نوێترین

recent

07/12/2015

لیژنەی پیشمەرگە رەتی دەكاتەوە سیروان بارزانی فەرماندەی پێشمەرگە بێت

میدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، سیروان بارزانی وەک فەرماندەیەکی پێشمەرگە ناودەبەن، ئەندامێکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگەش لەپەرلەمانی کوردستان، رایدەگەیەنێت: ناوبراو فەرماندەی پێشمەرگە نییەو تەنھا بەھۆی دۆخەکەوە دەرکەوتووە.
سیروان بارزانی خاوەنی کۆمپانیای کۆرەک تلیکۆم و برازای مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەدوای دەرکەوتنی چەکدارانی داعش و ھێرشکردنە سەر ھەرێمی کوردستان، ئەمیش وەک فەرماندەیەکی پلەداری سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەرکەوت و سەرپەرشتیکردنی میحوەرێکی ھێزی پێشمەرگەی پێسپێردرا.
ھەرچەندە تائێستا وەزارەتی پێشمەرگە ھۆکاری پێدانی ئەو پلە سەربازییەی بە سیروان بارزانی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئەندامێکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگەی پەرلەمان دەڵێت: ئەو فەرماندەیە ھەرگیز پێشمەرگایەتی نەکردووە.
مەحمود حاجی عومەر ئەندامی لیژنەی کاروباری پێشمەرگەو شەھیدان و قوربانیانی جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی، لە پەرلەمانی کوردستان، ئاشكرایدەكات: تائێستا لەدوورو نزیک نەمبیستووە سیروان بارزانی فەرماندەی پێشمەرگە بووبێت، یان لەپەیمانگاو ئەکادیمیایەکی سەربازیدا پلەی سەبازی تەواو کردبێت، یاخود لەڕابردوودا پێشمەرگەی کۆن بووبێت.
وتیشی:" لەھەر ساتەوەختێکدا کە شەڕێک لێرەو لەوێ روودەدات، کۆمەڵێک خەڵک دەردەکەون، سیروان بارزانیش لەساتەوەختی شەڕی داعشدا دەرکەوت".
سیروان بارزانی کە برازای مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بە فەرمانی ئەو، کرایە بەرپرسی میحوەری دیبەگەو لەکاتی ھێرشی داعش بۆسەر ئەو ناحیەیەو داگیرکردنی، سیروان بارزانی ھەڵات و لە لێدوانێکیشدا بۆ کەناڵێکی سەر بە حزبەکەی وتی:" لە شەڕدا ھەڵاتنیش دەبێت".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085