نوێترین

recent

12/12/2015

عەبادی موچەی فەرمانبەران و بودجەی پێشمەرگە دەنێرێت؟


سەرۆک وەزیرانی عیراق داوادەکات، ھاوڵاتیان و حزبەکانی ھەرێم لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان بپرسن داھاتی ھەناردەی نەوت چی لێدێت و بۆ کوێ دەڕوات، پەرلەمانتارێکی کوردیش لەلیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، وەڵامی دوو پرسیار لەبارەی موچەی فەرمانبەران و بودجەی پێشمەرگە ئاشکرا دەکات.

ئەمڕۆ ١٢ی کانوونی یەکەم، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران، تایبەت بەپرۆژەیاسای بوجەی ساڵی ٢٠١٦ کۆبونەوە.


لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەکەوە، مەسعود حەیدەر ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی:" لەبڕی ھاوکارانم لەفراکسیۆنە کوردستانییەکان لەو کۆبونەوەیەدا، باسی کێشەی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و بودجەی ھێزی پیشمەرگەم کردو دوو پرسیاریشم ئاراستەی حەیدەر عەبادی کردووە.


ئەو دوو پرسیارەی کە مەسعود حەیدەر ئاراستەی عەبادی کردووە، یەکەم: بەغدا دەتوانێت لەبەرامبەر ڕادەستکردنی ٥٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت، موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم کە دەکاتە ٨٦٠ ملیار دینار ڕەوانە بکات؟
دووەم: بۆچی تاوەکو مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ موچەی پێشمەرگە ڕەوانەکراوە، بۆچی بودجەی پێشمەرگە پەیوەست کراوە بەھەناردەی نەوتەوە.


مەسعود حەیدەر ئاماژەی بەوەڵامی سەرۆک وەزیرانی عیراق کردووەو نوسیویەتی:" حەیدەر عەبادی ڕایگەیاند کە نیگەرانە لەدواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بۆ ماوەی سێ مانگ، بەڵام دەزانێت کە ڕۆژانە چەند نەوت ھەناردە دەکرێت و چەند پارەش دێتە ھەرێمەوە، بۆیە داوایکرد کە خەڵکی کوردستان بپرسن ئەو پارانە چی لێدێت و بۆ کوێ دەڕوات".

بەوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، لەبارەی پرسیاری دووەمیشەوە، عەبادی ئاشکرایکردووە کە حکومەتی عیراق ناتوانێت لەپارەی ناوچەکانی تر ببرێت و بیدات بە ھەرێم، لەکاتێکدا حکومەتی ھەرێم خۆی نەوت دەفرۆشێت و ھیچ بڕە نەوتێکیش ڕادەستی بەغدا ناکات، لەبارەی بودجەی پێشمەرگەوە عەبادی جەختیکردۆتەوە کە بەشێکە لەسیستمی بەرگری عیراق، بودجەکەشی پەیوەستە بەھەناردەی نەوتەوە، بەڵام کێشەکان زۆر ئاڵۆزن و دەبێت ھاوڵاتیان و حزبەکان لەھەرێم چارەسەری ئەو کێشانە بکەن و ڕێگە نەدەن لایەنێک قۆرخی جومگەکانی نەوت و دارایی بکات و پەرلەمانی کوردستانیش ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.

مەسعود حەیدەر دەشڵێت:"ئەگەر بەم شێوەی ئێستا بێت، ساڵی ٢٠١٦ بەھەمانشێوەی ٢٠١٥ دەبێت و بەھیچ جۆرێک بودجەو موچەی ھەرێم ی کوردستان نانێردرێت.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085