نوێترین

recent

07/12/2015

پارتی ھێرشدەکاتەسەر د. یوسف محەمەد.. گۆڕان چەند نھێنیەک ئاشکرادەکات

پەرلەمانتارێکی پارتی ڕەتیدەکاتەوە، حزبەکەی ھیچ وەفدێکی بۆ ڕێگریکردن لەکارەکانی لەسەرۆکی پەرلەمان لەئەوروپا ڕەوانەی برۆکسل کردبێت، ڕاشیدەگەیەنێت، د.یوسف محەمەد وەک ھەڵسوڕاوێکی بێدەسەڵاتی گۆڕان و ھاوڵاتیەکی ئاسایی سەردانی ئەوروپای کردووەو دەشڵێت:"بەدوای کورسی و پۆستدا دەگەڕێت".
لەوبارەیەوە  مونیرە محەمەد پەرلەمانتاری گۆڕان ئەوەی ئاشکراکرد، پارتی چەندین وەفدی ناردوە بۆ یەکێتی ئەوروپا، تاوەکو ھەوڵبدات پێشوازی لە د. یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان نەکرێت و ڕێگریشی لێبکرێت، بۆئەوەی وتار پێشکەشنەکات.
وەکو مونیرەی پەرلەمانتاری گۆڕان وتی:"سەرجەم ھەوڵەکانی ئەو حزبە شکستیانھێناوە لەو ڕێگریانە لەسەرۆکی پەرلەمانی کوردستان".
بەڵام پارتی ڕەتیدەکاتەوە ھیچ وەفدێکیان ڕەوانەی ئەوروپا کردبێت بۆ ڕێگریکردن لەسەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەوبارەیەشەوە ڤەمان فەیسەڵ ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان  ڕەتیکردەوە، حزبەکەی ھیچ وەفدێکی ڕەوانەی یەکێتی ئەوروپا کردبێت، بۆئەوەی  ڕێگە لەپێشوازیکردن لە د. یوسف محەمەد بگیرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئەوەشی ڕونکردەوە، "ئەوکارانە لەئەتەکێتی پارتی ناوەشێتەوە، بەڵکو تەنھا قسەی گۆڕانن بۆئەوەی خۆیان سەرقاڵ بکەن".
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، حزبەکەی ھیچ پێویستی بەوەنییە ڕێگریی لەچوونی ھاوڵاتیەکی ئاسایی و ھەڵسوڕاوێکی بێدەسەڵاتی گۆڕان بۆ یەکێتی ئەوروپا بگرێت و کێشەی بۆ دروستبکات.
دەشڵێت:"د. یوسف محەمەد بەدوای کورسی و دەسەڵاتدا دەگەڕێت، جگە لەوەش بۆ ھیچ ئامانجێکی تر سەردانی ئەوروپای نەکردوە".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ھێرشی توندیکردەسەر سەرۆکی پەرلەمان، لەو ڕووەشەوە وتی:"د. یوسف محەمەد شکۆیەکی ئەووتۆی نییە کە ئەوروپا خۆی پێوە سەرقاڵ بکات، ھیچ پۆستێکیشی نییە تا لەڕێگەی پۆستەکەیەوە داوایەکی ھەبێت".

ڤەمان فەیسەڵ پێیوایە، لەبەرئەوەی ھیچ وەفدێکی پەرلەمان یاوەری د. یوسف نەبوون، بۆیە سەردانەکەی فەرمی نییەو وەک کەسێکی ئاسایی سەردانەکەی ئەنجامداوە.
ھاوکات، ئەوەش ڕەتدەکاتەوە کە د.یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بێت، ئەو وتی:"ھیچ سیفەتێکی سەرۆکی پەرلەمانی نەماوە، نەیشیتوانیوە لەوڵاتانی ئەوروپا ھیچ بکات و ھیچ شتێکیشی پێناکرێت".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085