

لەئێستادا باس لەوەدەکرێت، چەند کەسێکی ناو یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بەبێئەوەی ناوی خۆیان ئاشکرابکەن، لەژێر ناوی (ئیسڵاح)و لەڕێگەی بەیاننامەیەکەوە کە لەچەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن بڵاویانکردۆتەوە، جیابوونەوەی خۆیان لەو حزبە ڕاگەیاندووە.
لەبەرامبەریشدا فەرھاد مەلا ساڵح ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەتەنزێکەوە وتی:"ئەندامانی جیابووەوەی یەکگرتووی ئیسلامی بەناو ئیسڵاح، لەمەریخن و دەبێت لەڕێگەی ئاژانسی ناساوە پەیوەندیان پێوە بکرێت".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی ڕایگەیاند، ئەوانەی یەکگرتوو ناناسن، کۆمەڵێک قسەو بوختان بۆ یەکگرتوو دروستدەکەن، وتیشی:"ئێمە حزبێکی سیاسین و ئەو تۆمەت دروستکردنانەش بەشتێکی ئاسایی وەردەگرین".
فەرھاد مەلا ساڵح ئاماژەی بەوەشدا، حزبەکەی لەناوخۆدا بەمانای وشە یەکگرتوەو ھیچ کەس و گروپێکیشی لێ جیانەبۆتەوە، سەرجەم ئەو بڵاوکراوانەشی بەناوی ئیسڵاح بڵاودەکرێنەوە، ڕەتیکردەوەو وتی:"سەرجەمیان دروستکراون".