەواوی ناوچەكە ئەوەیە ئاشتی و سەقامگیری و دیموكراتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێتە ئاراوە، ئەم ئامانجەش لە بەرژەوەندیی ناتۆ و رووسیا و گەلانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە بە تورك و فارس و عەرەبیشەوە، هەروەها بە نەمانی نەخشەی سایكس پیكۆ تەوای نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت، بە دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان ئەو ستەم و غەدرەی بە درێژاییی مێژوو لەسەر كورد بووە كۆتایی دێت، لە هەمانكاتدا ئاشكرایە توركیا و ئێران دژی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانن، بەڵام دیسان ئەوەش لای هەموو لایەك روونە كە توركیا خۆی ئێستا لە ئاستەنگێكی گەورەدایە، ئێران لە یەمەن و لوبنان و سووریا و عێراق سیاسەتەكەی شكستی هێناوە، ئایا لەم حاڵەتەدا دەتوانن سیاسەتی خۆیان بەرانبەر كوردستان بگۆڕن؟ بێگومان ناتوانن بیگۆڕن و ئێمەش گلەیییان لێ ناكەین كە ناتوانن سیاسەتی خۆیان بگۆڕن.


شەڕكردن لەگەڵ كوردستان، شەڕەكە بۆ ناو ئێران دەگوازرێتەوە
* ئەگەر باسی كاریگەریی رۆڵی دەوڵەتی ئێران بكەین لەسەر تەواوی بارودۆخی ناوچەكە، ئەوا دەبینین، ئێران لە یەمەنەوە تا دەگاتە لوبنان لە هەر شوێنێك داردەستێكی هەیە و ئەو داردەستە بەوەكالەت شەڕ بۆ ئێران دەكات، لە كوردستانیش ئەو داردەستەی هەیە كە شەڕی بەوەكالەتی بۆ دەكات، ئایا چۆن دەتوانرێت لەگەڵ حاڵەتی شەڕی بەوەكالەت مامەڵە بكرێت؟

- ئێران وەك دەوڵەت مێژوویەكی دێرینی هەیە و دەوڵەتێكی بەهێزە و لە دەوڵەتداریشدا ئەزموونی 2500 ساڵی دەوڵەتداری هەیە، لە ئێستادا ئێران چاوی لەوەیە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی كۆرشی بەر لە 2500 بگێڕێتەوە و هەژموونی خۆی بە ناوی شیعەگەرایی بەسەر هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بسەپێنێت، بۆ ئەمەش لە یەمەن و باشووری لوبنان و سووریا و عێراق هەوڵی داوە ئەم شەڕە بكات، ئێران لەو شوێنانە دەتوانێت ئەو شەڕانە بكات، لەبەر ئەوەی لەو شوێنانە هێزێك نییە راستەوخۆ بەرانبەری رابوەستێت، بەڵام شەڕكردن لە كوردستاندا جیاوازە، شەڕی ئێران راستەوخۆ لەگەڵ سعوودیا و ئەمەریكا و ئیسرائیل و ناتۆ و 63 دەوڵەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشە، لەو شوێنانەی دیكە وەك یەمەن و لوبنان و عێراق و سووریا ئەو هێزانە بوونیان نییە كە راستەوخۆ رووبەڕووی ئێران رابوەستنەوە، بەڵام ئەو هێزانە لە كوردستان بوونیان هەیە و دەتوانن رووبەڕووی رابوەستنەوە. كێشەی سەرەكیی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست میلیشیای جیهادیی سوننە و شیعەیە، لەناو ئەم ململانێیەدا، جیهادی عەرەبی سوننە و توركیا، هەروەها جیهادی شیعەگەرایی سەر بە ئێرانیش بوونی هەیە، ئەوجا ئەگەر جیهادی سوننە داعشی بەرهەم هێنابێت، ئەوا جیهادی شیعەش لە عێراق حەشدی شەعبی و لە سووریا و لوبنان حزبوڵڵا و چەندین ناوی دیكە و هەروەها لە یەمەن حوسییەكانی بەرهەم هێناوە، ئەمەش مەترسییەكی گەورەی لەسەر سعوودیا و دەوڵەتانی كەنداو و ئیسرائیل دروست كردووە، هەر بۆیە سعوودیا و دەوڵەتانی كەنداو بە ئاشكرا دەڵێن، تەنیا رێگەیەك بۆ مانی ئێمە هاوپەیمانییە لەگەڵ ئیسرائیلدا، ئەمەش بە ئاشكرا دەڵێن و نەیانشاردووەتەوە، دیارە ئێران خۆیشی ئەو راستییە باش دەزانێت كە بە رێگەی شەڕكردن لە یەمەن و لوبنان و سووریا و عێراق، شەڕەكە ناگوازرێتەوە بۆ ناو ئێران، بەڵام بە شەڕكردن لەگەڵ كوردستان، شەڕەكە بۆ ناو ئێران دەگوازرێتەوە.
جگە لەوەش ئێران لە مێژووی دیپلۆماتییەتی خۆیدا لەسەر ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی وەك ئێستا بە تەنیا نەبووە، ئەمەش هەڵەیەكی گەورەیە لە سیاسەتی ئێراندا، لەبەر ئەوەی ئەم شەڕەی دەیكات بۆ رێگرتنە لە دەوڵەتی كوردستان، ئەمەش ئیشتبایەكی گەورەیە لەبەر ئەوەی هەموو جیهانی ئازاد پشتگیری دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەكات، لەمەش زیاتر هەموویشیان ئامادەن هێز بنێرنە كوردستان بۆ ئەوەی بەرانبەر ئێران رابوەستن، بەتایبەتیش سعوودیا و ئیسرائیل.

شەڕی بە وەکالەت سەری هێزەکە خۆی دەخوات
* بەڵام دیسان ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ واقیعی كوردستان، هەست دەكەین ئەو شەڕی بەوەكالەتەی لە یەمەن و لوبنان و عێراق و سووریا بە سەرپەرشتیی ئێران بوونی هەیە، بەهەمان شێوە لە كوردستانیش هەمان شەڕ لەلایەن پەكەكە و هەندێك هێزی دیكە بە پشتگیریی ئێران دژی دەوڵەتی كوردستان و شەخسی مەسعوود بارزانی بوونی هەیە، ئایا ئەمە راستی نییە؟

- راستە ئەو هێزانە شەڕ دەكەن و راستەوخۆیش دژی دەوڵەتی كوردستان و مەسعوود بارزانین، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەو لایەنانە راستەوخۆ گرێدراون بە ئێرانەوە و بە فەرمانی ئێران سیاسەت دەكەن، بۆیە من راشكاوانە دەڵێم، ئەو لایەنانە ئەوجا هەر كێ بن، لەناو هاوكێشەی سیاسیدا چارەنووسیان نەمان دەبێت لەبەر ئەوەی چارەنووسی خۆیان بە ئێرانەوە گرێ داوە، لێرەدا دیسان دووبارەی دەكەمەوە، ئەو شەڕەی ئێران دەیكات بە شێوەیەكی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل و سعوودیا و ئەمەریكا و ناتۆیە، ئێران وەك دەوڵەت زیرەكە و دەزانێت خۆی وەك دەوڵەت ناتوانێت ئەو شەڕە لەگەڵ كوردستان بكات لەبەر ئەوەی راستەوخۆ رووبەڕووی ئەو هێزانە دەبێتەوە، بۆیە پرسیاری من ئەوەیە، ئەگەر ئێران خۆی وەك دەوڵەت نەتوانێت راستەوخۆ ئەو شەڕە بكات، ئایا شەڕی ئیسرائیل و سعوودیا و ئەمەریكا و ناتۆ بەو خەڵكانە دەكرێت؟ هەر دوێنی ئەردۆگان دەیگوت، پەكەكە، یان دەبێت تەسلیم بن، یان دەبێت نەمێنن، ئەم شەڕەی پەكەكە دەیكات باشترین دەرفەتی بە توركیا داوە، لەمەوە دەڵێم ئەو شەڕەی ئێران بەو لایەنانەی دەكات، سەرەنجام ملیان دەشكێنێت.


ئەو شەڕەی پەكەكە لە توركیا دەیكات، بە فەرمانی ئێرانە
* بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانییە ئەوەیە ئێستا پەكەكە بەرپرسیاریەتیی خۆی لە كاری خۆكوژی و تیرۆریستی رادەگەیەنێت، ئاشكراشە ئەوەی وەك بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان شانازی پێوە دەكەین ئەوەیە، كە كورد دژی تیرۆر بووە، پرسیار ئەوەیە بۆچی پەكەكە ئەو كارانە دەخاتە ئەستۆی خۆی؟

- ئەوەی جێگەی شانازییە بۆ كورد ئەوەیە كە لە 400 ساڵ پێش زایینەوە هەتا ئێستا كورد تیرۆریست نەبووە، بەڵام بەداخەوە پەكەكە وەك پاسداری ئێرانی بە فەرمانی ئێران ئەو كارانە دەكات، مەبەستی ئێرانیش لەو كارانە ئەوەیە پرسی كورد چەواشە بكات و لەبەرچاوی جیهان وەك تیرۆریست نیشانی بدات. هەر بۆ نموونە كاتێك ئەڵمانیا بڕیاری دا چەك بدات بە كوردستان، بە فەرمانی ئێران پەكەكە چەند ژنێكی كوردی ئێزدی ناردە پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ ئەوەی بڵێن چەك مەدەن بە پێشمەرگە لەبەر ئەوەی ئەو چەكانە دەدەنە داعش، حكوومەتی توركیایش چەند ژنێكی ناردبوو كە چەك مەدەن بە پێشمەرگە لەبەر ئەوەی دەیدەنە پەكەكە، ئەڵمانیا لەمە تێگەیشت، زانیی ئەمە پیلانی ئێران و توركیایە، بۆیە لە سایەی قارەمانیەتیی پێشمەرگە و بە بەكارهێنانی ئەو چەكانە بە شێوەیەكی كارامە، توانیمان شنگال و كوردانی ئێزدی ئازاد بكەین، بۆیە ئەو شەڕەی پەكەكە لە توركیا دەیكات، بە فەرمانی ئێرانە، ئەمەریكا دەخوازێت بەهۆی ئەو شەڕەوە شەڕێك لە نێوان توركیا و ئێران دروست ببێت، بەڵام ئامانجی گەورەی ئێران ئەوەیە رووی كورد ناشیرین بكات و وەك تیرۆریست پیشانی جیهانی بدات.


پێویست بێ، "درع الشمال" دێتە هەولێر
* ئەگەر راشكاوانەتر لەسەر ئەم پرسە هەڵوەستە بكەین، ئایا مەبەستت چییە كە دەڵێی ئەگەر ئێران شەڕی كوردستان بكات، شەڕەكە دەكەوێتە ناو ئێرانەوە؟

- ئەو سیاسەتەی سەرۆك مەسعوود بارزانی لەم شەڕەدا پیادەی كردووە، هەموو هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشی كردۆتە پشتیوان بۆ كوردستان، بۆیە ئەگەر كوردستان و سەرۆك بارزانی بەتەنیا بوونایە، لەوانەیە ئێران و داردەستەكانی بیانتوانیایە شتێك بكەن، بەڵام ئەمڕۆ كوردستان بەتەنیا نییە، من شتێكی شاراوە ئاشكرا ناكەم، خۆتان دەبینن ئێستا سعوودیا و ئێران لە چ حاڵەتێكدان، هەروەها دەزانن ئێران و ئیسرائیل چۆن سەیری یەكتری دەكەن، بۆیە ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی بخوازێت سبەی ئیسرائیل هێزی خۆی دێنێتە كوردستان و بەرانبەر ئێران رادەوەستێت و، هێزی سعوودیا ئەوەی ناویان ناوە (درع الشمال) دێتە هەولێر و بنكە و بارگەی خۆی لە چۆمان و حاجی ئۆمەران رێك‌دەخات. بۆیە ئەگەر ئێران راستەوخۆ شەڕی كوردستان بكات، شەڕەكە دەچێتە ناو ئێرانەوە، بەڵام پرسیاری من ئەوەیە، ئایا ئێران وەك ساڵی 1943 دەتوانێت خۆی بپارێزێت؟ بێگومان نەخێر، ئێران خۆیشی دەزانێت شەڕ بكەوێتە ناو ئێرانەوە، ئێران وەك دەوڵەتێكی یەكگرتوو نامێنێت و دەبێتە 5 دەوڵەت (بەلووچ، ئازەری، عەرەب، كورد، فارس)، بە بۆچوونی من ئێران دەوڵەتێكی زیرەكە و ئەم كارە ناكات، دیارە لەم بارودۆخی شەڕەشدا توركیایش هەوڵی دا بە رێگەی داعش كش و مات لە كوردستان بكات، بەڵام بۆی دەركەوت غەڵەتی كرد، ئێستا ئێرانیش لەو راستییە تێگەیشتووە، ئەگەر بیەوێت شەڕ لە كوردستان بكات، ئەوا سعوودیا و ئیسرائیل سوپای خۆیان دێننە كوردستان و لە كوردستانەوە راستەوخۆ بەرانبەر ئێران شەڕ دەكەن، ئەمەش هەر كاتێك پێویست بێت، دەبێت بكرێت، ئەوجا ئەمڕۆ بێت یان سبەی.


ئیسرائیل هەموو باڵیۆزخانەكانی خۆی لە دەوڵەتی جیهان ئاگادار کردووەتەوە
* ماوەی یەك دوو ساڵە ئیسرائیل زۆر راشكاوانە پشتگیریی خۆی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان راگەیاندووە، ئایا ئەم پشتگیرییە تاچەند كردەییە، یان هەر بانگەوازێكە و هیچی دیكە؟

- ئیسرائیل باوەڕی بە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان هەیە، لەبەر ئەوەی چۆن دەوڵەتانی ناوچەكە دژی ئیسرائیلن و رایدەگەیەنن نابێت دەوڵەتی ئیسرائیل بمێنێت، بە هەمان شێوە هەموو ناوچەكەش دژی كورد و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانن، بۆیە لەم روانگەیەوە ئیسرائیل كوردستان بە هاوچارەنووسی خۆی دەزانێت، ئەم هاوچارەنووسییەش وا لە هەردوولامان دەكات كە دروشمی كۆنفیدڕاڵی نێوان كوردستان و ئیسرائیل بەرز بكەینەوە، هەر ئەمەش وایكردووە ئیسرائیل هەموو باڵیۆزخانەكانی خۆی لە دەوڵەتی جیهان ئاگادار بكاتەوە و راشكاوانە پێیان بڵێت، ئێوە تەنیا نوێنەرایەتیی دەوڵەتی ئیسرائیل ناكەن، بەڵكو نوێنەرایەتیی كوردیش دەكەن، بۆیە ئیسرائیل مان و نەمانی خۆی لە دەوڵەتی كوردستان دەبینێت، ئەمەش نەك لەبەر خاتری چاوی ئێمە، بەڵكو ئەوە برا عەرەبەكان وایانكردووە و بە ئێمە دەڵێن ئێوە ئیسرائیلی دووەمن، ئیسرائیلیش دەزانێت، گەلی كورد گەلێكی قارەمانە و دەتوانێت پارێزگاری لە خاكی خۆی بكات، تەنیا كەموكورتیی هێزی كورد، نەبوونی چەكی پێویست و هاوپەیمانییە، كە ئەم دوانەشی بۆ فەراهەم كرا، ئەوا كورد دەتوانێت خاكی خۆی بپارێزێت. ئێستایش هەموو دەوڵەتە گەورەكان ئەمەریكا، رووسیا و ئیسرائیل لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان هاودەنگن.


* ئایا تەنیا ئەم خاڵە ئیسرائیل و كورد پێكەوە كۆ دەكاتەوە؟

- نەخێر لە 512ـی پێش زایینەوە كورد و ئیسرائیل پێوەندییان هەبووە، لەو سەردەمەی ئیسرائیلییەكان لەسەردەستی نەبوخوزنەسر ئاوارە كران، كورد هەمووی گێڕانەوە بۆ كوردستان، بۆیە بە درێژاییی ئەو مێژووە، كورد و ئیسرائیل وەك دوو نەتەوەی چەوساوە هاوچارەنووس بوون.


سعوودیا باوەڕی تەواوی بە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان هەیە
* ئەوەی دیسان جێگەی تێڕامانە ئەوەیە كە دەوڵەتێكی وەك عەرەبستانی سعوودیا و هەروەها دەوڵەتانی كەنداویش بە ئاشكرا دەڵێن ئێمە هاوپەیمانی ئیسرائیلین، ئایا كورد بۆ ناوێرێت ئەمە بڵێت، ئایا ئیسرائیل ئامادە نییە، یان ئێمە دەترسین؟

- سعوودیا باش دەزانێت بێ پشتگیریی ئیسرائیل دەكەوێتە بەر هەڕەشەی گەورەی ئێرانەوە، سعوودیا هێندەی باوەڕی بە ئیسرائیلە هێندە باوەڕی بە ئەمەریكا نییە، هەروەها سعوودیا باوەڕی تەواوی بە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان هەیە، سەبارەت بە ئیسرائیلیش، ئیسرائیل ئامادەیە هەموو هاوپەیمانییەك لەگەڵ كورد بكات، ئەگەر ئێمە ئێستا داوا بكەین ئیسرائیل حازرە. سەرنج بدە ئەو كاتەی داعش هێرشی كردە سەر كوردستان و لە هەولێر نزیك بووەوە، راشكاوانە ئیسرائیل بە سەرۆك ئۆبامای راگەیاند، ئەگەر تۆ بڕیار نەدەیت، ئەوا ئیسرائیل بە فڕۆكە و سوپای خۆی بەرگری لە كوردستان دەكات، بۆیە ئۆباما رایگەیاند كوردستان هێڵی سوورە، من دەڵێم سەرۆك بارزانی هەنگاوی زۆر باشی بۆ دابینكردنی پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ پشتگیریی كوردستان هەڵگرتووە، بەڵام سەرۆك بارزانی هەموو هەوڵەكانی خۆی بۆ ئێمە ئاشكرا ناكات و ئێمە تەواو ئاگادار نین ئەو چ هەنگاوێكی هەڵگرتووە، هەر بۆیە كاتێك ئێسرائیل وەك دەوڵەتێكی گەورە لە ناوچەكە دەڵێت من ئامادەم كوردستان و دەوڵەتی كوردستان بپارێزم، مانای ئەوەیە ئەو ئامادەباشیی خۆی دەربڕیوە. بۆیە وەك بۆچوونی خۆم پێموایە، ئەم هاوپەیمانییە قسەی لەسەر كراوە و ماوەتەوە بكرێت بە نووسین و ئاشكرا بكرێت، من ئومێد دەخوازم ئاشكرا بكرێت. لەبەر ئەوەی دەبێت پێش ئەوەی ئێمە شەڕ بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی بكەین، دەبێت بەرنامە و پلانمان هەبێت چۆن كوردستان بپارێزین، پاراستنی كوردستانیش لە گرێدانی هاوپەیمانی لەگەڵ سعوودیا و ئیسرائیلدایە.

دەبێت پێش هەموو شت بیر لە گرێدانی هاوپەیمانیی سەربازی لەگەڵ سعوودیە و ئیسرائیل بكرێتەوە
* واتە پێتانوایە گرێدانی هاوپەیمانیی سەربازی بۆ پاراستنی كوردستان بخرێتە پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان؟

- دەبێت پێش هەموو شت بیر لە گرێدانی هاوپەیمانیی سەربازی لەگەڵ سعوودیە و ئیسرائیل بكرێتەوە، لەبەر ئەوەی ئێستا ریفراندۆم ئەنجام بدەین، یان دەوڵەت رابگەیەنین دەبێتە شەڕ، بۆیە دەبێت پێش هەموو شت پلانمان پاراستنی كوردستان بێت، كوردستانیش بە هاوپەیمانیی سەربازی دەپارێزرێت.


بان کی موون بە پشتگیریی (ئەمەریكا، رووسیا، بەریتانیا، فەرەنسا و چین) هاتبووە کوردستان
* لەم ماوەیەدا بان كی موون ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆ بووەوە، دیارە بان كی موون كە نوێنەرایەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات، نوێنەرایەتیی دەوڵەتی خاوەن سەروەری دەكات، چۆن سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد؟

- بان كی موون بە فەرمانی دەوڵەتانی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی سەردانی كوردستانی كردووە، ئەندامانی هەمیشەییش بریتین لە (ئەمەریكا، رووسیا، بەریتانیا، فەرەنسا و چین)، ئەو هاتبوو بە پشتگیریی ئەوان، لەبەر ئەوەی هێزە گەورەكان گەیشتوونەنە ئەو قەناعەتەی پرسە گەورەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك گێڕانەوەی سەقامگیریی ئاشتی و دیموكراتی و تێكشكاندنی داعش لە دەستی كورددایە، هاتووە بە ئێمە بڵێت ئەمەریكا و رووسیا و ئیسرائیل هاودەنگن لەسەر دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان، پێشتر بەعیسەكان دەیانگوت: (ما اتفقا الشرق و الغرب علی مسالة إلا المسالة الكوردیة)، بەڵام ئەمڕۆ جیایە هەموو لایەك لە سەر دەوڵەتی كوردستان یەكدەنگن و وەك دەوڵەت سەیری كوردستان دەكەن، نەوەك هەرێمێك لە چوارچێوەی عێراقدا، ئەو هاتبوو بە توركیا و ئێران و سووریا و عێراق بڵێت، ئێمە پشتیوانی بارزانی و دەوڵەتی كوردستانین، ئەردۆگان لە میانەی شەڕی داعش قسەیەكی راستی كرد و گوتی: (باشە حەلەب وێران و كاول بوو، بۆچی رۆژئاوا شارێكی وەك حەلەب ناپارزێزێت، بەڵام كۆبانێ دەپارێزێت؟) لەمەش زیاتر ئۆباما خۆی دەڵێت هەولێر خەتی سوورە، دەبێت لەمانە بە وردی تێبگەین، بۆیە هاتنی بان كی موون بۆ كوردستان واتە دەوڵەتی كوردستان لە نەخشەی داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونی هەیە و، سایكس پیكۆ كۆتایی هاتووە.


* ئەوەی لەم رۆژانە لە بەغدا بە ناوی پێكهێنانی كابینەی تەكنوكراتەوە بەرانبەر كورد كرا، پەراوێزخستنی تەواوی كورد بوو لە حكوومەتی بەغدادا، ئایا ئەمە چۆن دەخوێنیتەوە؟
- ئەوەی بە ناوی حكوومەتی تەكنوكراتەوە كرا، تەنیا پەراوێزخستنی كورد نەبوو، بەڵكو نەمانی كورد بوو لە پرۆسەی سیاسی، نەمانی دەستووری عێراق بوو، هەروەها كۆتاییی عێراقیش بوو، ئەم شەڕە ئێستا لە نێوان كورد و شیعە، یان شیعە و سوننە نییە، بەڵكو شەڕی نێوماڵی شیعە خۆیەتی، شەڕی نێوان شیعە و شیعەیە، هەندێك لەلایەنە شیعەكانی عێراق رازی نابن، عێراق ببێتە كۆلۆنیاڵی ئێران، هەر بۆیە ئێستا ئەمەریكا كە پشتی عەبادی دەگرێت، لەبەر ئەوەیە عەبادی دژی ئێرانە، موقتەدا سەدر شەڕی ئەوە دەكات خۆی ببێتە مەرجەع و جێگەی سیستانی بگرێتەوە. بەڵام ئێران رازی نابێت، بۆیە هیچ جیاوازییەك لە نێوان سەدر و عەبادی و مالیكیدا نییە، هەر دوێنێ بوو پەرلەمانتارێكی تەیاری سەدری بە ڤیان دەخیلی گوت: دەتانكەینە سەبایا و عەبد و دەتانبەین بۆ جەماعەتی سەدر، ئەم قسە (زلة لسان) نییە، بەڵكو گوتنی ئێرانە.


* بەڵام هەتا ئێستایش كورد شاند رەوانەی بەغدا دەكات و چاوی هەر لەسەر بەغدایە؟

- ناردنی شاندی كوردستان بۆ بەغدا لەبەر خاتری چاوی شیعە نییە، بەڵكو پیشاندانی نییەتی پاكی كوردستانە بەرانبەر بە ئەمەریكا، بەوەی كورد دەیەوێت پێوەندی لەگەڵ عێراق هەبێت لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی دەستووری عێراقدا، بەڵام حكوومەتی عێراق دەستوورەكەی نەهێشتووە، ئەوەتا خۆمان دەبینین بەغدا مووچەی حەشدی شەعبی و بەكرێگیراوەكانی لە شنگال دەدات، بەڵام مووچەی پێشمەرگە نادات، بۆیە من پێموانییە هیچ پێوەندییەكمان لەگەڵ عێراق مابێت، بەڵام نابێت بە یەكجارەكیش دەرگای سیاسەت و دیپلۆماتییەت دابخەین.


* ئەگەر باسی ئازادكرنەوەی مووسڵ بكەین لە دەستی داعش، هەندێك دەڵێن دوای ئازادكردنی مووسڵ مەترسی لەسەر كوردستان زیاتر دەبێت، لەو بارەیەوە بۆچوونتان چۆنە؟

مووسڵ ئازاد دەكرێتەوە، ئەمەریكا رێگا نادات ئێران رۆڵی لە ئازادكرنەوەی مووسڵد هەبێت، بەرنامەی ئازادكردنەوەكەی خستووەتە ژێردەستی خۆی، هاوپەیمانی لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە و حەشدی وەتەنی سوننە كراوە، رێگا نادەن حەشدی شەعبی بەشداریی ئازادكردنەوەی مووسڵ بكات، ئەگەر بە خواستی ئێران بێت، ئێران نایەوێت هیچ شارێكی عەرەبی سوننە ئازاد بكرێت بەتایبەتیش مووسڵ، بەڵام مووسڵ ئازاد دەكرێت، دوای ئەوەش دەوڵەتێكی عەرەبی سوننە لە سووریا و عێراق دروست دەبێت و ئەو دەوڵەتەش دۆستی كوردستان دەبێت و هاوپەیمانی سعوودیا و ئیسرائیل دەبێت، لەم حاڵەتەشدا یان دەبێت عێراق ببێتە دەوڵەتێكی كۆنفیدڕاڵی و هەر سێ دەوڵەتی كورد و شیعە و سوننە كۆ بكاتەوە، یان دابەش دەبێت و دەبێتە سێ دەوڵەتی سەربەخۆ.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085