نوێترین

recent

16/03/2016

دیداری سلێمانی یوسف محەمەدو نێچیرڤان بارزانی كۆدەكاتەوە


دیداری سلێمانی، كە ساڵانە لەلایەن زانكۆی ئەمریكی لەسلێمانی رێكدەخرێت، یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان‌و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەهۆڵێكدا كۆدەكاتەوە.

زانكۆی ئەمریكی لەشاری سلێمانی ساڵانە دیدارێك بەڕێوەدەبات، بۆ ئەمساڵیش ئەو دیدارە، ئەمڕۆ چوار شەممەوە دەستپێدەكات‌، كە هەریەكە لەیوسف محەمەد‌و نێچیرڤان بارزانی بەشداری لەدیدارەكەدا دەكەن.

یوسف محەمەد لەسەر پشكی گۆڕان پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی وەرگرتووەو نێچیرڤان بارزانیش لەسەر پشكی پارتی، كە تائێستا دیارنییە لەدیدارەكەدا ئەو دوو بەرپرسەی هەرێم پانیڵیان دەبێت، یان نا.

بەشداریكردنی سەرۆكی پەرلەمان‌و سەرۆكی حكومەت لەدیدارەكەدا لەكاتێكدایە، كە لەمانگی 10 رابردووەوە بەهۆی كێشەكانی نێوان پارتی دیموكرات‌و بزووتنەوەی گۆڕان لەرێگەی هێزەوە رێگە لەیوسف محەمەد دەگیرێت بچێتەوە هەولێر.

بژار بۆسكانی بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەیوەندییەكانی زانكۆی ئەمریكی لەسلێمانی بەشارپرێسی وت: بۆ دیدارەكەی ئەمساڵ، لەسەر ئاستی جیهان عامرو موسا سەرۆكی پێشووی جامیعەی عەرەبی‌و برێت مەكگۆڕك نوێنەری باراك ئۆباما لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەشداری‌و چەند بەرپرسێكی تریش دیدارەكە دەكەن.

بژار بۆسكانی وتیشی: هەروەها لەسەر ئاستی عێراقیش ئیبراهیم جەعفەری‌ وەزیری دەرەوەو چەند بەرپرسێكی تری عێراقی بەشداری دەكەن، ئەمە جگە لەوەی لەهەرێمی كوردستانیش زۆربەی بەرپرسانی هەرێم بانگهێشتكراون‌و بڕیارە بەشداری دیدارەكە بكەن.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085